Smiley face
Smiley face
Smiley face

که‌رکوک، به‌هۆى پڕۆژه‌یه‌کەوە ٤١ ملیارد دینار له‌ شۆفێران وه‌رگیراوه‌ 

2017-09-19 14:17:57



ڕۆژنیوز – رێباز سه‌باح

 

شۆفێرانی شاری کەرکوک ناچاردەکرێن، کە له‌زگه‌ى کۆمپانیایه‌کى که‌رتى تایبه‌ت به‌ناوى هه‌ڵۆى که‌رکوک بده‌ن له‌ جامى ئوتومبێله‌که‌یان بۆ دۆزینه‌وه‌ى ئوتومبێله‌کانیان له‌کاتى دزیندا، به‌مه‌ش له‌ نۆ مانگدا ٤١ ملیارد دینارى له‌ هاوڵاتیان وه‌رگرتووه‌، هاوڵاتیانیش نیگه‌رانن له‌و بڕیاره‌ و ده‌ڵێن: چه‌ندین ئوتومبێل دزاره‌وه‌ کۆمپانیاکه‌ نه‌یتوانیوه‌ بیاندۆزێته‌وه‌.

 

سیسته‌مى هه‌ڵۆى که‌رکوک ساڵێک زیاتره‌ لەلایەن کۆمپانیای هەڵۆی کەرکوک-ەوە له‌ شارى که‌رکوک جێبەجێ دەکرێت، ئه‌م سیسته‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌ کاتى دزینی ئۆتۆمبێل شوێنى ئوتومبێله‌که‌ دیارى بکات، بۆ وه‌رگرتنى ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ بڕى ٢٠ هه‌زار له‌ هاوڵاتیان  وه‌رده‌گیرێت، وه‌ ساڵانه‌ له‌برى تازه‌کردنه‌وه‌ى خزمه‌تگوزاریه‌که‌ ١٨ هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن، به‌ بڕیارى پارێزگاى که‌رکوک به‌شدار بوون له‌م خزمه‌تگوزاریه‌دا بۆ هاوڵاتیان به‌ زۆره‌ ملێیه‌.

 

 

سەبارەت بەو پرۆژەیە، ئیبراهیم عه‌بدولستار، هاوڵاتییەکی شاری که‌رکوک به‌ ڕۆژنیوزی وت:"سیستمەکە به‌باش نازانم، چونکه‌ هیچ سودێکى بۆ خه‌ڵکى شاره‌که‌ نه‌بووه‌ جگه‌ له‌ ڕووتانه‌وه‌ى گیرفانى خه‌ڵکى و پاره‌ خواردن". 

 

ئیبراهیم عه‌بدولستار

 

ئیبراهیم وتیشى:"گوایه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکه‌ و له‌کاتى دزینی ئۆتۆمبێله‌کانمان شوێنه‌که‌یمان بۆ دیارى ده‌کات، به‌ڵام هه‌ر له‌ گەڕەکەکەی من له‌م مانگه‌دا چه‌ند ئۆتۆمبێلێک دزراوه‌ و هه‌ڵۆى که‌رکوکیش نه‌یتوانیوه‌ بیدۆزێته‌وه‌". 

 

ئیبراهیم یه‌شار، گه‌نجێکى ترى شاره‌که‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌مان پرس بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتى:"سیستمی هه‌ڵۆى که‌رکوک له‌ ته‌واوى پارێزگاکانى عێراق هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌ له‌ ئێستادا ته‌نها له‌ که‌رکوک کارى پێ ده‌کرێـت، ئامانج له‌ هه‌ڵنه‌وه‌شانه‌وه‌شى ته‌نها کۆکردنه‌وه‌ى پاره‌یه‌ و هیچى تر". 

 

ئیبراهیم یه‌شار

 

ناوبراو، وتیشى:"ئه‌و که‌سه‌ى ئۆتۆمبێلێک ده‌دزێت ته‌نها ئه‌و له‌زگه‌ بچوکه‌ له‌ جامى ئۆتۆمبێله‌که ده‌کاته‌وه،‌ که‌ وه‌ک سیمکارتێک وایه‌ ئیتر فڕێى بداتە‌ هه‌ر شوێنێک کۆمپانیاکه‌ شوێنى له‌زگه‌که‌ ده‌دۆزێته‌وه‌، بۆیه‌ داوا له‌ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ده‌که‌م ئه‌م پرۆژه‌یه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌". 

 

عه‌بدوڵا محەمەد،  هاوڵاتیه‌کى ترى شارى که‌رکوکه‌، تیشکى خسته‌ سه‌ر لایه‌نێکى ترى خراپى پڕۆژه‌که‌ و به‌ ڕۆژنیوزى وت:"ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ى ده‌دزرێت له‌ سنوورى که‌رکوک ده‌رچێت ئیتر ئه‌و له‌زگه‌یه‌ى کار ناکات، چونکه‌ وه‌ک سیمکارتێک وایه‌ ناخوێندرێته‌وه‌".

 

عه‌بدوڵا محەمەد

 

عه‌بدوڵا، پێى وابوو، که‌ پێویسته‌ خه‌ڵک پابه‌ند نه‌بێت به‌ نوێکردنه‌وه‌ى ئه‌و له‌زگه‌یه‌و خۆپیشاندان بکه‌ن و ناڕه‌زایه‌تى ده‌ربڕن.

 

له‌ هه‌فته‌ى ڕابردوودا شوان داودى، په‌رله‌مانتارى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ فراکسیونى سه‌وز داوایه‌کى پێشکه‌شى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک کرد به‌مه‌به‌ستى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى پرۆژه‌ى سیسته‌مى هه‌ڵۆى که‌رکوک، له‌ لێکۆلینه‌وه‌یه‌کى وردیشدا بۆى ده‌رکه‌وتووه‌ له‌ ماوه‌ى نۆ مانگى رابردوودا ٤١ ملیارد دینار له‌ هاوڵاتییان وه‌رگیراوه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و کۆمپانیایه‌وه‌ بۆ نوێکردنه‌وه‌ى ئه‌و له‌زگه‌یه‌ى که‌ ده‌یدات به‌ شۆفێران. 

 

سیسته‌مى هه‌ڵۆى که‌رکوک، سالێک زیاتره‌ له‌ شارى که‌رکوک کارى پێده‌کرێـت و هه‌ر ئۆتۆمبێلێک ئه‌و له‌زگه‌یه‌ى پێوه‌ نه‌بێت له‌ بازگه‌کانى شاره‌که‌ نایه‌ڵن بێته‌ ناو که‌رکوکه‌وه‌، هه‌ر له‌ بازگه‌که‌ دوای وەرگرتنی پارە بۆى دروست ده‌که‌ن.

 

 له‌ زۆربه‌ى وڵاتان کۆمپانیاى پاراستنى ئۆتۆمبێل هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئوتومبێله‌که‌ دزار و ئه‌م کۆمپانیایه‌ نه‌یتوانى بیدۆزێته‌وه‌ پێویسته‌ پاره‌ى ئوتومبێله‌که‌ بداته‌ خاوه‌نى ئوتومبێله‌که‌، به‌ڵام ئه‌م کۆمپانیایه‌ى له‌شارى که‌رکوک کار ده‌کات هیچ به‌رپرسیاریه‌تیه‌ک له‌ ئه‌ستۆ ناگرێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى پاره‌ى ئوتومبێله‌که‌ بۆ خاوه‌نه‌که‌ى له‌ کاتێدا ئه‌گه‌ر نه‌یتوانى ئوتومبێله‌ دزاروه‌که‌ بدۆزێته‌وه‌.

 

ش.ف


 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin