Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنانی کامپی ئاشتی هۆشیارییان لەسەر توندوتیژییەکان نییە

2017-09-17 09:56:16



ڕۆژنیوز - عەربەت

 

ژنانى ئاواره‌ى نێو کامپی ئاشتی، دەڵێن، کە توندوتیژییان بەرامبەر ناکرێت و تەنیا لە خراپی دۆخی ناو کامپەکە و نەبوونی کار و خواردن ناڕازین، به‌رپرسى حاڵه‌ته‌کانى توندوتیژیى ڕێکخراوى cdo-ش دەڵێت: توندوتیژیى له‌ ئاستێکى به‌رزدایه‌ و ئەوان بە توندوتیژیی نازانن.

 

له‌ میانى گه‌ڕانى تیمى ئاژانسى ڕۆژنیوز له‌ نێوکه‌مپى ئاشتی شارەدێی عەربەت-دا به‌زه‌حمه‌ت ژنان ئاماده‌بوون قسه‌بکه‌ن له‌ باره‌ى ڕه‌وشى خۆیان و گرفته‌کانیان، تا دوای ماندووبوونێکی زۆر هەندێک لەو ژنانە لێدوانیان بۆ داین و بە شێوەیەکی گشتی قسەیان لەبارەی ژیانی ناو کامپ کرد.

 

به‌سێ‌ موراد، ژنێکى ئێزیدییه‌ و سەبارەت بە هەبوونی توندوتیژیی دژ بە ژنان لەناو کامپەکەدا، وتی: پیاوانى ئێمه‌ توندوتیژیمان له‌به‌رامبه‌ر ناکه‌ن هه‌موو گرفتارى ئه‌و بارودۆخه‌ خراپه‌ن که‌ تێیداده‌ژین و بیریان ته‌نها لاى ئه‌وه‌یه‌ کارێکیان ده‌ست که‌وێت و ماڵ و منداڵى پێ بژێنن.

 

به‌سێ‌ موراد


بەسێ، تیشکی خستە سەر سەختییەکانی ژیانی ناو کامپ و وتی: کێشه‌مان زۆره‌، له‌ناو ئه‌م پیسییه‌دا پاکه‌ره‌وه‌ى تایت و سابوون-مان نییه‌ و به‌شناکات، خواردنیان لێبڕیوین و ده‌ڵێن نایه‌ت، من هاوسەرم نییه‌ کار بکات و ژیانم زۆر سه‌خته، ده‌مانه‌وێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ شوێنى خۆمان، به‌ڵام هێشتا شەنگال ئاوه‌دان نه‌کراوه‌ته‌وه‌.

 

ئه‌دیبه‌ خه‌ڵه‌ف، ژنێکی دیکەی کامپەکەیە و وتی: هاوسەرەکەم پاسه‌وانى سنوورە، پێنج کوڕم هه‌یه‌ بێ‌ کارن پاره‌ و خواردن زۆر زه‌حمه‌ت دەست دەکەوێت،‌ نه‌خۆشیم هه‌یه‌ و ناتوانم وه‌ک پێویست ده‌رمانه‌کانم بکڕم.

 

ئه‌دیبه‌ خه‌ڵه‌ف

 

ئه‌دیبه‌، وتیشی: لە شەنگال نه‌ ماڵ نه‌ خانوو هیچ شتێکمان نەماوە، ئه‌گه‌ر هاوکاریمان بکه‌ن و شوێنه‌کانمان ئاوه‌دان بکه‌نه‌وه‌ ئێمه‌ش ده‌چینه‌وه‌ سه‌ر ژیانى ئاساییى خۆمان.

 

هەروەها، عه‌زیزا جه‌لال، ژنێکى گه‌نجى ئێزیدی نێو که‌مپى ئاشتییه‌ و له‌گه‌ڵ منداڵه‌ بچوکه‌که‌یدا له‌ نێو تۆزى به‌رده‌م خێمه‌که‌یدا به‌ ڕوخسارێکى خەمگین و گه‌روویه‌کى پڕه‌وه‌ ئازاره‌کانى خۆیانى باسکرد و وتی: ئێمه‌ له‌ حاڵێکى خراپداین زۆر به‌ زه‌حمه‌ت ده‌ژین، لێره‌ ته‌نها پیاوه‌کان کار ده‌که‌ن و ئه‌وانیش ناتوانن بژێویى ژیان دابین بکه‌ن، هیچ کارێک بۆ ژنان هیچ نییە ئه‌گه‌ر نا ڕێگریمان لێناکرێت له‌ کارکردن، ئێمه‌ش وه‌ک پیاو ده‌توانین کاربکه‌ین.

 

عه‌زیزا جه‌لال

 

عه‌زیزا، به‌ تاسه‌وه‌ ئاواتى خواست بگه‌ڕێته‌وه‌ شه‌نگال ، وتى:"حەزدەکەم بگەڕێینەوە بۆ شوێنی خۆمان، بەڵام تا ئێستاش ماڵەکانمان لە بۆمب و تەقەمەنی پاکنەکراوەتەوە".

 

حه‌سنا حه‌یده‌ر، ژنێکى کوردى شه‌به‌که‌ و ئاماژەی بە خراپیی دۆخی دەرونیی ژنانی ناو کامپ کرد و وتی: ژنان لە دۆخیکی خراپیی دەرونییدا دەژین، چونکە بەردەوام لەناو کامپەکەدا دەمێنینەوە و تەنیا لەناو کامپدا پەیوەندییمان لەگەڵ یەکتر دروستکردووە.

 

حه‌سنا حه‌یده‌ر

 

فاتمه‌ حه‌مید، ژنێکى عه‌ره‌ب-ی خەڵکی پارێزگای سەلاحەدینە و سەبارەت بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ناوکامپەکە بەردەوامیی بە قسەکانی حەسنا دا و وتی: پەیوەندیمان باشە، شه‌به‌ک و ئێزیدییه‌کان زۆر باشن له‌گه‌ڵمان، هیچ جیاوازییه‌کمان نییه‌ و ئه‌وانیش هاوڵاتی خۆمانن.

 

فاتمه‌ حه‌مید

 

فاتمه،‌ وتى: ژیانمان له‌سه‌ر ئه‌و هاوکارییانه‌یه‌، که‌ یونسێف بۆی ده‌هێناین، ئێستاش ئه‌و هاوکارییه‌ و خواردنیان بڕیوه‌ و له‌ برى ئه‌وه‌ پاره‌مان ده‌ده‌نێت، پاره‌که‌ش به‌شمان ناکات، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ ماڵه‌کانمان، پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ هاوکاری بکرێین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شوێنی خۆمان و بچینه‌وه‌ سه‌ر ماڵه‌کانمان.

 

هەر سەبارەت بە کێشەکانی ژنان، ئاشنا ڕه‌ئوف، به‌رپرسى حاڵه‌ته‌کانى توندوتیژى ڕێکخراوى (cdo) له‌ کامپه‌که‌ به‌ ڕۆژنیوزى ڕاگه‌یاند: ماوه‌ى سێ‌ ساڵه‌ لە کا‌مپه‌دا و به‌رده‌وام به‌دواداچوون بۆ گرفت و کێشه‌کانى ژنان ده‌که‌ین و هۆشیاریى بڵاوده‌که‌ینه‌وه‌، له‌ هه‌مانکاتدا به‌پێى داواکاریى ژنانى ئه‌و کامپانه‌ خولى پیشه‌ جۆراوجۆره‌کانیان بۆده‌که‌ینه‌وه‌.

 

ئاشنا، وتیشى: له‌ لاى ئێمه‌ ئه‌وحاڵه‌تانه‌ى به‌پێى ستانداردى جیهانى ده‌چنه‌ بوارى توندوتیژیى له‌ ئاستێکى به‌رزدا له‌ نێو ئه‌وکه‌مپانه‌ تۆمارکراون، به‌ڵام زۆرجار به‌هۆى خراپى گوزه‌ران و ئه‌ودۆخه‌ى ژنانى تێکه‌وتووه‌ هه‌روه‌ها جیاوازیى کلتورو داب و نه‌ریتى ئه‌وپێکهاتانه‌ى له‌وێدان، خۆیان ئه‌م حاڵه‌تانه‌ به‌ توندوتیژیى نازانن و بۆیه‌ به‌سه‌ریان تێپه‌ڕده‌بێت و دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.

 

جێگاى ئاماژه‌یه‌، که‌مپى ئاشتى یه‌کێکه‌ له‌وکه‌مپانه‌ى زیاتر له‌ ٨٠٠ خێزانی ئاواره‌ى تێدایه‌، که‌ له‌ کوردانى ئێزیدیى و شه‌به‌ک، عه‌ره‌ب و تورکمان پێکهاتوون و و ده‌که‌وێته‌ شارەدێی عه‌ربه‌تى سه‌ربه‌ پارێزگاى سلێمانى.

 

 

ش.ف


 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin