Smiley face
Smiley face
Smiley face

پژاک: کێشەی کۆڵبەر و سنوور پرسێکی مێژوویی و سیاسییە

2017-09-17 09:23:48



ڕۆژنیوز - ئاوات هاوار

 

ئەندامێکی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، سەبارەت بە ڕیشەکانی کێشەی کۆڵبەر لە ڕووی مێژوویی و سیاسی و ئابورییەوە دەدوێت و سیاسەتی خەڵکی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و پەیوەندیی ئەو سیاسەتە بە سیاسەتی ناوەندیی ئێڕانەوە دەنرخێنێت.

 

باران بێریتان، ئەندامی مەجلیسی پژاک، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنیوز-دا باس لە کەمتەرخەمی و لاوازبوونی چەپی ئێرانی دەکات و هاودەنگیی خەڵک و حزبەکانیش بەیەکەوە وەک مەرجێکی گرنگ بۆ بەردەوامبوونی ناڕەزاییەکان لە ڕۆژهەڵات لە قەڵەم دەدات، هەروەها وەڵامی چەندین پرسیاری دیکە دەداتەوە.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

بۆچی کوشتاری کۆڵبەرەکان تەنیا لە سنوورەکانی کوردستان ڕوودەدات، لەکاتێکدا کە لە زۆربەی ناوچە سنوورییەکانی ئێران گواستنەوەی بار بە قاچاخ هەیە؟

 

"بۆیە پرسەکە تەنیا پەویوەندی بە سنوورەکان و کۆڵبەرەکانەوە نییە"

 

باران بێریتان: لە مێژووی ئێراندا، زاگرۆس و بەتایبەت ئەو ناوچانەی زاگرۆس کە گەلی کورد تێیدا نیشتەجێن شوێنی ئاوەدانی بووە، بنەمای مێژووی ئێران لەو ناوچە جوگرافیاییەوە سەرچاوەی گرتووە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو ناوچەیە بەردەوام شوێنی سەرهەڵدان و دەربڕینی ناڕەزایی بووە بەرامبەر بە هەموو حکومەتەکانی ٢٥٠٠ ساڵەی پێشووی ئێران، بۆیە ئەو ناوچەیە پۆتەنسییەلی زۆر گەورەی هەیە بۆ گۆڕانکاری و ئێرانیش هەمیشە زاگرۆسی بە مەترسی بۆ سەر خۆی بینیوە، بەردەوام سیاسەتی سەرکوتی بەرامبەر بە گەلانی ئەو ناوچەیە گرتووەتە بەر، ئێستاش هەر بەم شێوەیەیە، بە کورتییەکەی، زاگرۆس ناوچەیەکە کە ئێڕان بەنیازە لەڕێگایەوە دەربازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێت، وەکچۆن لە داستانە فارسییەکاندا دەوترێت، زاگرۆس چاوی ئیسفەندیار، یان وەکچۆن لە داستانە یۆنانییەکاندا هاتووە 'زاگرۆس پاژنەی ئاشتییە بۆ ئێران'، بۆیە پرسەکە تەنیا پەویوەندی بە سنوورەکان و کۆڵبەرەکانەوە نییە، بەڵکو پرسێکی مێژووییە.

 

توندوتیژی و کوشتاری کۆڵبەرەکان وەک سیاسەتێکی ئێران دەبینن بۆ ڕێگریکردنی پێشوەختی سەرهەڵدانی گەلی کورد؟

 

"ئێران لە ئێستادا بە شێوەیەکی ناعەقڵانی هەڵسوکەوت لەگەڵ کوردەکان دەکات"


باران بێریتان: سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زاگرۆسدا وا نانرخێنرێت، کە بڵێین هێز یان هێزگەلێک ڕاپەرن و بە ستراتژییەکی تایبەتەوە بتوانن هەبوونی ئێران بخەنە مەترسییەوە، سیاسەتێک کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچووە هەرگیز جیا و دابڕاو نەبووە لە سیاسەت لە ناوەندی ئێران، لە هەندێک بەشی ئێران و لە ناویاندا بەتایبەتی کوردستان، ئەویش بەهۆی تایبەتمەندییەکانی کە چیای دەکاتەوە لە شوێنەکانی دیکەی ئێران، ئەو دەوڵەتەی هەر چوار ساڵ جارێک دەگۆڕدرێت حوکم ناکات، ئەوەی لە کوردستان حکومەت دەکات بنەمای سیستمی سیاسییە لە ئێران، سوپای پاسداران و بەیتی ڕەهبەری و ناوەندە هەواڵگرییەکان بەیەکەوە کۆبوونەتەوە و سیاسەت لە کوردستان کۆنتڕۆڵ دەکەن، بۆیە ناتوانین بڵێین کە ئەو شتانەی لە کوردستان ڕوودەدەن لە ناوەندی ئێراندا ڕاناگەیەندرێت.

 

وتیشی: بنەمای سیستمی دەسەڵاتداری ئێران بەردەوام لە سەر دامەزراندنی سیستمێکی بەهێزی ناوەندی هەبوونی بووە، واتە مرۆڤی ئێرانی و یان سیاسەتمەداری ئێرانی بەمەبەستی دامەزراندنی سیستمی بەهێزی ناوەندی بە پێویستیان زانیوە کە دەوروبەر و پەراوێزەکان سەرکوت بکەن، چ لە سیستمی کۆماری ئیسلامی و چ لە سیستمی پێشوویدا بەردەوام هێرش کراوەتە سەر گەلانی دیکە و بەتایبەتی گەلانی زاگرۆس، ئێستاش فاشیستی ئێرانی، ناسیۆنالیستی ئێرانی، تەنانەت ئەوانەی خۆیان بە لیبرال پێناسە دەکەن، لە بارەی بەهێزبوونی دەسەڵاتی ناوەندیدا هاوڕان، بۆ ئەوەش پێویستیان بە دوژمن هەیە، جا چ دوژمنی ناوخۆ بێت یان دەرەکی، ئێران لە ئێستادا بە شێوەیەکی ناعەقڵانی هەڵسوکەوت لەگەڵ کوردەکان دەکات.

 

بەبۆچوونی ئێوە تەنیا هۆکاری هەبوونی کۆڵبەر لە کوردستان ئابورییە؟

 

" ئابوری ئێران تا ڕادەیەک بەرەو ئابورییەکی نیۆلیبراڵ بایداوە"

 

باران بێریتان: ئابوریش یەکێکە لە هۆکارەکان، بەڵام بەشێکی زۆر کەمی، چالاکوانانی مەدەنی، ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ناوخۆ، دەوڵەت و ژمارەیەک لەو لایەنە سیاسییانە کە خۆیان بە دیموکرات ناوزەددەکەن پێیان وایە، کە تەنیا دۆخی ئابورییە کە پیشەی کۆڵبەری و کەسی کۆڵبەری لە کوردستان دروست کردووە، ئەگەر بەم شێوەیە بابەتەکە بنرخێنین وەکچۆن فارسەکان دەڵێن بە شێوەیەکی سەتحی (لاواز) لە مەسەلەکە تێگەیشتووین، بە بۆچوونی من هۆکاری سیاسی و کلتوری و مێژووییش لە مەسەلەیدا کاریگەرن، پرسی کۆڵبەری دەمێکەیە لە ئەدەبیاتی سیاسی ئێڕان و چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێراندا هاتووەتە ئاراوە، هەمیشە لە کوردستان کۆڵبەر هەبووە، لەو ڕۆژەوەی سنوور دانرا لە نێوان پارچەکانی کوردستاندا کۆڵبەری درووستبووە، هەمیشە هاتوچۆ هەبوو لە سەر ئەو سنوورە دەستکردانە، ئەگەرچی نەشتوانین ناوی کۆڵبەریان لێ بنێین، بەڵام لەم دواییانەدا بەهۆی دۆخی نالەباری ئابوری و ئەو بایکۆت و ئابلۆقانەی لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا دانراوەتە سەر ئێران بوونە هۆی ئەوە کە دەرهاویشتێکی وەک کۆڵبەری دروستبێت.

 

وتیشی: ئابوری ئێران تا ڕادەیەک بەرەو ئابورییەکی نیۆلیبراڵ بایداوەو کەرتی تایبەت گرنگی زیاتری پێدرا لە کەرتی گشتی، هەرەوزییەکان لە ناوچوون و ئەمانە بوونە هۆی ئەوە کە دۆخی خەڵکی کوردستانیش بگۆڕێن، پێشتر بێکارەکانی کوردستان دەچوونە تاران و شارە گەورەکان و لەوێ کاریان دەکرد، بەڵام پاش نیۆلیبرالیزەکردنی سیستمی ئابوری لە ئێران، دەوڵەت چیدی نەیتوانی خەرجی زۆر شت دابین بکات، بەگشتی ئەوان وایانکرد کە دیموگرافی ئابوری لە ئێران بگۆڕێت و بێکارەکانی کوردستان لە کژوردستان مانەوە دیاردەیەک بە ناوی کۆڵبەر زیاتر هاتە بەر چاو، لە ٩٠ەکان بەدوا سیستمی ئابوری جیهانی بەرەو سیستمێکی نیۆلیبرالی چوو، ئێرانیش نەیتوانی خۆی دوور ڕابگرێت لەو گۆڕانکارییە جیهانییە، لەو سیستمەدا خۆی دەوڵەتەکان لە ئاستی گەورەدا دەبنە قاچاخچی، کەواتە قاچاخ تایبەت نییە بە کوردستان، گەنجە خوێندەوارەکان لە شارە گەورەکانی ئێران هەموو ناچارن بە کاری قاچاخکردن، لە سەرووی هەموویانەوە سوپای پاسداران کە مافیای ئابوری ئێرانە و قاچاخیش بنەمای ئابورییەکەیەتی.

 

کاردانەوەی چالاکوانانی چەپی ئێڕانی لە ئاست کوشتاری کۆڵبەران و سەرهەڵدانی گەل لە ڕۆژهەڵات چۆن دەنرخێنن؟

 

"بەردەوام ڕەنگی ناسیۆنالیستی تێکەڵی بزوتنەوەی چەپی ئێرانی بووە"

 

باران بێریتان: ئەو چالاکوانە چەپانەی دەغدەغەی گەلانی ئێرانیان هەبێت زۆر کەمن، ئەوان هەڵوێستیان هەبوو بەرامبەر بە دۆخەکە، بەڵام بەگشتی کە سەیری دەکەین، ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی ئێران هیچ هەڵوێستێکی پیشان نەدا، کاتێک باس لە کورد یان کوردستان و زاگرۆس دەکرێت هەمیشە ئەو لایەنانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن ناوزەددەکەن، لە ئاست پرسی کورد حەساسییەت پیشان دەدەن، وەک بڵێی ناوی کورد ئێران پارچە دەکات، یان ئێران لە ناو دەبات، ساڵانێکی درێژە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی ئێران هیچ تێگەیشتنێکی قووڵیان نییە لەبارەی ڕێئالیتەی کۆمەڵناسی و دەروونناسی کۆمەڵگا، هیچ خوێندنەوەیەکیان بۆ گەلکانی ئێران نییە و بۆیەش هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو.

 

وتیشی: چەپەکان کە لە تیۆریدا ماونەتەوە تا ڕادەیەکی زۆر دوور کەوتوونەتەوە لەو ڕاستیانەی لە کۆمەڵگای ئێراندا ڕوودەدەن، ئەوان تەنیا لە زهنەوە سەیری پرسەکان دەکەن، بۆ ئەوەشە کە هیچ کاردانەوەیەکمان نەبینی لەلایەن چەپەکانی ئێرانەوە بەرامبەر بە سەرهەڵدانی خەڵک لە ڕۆژهەڵات، لە دۆخێکی وەهادا ئەوەی پێوویست بوو کاردانەوە و هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر بە پرسی کۆڵبەرەکان چەپەکان بوون، کە هیچیان نەکرد، چەپی ئێرانی لە سەرەتاوە لە سەر بنەمای ڕاست پێک نەهات و بەردەوام ڕەنگی ناسیۆنالیستی تێکەڵی بزوتنەوەی چەپی ئێرانی بووە.

 

زیاتر دواو وتی:"لە حزبی تودەوە هەتاکو ئەمڕۆ هەر وا بووە، چەپی ئێرانی ئەگەر دەیەوێت بزوتنەوەیەکی نوێ دەستپێبکات، ناونیشانەکە ئاشکرایە، ئەویش کوردستانە، دەبێت هەڵوێستیان بەرامبەر بە کوردستان دیاری بکەن، چەپی نوێی ئێرانی تۆزێک جیاوازە، ئێمە هەڵوێستی جەپی نوێی ئێرانیمان بەرامبەر بە کۆبانێ و شەنگال بینی، بەڵام ئەو چەپەش نەیتوانیوە خۆی ڕێکبخات، بەڵام چەپی کلاسیکی ئێرانی هێشتا لە ٦٠-ەکاندا ماوەتەوە و هیچی تێپەڕنەکردووە".

 

هەندێک لە چالاکوانە لیبراڵەکان کوشتنی کۆڵبەرەکان دەبەستنەوە بە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی وڵات و دەشڵێن هێزە چەکدارەکان تاوانبار نبین بەڵکو خەریکن سنوورەکان دەپارێزن، لەم باریەوە سەرەنجتان؟

 

"ئێران ناوەندی پێگەیاندنی تیرۆرە"

 

باران بێریتان: سەدان ساڵە کە لەم ناوچەیەدا هیچ هێزێک نەیتوانی سنوورێکی چڕوپڕی قورس و بەهێز دروست بکات، ئێرانیش یەکێک لەو هێزانە، چونکە لێرە گەلانی زاگرۆس و بەتایبەتی گەلی کورد هەزاران ساڵە دەژین و ڕێگاشیان نەداوە هیچ سنوورێک جیایان بکاتەوە، لە سەر ئەم بنەمایەش ناسیۆنالیستەکان کە هاتوچۆی کۆڵبەرێک بە واتای تێکچوونی ئاسایشی ئێران دەزانن بۆچی کاردانەوەیان نییە بەرامبەر بەو هەموو دامودەزگا ئێرانییە، کە فەرمی لە ناوەڕاستی ئێراندا هێزی تیرۆر ڕادەهێنن و دەیاننێرن بۆ هەموو شوێنەکانی ناوچەکە، چۆنە ئەو بە مەترسی سەر ئاسایشی وڵاتەکەیان نازانن، بەڵام هاتوچۆی کۆڵبەر بە مەترسی سەر ئاسایشیان دەزانن، وەکچۆن سویسرا ئاسایش پارێزراوترین وڵاتی جیهانە بۆ ڕاگرتن و گواستنەوەی پارە، ئێران ئاسایش پارێزراوترین وڵاتە بۆ ڕاهێنانی تیرۆریستەکان، ئەگەر ئەوانە پێیان وایە هاتوچۆی دوو کۆڵبەر ئەوەندە مەترسیدارە، ئێمە پێیان دەڵێین بۆ پاراستنی ئاسایشیان بەرامبەر بەو دامودەزگا و ناوەندە حوکومیانە کاردانەوە پیشان بدەن کە تیرۆر بڵاودەکەنەوە لە جیهاندا.

 

ئایا سەرهەڵدانی خەڵک بە کاردانەوەیەکی لە ڕووی هەستەوە دەبینن، یان پێتان وایە لە پشتییەوە داوکاری قووڵی سیاسی لە ئارادایە؟

 

"خەریکە وردەوردە جەستەیەکی گشتی پێکدێت"

 

باران بێریتان: ئەگەر خۆپیشاندانەکە بگوازراتیەتەوە بۆ سنە و کرماشان و مەریوان و مەهابدا و شارەکانی دیکەی کوردستان دەمانتوانی بڵێین، کە لە ڕووی هەستەوە بووە، بەڵام دەبینین وا نەبوو، ئەوەی ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبینرێت هیوادارمان دەکات کە خەریکە وردەوردە جەستەیەکی گشتی پێکدێت، واتە ئەو زهنییەتەی بە ساڵانی درێژ لە مێشکی خەڵکدا جێی گرتووە خەریکە بەرە بەرە کۆنکرێت دەبێت و شێوەیەکی ئۆبجێکتیڤ بەخۆیەوە دەگرێت، کاتێک دەبینین هەمووان بە یەک هەڵوێستەوە و بۆ یەک مەبەست دەڕژێنە سەر شەقامەکان واتە خەریکە جەستەیەکی پراتیکی گەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکدێت، بۆیە ناکرێت ئەو سەرهەڵدانە وەک جووڵانەوەیەکی لە ڕووی هەستەوە لە بەر چاو بگرین، گەلی کورد خەریکە دەگاتە عەقڵییەتێکی هاوبەشی پراتیک لە بواری سیاسییەوە.

 

دەوڵەت چۆن هەوڵدەدا دەنگی ناڕەزایی خەڵک کپ بکات؟

 

"بیانەوێت کوردستان لەوەی کە هەیە زیاتر بەسەربازی بکەن کوردستان لە دەست دەدەن"

 

باران بێریتان: لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا سێ جار شتی لەم بابەتە ڕوویداوە، یەکەمیان کە شۆڕشی گەلانی ئێڕان  و گەلی کورد بوو لە ساڵی ١٩٧٩دا، دووەمیان پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر ئۆجالان بوو کە سەرهەڵدانێکی گشتگیری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داگیرساند، ئەمڕۆش لەبارەی کۆڵبەرەکانەوە دیسانەوە ئەو هاوهەڵوێستییە پێکهاتووە لە بەرامبەردا دەوڵەت، لە کاتێکی زۆر کەمدا ویستی دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکات، واتە هەم هەندێک ئیمتیاز بداتە گەل و باسی لە دادگاییکردنی بکوژانی کۆڵبەرەکانی کرد و  لەلایەکی دیکەشەوە سیاسەتی سەرکوتی گرتە بەر، حکومەت پێویستە لەوە تێبگات کە چیدی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ساڵەکانی ٩٠ و پێشتر نەماوە، ئەو کاتانە بە سەر چوو.

 

وتیشی: ئەگەر ڕۆژێکی سەرۆک کۆمار فەرمانی دەکرد بە سەربازەکان کە قەیتانی بووتەکاندا ناکەنەوە تا ئەو کاتەی هەموو ناڕەزاییەکانی کوردەستانتان کپ نەکردووە، جیدی وەک ئەو ساڵانە نەماوە، ئەگەر بیانەوێت کۆمەڵگای کوردستان لەوەی کە هەیە زیاتر بەسەربازی بکەنەوە بەدڵنیاییەوە کوردستان لە دەست دەدات، سیاسەتی تورکیا لە ئاست گەلی کورد لە باکور جیاوازە لە سیاسەتەکانی ئێران، ئەگەرچی تورکیاش لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵیدا بە ئیمتیاز دان بە گەلی کورد شوناسەژەیان بکرێت و چینێکی سەربە دەوڵەت لە بواری ئابورییەوە لە کۆمەڵگای کوردستاندا پێکبێنێت، ئێران هەوڵیدا لە بواری ئابوریدا لە شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات ناوچەی ئازادی ئابوری ڕابگەیەنێت، دەیویست بەم شێوەیە چینێکی ناوەندی سەربە دەوڵەت دروست بکات، بەڵام شکستی هێنا.

 

کامە لایەن دەتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت بۆ سەرهەڵدانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟

 

"ڕێکخراوە مەدەنییەکان"

 

باران بێریتان: لەلایەکەوە ئەزموونی بەحزب بوون لە رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر کەمە و ئەوەش ڕێکخستن قورس دەکات، بەڵام ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر و بەرفراوانترن لە شوێنەکانی دیکەی ئێران و پارچەکانی دیکەی کوردستان سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەکانی ئێران، ئەوانە دەتوانن خەڵک و داواکارییەکانیان ڕێکبخەن.

 

چ مەرجگەلێک بە پێویست دەزانن بۆ بەردەوامبوونی ناڕەزاییەکان؟

 

"ئەوەی پێویستە هاودەنگی خەڵک و حزبە سیاسییەکانە"

 

باران بێریتان: گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووەتە حاڵەتێکی سیاسیی بەهێز، ئەگەر حزبە سیاسییەکان و بزوتنەوەکان دەیانەوێت پێشەنگایەتی خەڵک بکەن، پێویستە بەباشی ئەمە ببینن و تێی بگەن، ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵات پێویستە هاودەنگی نێوان خەڵک و حزبە سیاسییەکانە.

 

بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر ناڕەزاییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن دەنرخێنن؟

 

"ئەوان ئامادەن بەرژەوەندی هەموو گەلان فیدای بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەن"

 

باران بێریتان: لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا شتێکی وەهامان نەبینی، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەر ئەوانەن کە ڕۆژنە لەگەڵ ئێڕان دانوستان و دبلۆماسی دەکەن، ئەوان ئامادەن بەرژەوەندی نەک تەنیا گەلی کورد، بەڵکو بەرژەوەندیی گەلانی ئێرانیش فیدای بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەن، مەگەر لە چەند ساڵی ڕابردوودا نەمانبینی کە ڕێککەوتنی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی چۆن ڕوویدا و هەموو داواکارییەکانی خەڵکی ئێران لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا ڕەتکرایەوە، ئەوەش لە پێناو بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی دەوڵەتەکانە، بۆیە زۆر ئاساییە لایان کە هیچ هەڵوێستێکیان نەبێت.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin