Smiley face
Smiley face
Smiley face

غالب محەمەد: هەر کۆمپانیایەک بەرپرسێکی پارتی یان یەکێتی لەپشتەوەیە

2017-09-14 10:35:58



ڕۆژنیوز - دانا عومەر

 

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، كۆمپانیای قەیوان و كار هۆكاری گرانبوونی بەنزینن و بە ئارەزووی خۆیان نرخ دادەنێن، دەشڵێت: بەرپرسەكان خەریی بازرگانین و هەموو كۆپانیایەك بەرپرسێكی یەكێتی یان پارتی لە پشتەوەیە، بۆیە حكومەت ٢٨ ملیارد دۆلار قەرزارەو دوو حزبمان هەیە خاوەنی ٢٠٠ ملیارد دۆلارن.

 

غالب محەمەد، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانی سروشتی، لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا لە نەوت و گاز-دا، لەم چاوپێكەوتنەی ڕۆژنیوزدا وەڵامی چەند پرسیارێكی گرنگ دەداتەوە لەبارەی هۆكاری گرانبوونی نرخی بەنزین و ئەو گەندەڵی و قۆرغكاریانەی لە بواری هێنان و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و بەنزیندا دەكرێت.

 

دەقی چاوپێكەوتنەكە

 

- بەنزینی هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی لەكوێوە دابین دەكرێت و هۆكاری گرانبوونی بەنزین چییە؟

 

"كۆمپانیای قەیوان و كار و وەزارەتی سامانە سورشتیەكان كە پێكەوە دەستیان تێكەڵ كردووە بۆ گرانكردنی بەنزین"

 

غالب محەمەد: پێش شەڕی داعش بەنزینمان بۆ ئەهات لە پاڵاوگەی بێجییەوە، بەڵام دوای شەڕی داعش وردە وەردە ئەو بەنزینە نەما، ئەوەی كە دەهات حكومەتی هەرێم لە پاڵاوگەی كەڵەك و بازیان دەینارد، یان لەدەرەوە دەیكڕی و دەینارد بۆ ئێمە، دوای ماوەیەكی كەم حكومەتی هەرێم دەستبەرداری هەموویان بوو بەیەكەوە، كێشەی ئەم حكومەتە لەوەدایە تا پارە هەبێت دەسەڵات دەخەنە لای خۆیان، كە پارە نەما دەسەڵاتەكان دەكەن بە لامەركەزی.

 

"ئێمە دانیشتین لەگەڵ پەرلەمان، كەنوێنەری ئاشتی هەورامیشی لێبوو، داوامان كرد دەسەڵاتی دابینكردنی سوتەمەنی بكرێت بە لامەركەزی، بۆ ئەوەی قۆرغكاری تێدا نەمێنێت، لە ئەنجامدا كردمانە لامەركەزی و دەرگامان واڵاكرد بۆ كۆمپانیاكان بەپێی ڕێنماییەكان بەنزین بهێنن، مەرجەكان ئەوە بوو بەنزینەكە بەپێی ستانداردی كوردستان و عێراق بێت، كۆمپانیاكە عەمباری هەڵگرتنی بەنزینی هەبێت و ناوی تۆمار كرابێت و باجی دابێت".

 

وتیشی: لە ئێستادا 16-18 كۆمپانیا بەنزین دەهێنێت بۆ هەرێمی كوردستان، بەهۆیەوە توانیمان نرخی بەنزین هەرزان بكەین، ئێستا نیوەی بەنزینی كوردستان لە ناوخۆدا بەرهەم دێت و نیوەكەی تری لە دەرەوە دێت، هەركامیان گران بێت بەنزین گران دەكات، ئێستا كە بەنزین گران بووە هۆكارەكەی بۆ كۆمپانیای كار و قەیوان دەگەڕێتەوە، چونكە ئەمان هەردوو پاڵاوگەی كەڵەك و بازیان-یان لەبەردەستدایە بە دڵی خۆیان نرخ دادەنێن، پێش مانگێك بە 540 دینار ئەیانفرۆشت، ئێستا بە 630 هەر لیترێك دەفرۆشن، كە ئەمان گرانیان كرد نیوەكەی تریش كەلەدەرەوە دێت گرانی دەكات، چونكە هەمووی پەیوەندی بە یەكەوە هەیە، كەواتە گران بوونی بەنزین پەیوەندی بەسێ‌ لایەنەوە هەیە، كۆمپانیای قەیوان و كار و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كە پێكەوە دەستیان تێكەڵ كردووە بۆ گرانكردنی بەنزین.

 

- بۆ گرانی دەكەن، ئامانجیان دەوڵەمەنتر كردنی خۆیانە، یان بەرزكردنەوەی داهاتی حكومەتە، چونكە پێشتر وەزیری سامانە سروشتیەكان دەیوت ئێمە بەنزینمان گران كردووە بۆ ئەوەی كە مووچە بدەین؟

 

"سەیری هەر سیاسییەك دەكەیت لەم هەرێمەدا بازرگانە"

 

غالب محەمەد: پیاوی سیاسی كەبوو بە بازرگان واز لە سیاسەت دەهێنێت و سیاسەت دەخاتە خزمەت بەرژەوەندییەكانی خۆیەوە، سەیری هەر سیاسییەك دەكەیت لەم هەرێمەدا بازرگانە، ئێستا با سەیری لوتكەی هەڕەمەكە بكەین كە نێچیرڤان بارزانییە، بازرگانە و كۆمپانیای كار هی ئەوە، كەواتە نێچیرڤان بارزانی لەبری ئەوەی فشار بخاتە سەر كۆمپانیای كار كە لەپاڵاوگەی كەڵەك ئیش ئەكات بۆ ئەوەی بەنزین هەرزان بكات، دێت پاڵاوگەكە تاپۆ دەكات لەسەری بە شێوەیەكی نایاسایی، پاڵاوگەی كەڵەك پاڵاوگەیەكی حكومی بوو، نە خێری نێچیرڤان بارزانییە نە هی قوباد تاڵەبانی، هەردوو پاڵاوگەی كەڵەك و بازیان حكومەتی عێراقی دروستی كردووە، ئەمان ڕێگرییان لێكرد نەیانهێشت تەواوی بكات، بەجێی هێشت، كە بەجێی هێشت ئەمان هاتن دایان بە كۆمپانیاكانی خۆیان، ئەم دای بە قەیوان و ئەویش دای بە كار، هەردوكیان 300 ملیۆن دۆلارێكیان تێدا خەرج كرد، ئێستا ئەوەتا تاپۆی دەكات لەسەری، ئێستاش باشترین نمونە ئەوەیە وڵاتێكمان هەیە 28 ملیار دۆلار قەرزارە، دوو حزبمان هەیە بە دوو كۆمپانیاوە خاوەنی 200 ملیار دۆلارن، كەواتە ئەمانە بۆخۆیان و حزبەكانیان ئیش ئەكەن نەك حكومەت.

 

- ئەو كۆمپانیایانەی كە لەدەرەوە بەنزین دەهێنن، حزب و سیاسییەكانیان لە پشتەوە نییە؟ چونكە وەك باست كرد ئەو مەجانەی ئێوە هەتانە بۆ كۆمپانیاكان بە كۆمپانیایەكی ئاسایی دابین ناكرێت؟

 

"پاڵاوگەی نایاسایی دادەنێت كەس حەقی نییە بەسەریەوە لەبەر ئەوەی خەڵك لە پشتیانەوەیە"

 

غالب محەمەد: هاوڵاتیەك عەرەبانەیەك دادەنێت لەناو بازاڕ 50 پۆلیس و ئاسایش بۆی دەچن، بەڵام كەسێك دەچێت پاڵاوگەیەكی نایاسایی دادەنێت كەس حەقی نییە بەسەریەوە لەبەر ئەوەی خەڵك لە پشتیانەوەیە، ئاسایش بۆ ئەوەیە خەڵك بپارێزێت، شەوێك من ڕێگریم ئەكرد لەوەی بەنزینی خراپ بێتە ناوەوە، كەچی ئاسایش هاتووە بەمن دەڵێت كەرامەتت دەشكێنم!، نمونەیەكیتر، جۆرێك لە نەوتی ڕەش هەیە ناوی ڤی ئاڕە، ئەم نەوتە لە پاڵاوگەكانی عێراقەوە دێتە هەرێمی كوردستان و لێرەوە دەچێتە ئێران، ئەم نەوتە ڕەشە هەموو تەنكەرێك پسوڵەی 100 دۆلاری بۆ دەكرێت لەلایەن كۆمپانیایەكەوە كە ناوی مینكاسە، ئەگەر ئەو پسوڵەیان پێنەبێت تەنكەرەكان ئاسایش ڕێگرییان لێدەكات بەڵام ئاسایش ناڵێت ئەم هەموو پارەیە کە مانگانە دەگاتە 30 دەفتەر بۆكوێ‌ دەچێت، بەناوی كرێی ڕێگەوە وەری دەگرێت، بۆ سەرف ناكرێت بۆ ڕێگای كەلار، كە تەنكەرەكان لەوێوە دێن، ئەم كۆمپانیایە بە دڵنیاییەوە بەرپرسێكی یەكێتی لەپشتە ئەگینا بۆ ئاسایش ڕێگری لێناكات.

 

- ئەوتانكەرە بەنزینانەی كە دەڵێن خراپە و دێنە ناوەوە كێیان لەپشتە و لەچ شتێكدا خراپە؟

 

"ئێمە 42 تەنكەر بەنزینمان گرت، قوباد تاڵەبانی بەتەلەفون بە بەڕێوبەری گومرگی وتببوو بەری بدات"

 

غالب محەمەد: بەشێك لە بەڕێوبەرایەتی نەوت و كانزای سلێمانی، بەشێك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و بەشێك لە ئاسایشی دەڤەری سلێمانی تێوە گلاون لەم بابەتەدا، بۆنمونە من 28 تەنكەری بەنزینم گرتووە كە كوالێتی خراپە، پێشتر بەڕێوبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی نوسراوی بۆ كردووە كە كوالێتی تەواوە، بەهۆی ئەو ڕێگریانەی لێیان دەكەین، ئاسایش دەڵێت هەموو كەس بۆی هەیە بێتە خاڵە سنورییەكان بێجگە لە غالب محەمەد، لەبەر ئەوەی دەچم گەندەڵییەكان ئاشكرا دەكەم، بۆنمونە ئەو 28 تەنكەر كە ئەوان وتوویانە كێشەی نییە، من فەحسم كردووە، ئاڕڤی پی- یەكەی 77 بووە، واتە بیكەرە ناو ئوتومبێلەوە ئوتومبێلەكە گڕ دەگرێت، ئەمە دەستی بەڕێوبەرایەتی نەوت و كانزای سلێمانی تێدایە، كە ئاسایش ڕێگری دەكات ناهێڵێت من بڕۆم دەستی یەكێتی تێدایە.

 

"ئێمە 42 تانكەر بەنزینمان گرت مادەی بەنزاین تێیدا 14 بوو، هەر بە بۆنكردنی تووشی شێرپەنجە دەبیت، قوباد تاڵەبانی بە تەلەفوون بە هاوژین-ی بەڕێوبەری گومرگی سلێمانی وتووە بەری بدە با بڕواتەوە بۆ ئێران، ئەمە بەڵگەی ئەوەیە كە كەسی گەورە لە پشتیانەوەیە.

 

وتیشی: لەماوەی سێ‌ مانگدا ئێمە توانیومانە 563 تەنكەر بەنزین بگرین، واتە نەمانهێشتووە 14 ملیۆن لیتر بەنزینی خراپ بێتە ناو شاری سلێنمانییەوە، ئەگەر هەر ئوتومبێلێك 100 لیتر لەو بەنزینەی بەركەوتایە، ئەوا 1363 ئوتومبێلمان لە سوتان پاراستووە، لە سوتانی فیول پەمپ، لەماوەی سێ‌ هەفتەدا 126 تەنكەرمان گەڕاندووەتەوە، بەڕێوبەرایەتی نەوت و كانزای سلێمانی و ئاسایش دەیانویست بێنەناوەوە، وە 16 تەنكەریان لێدەركردووە كە بووەتە هۆی سوتای ئەو هەموو فیول پەمپەی لە جەژنەوە دەیبینین، لبَرەوە دەمەوێت دەستخۆشی لە بەرێوبەرایەتی گومرگی باشماخ بكەم كە زۆر هاوكارن لەگەڵمان.

 

- باشە بۆ بەنزینی خراپ دێنن، بەنزینی ئێران بەنزینێكی باشە، بازرگانەكان خۆیان دەڕۆن داوادەكەن بەنزینی خراپیان بۆ بەرهەم بێنن؟

 

"بۆ 100 دۆلاری زیاتر قازانجی خۆی كێشەی نییە ماڵی چەند كەس وێران دەكات"

 

غالب محەمەد: بەڵێ‌، ئێمە 11 پشكنین بۆ بەنزین دەكەین، هەر پشكنینێك لەو پشكنینانە ژمارەكەی بگۆڕێت نرخەكەی دەگۆڕێت، بۆنمونە ئەگەر ئاڕڤی پی، نزم بە 500 دۆلار بێت تەنی، ئارڤی پی بەرز بە 400 دۆلار دەكڕن، یانی بۆ 100 دۆلاری زیاتر قازانجی خۆی كێشەی نییە ماڵی چەند كەس وێران دەكات، هێشتا ئەوان گلەیی لە ئێمەدەكەن، وای لێهاتووە لەباتی ئێمە ئەوان سزا بدەین، ئەوان سزای ئێمە بدەن و بمانكەنە زیندانەوە.

 

- باشە ئەم هۆكارانە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی گاز-یش ڕاستە یان گرانبوونی گاز هۆكاری تری هەیە؟

 

"گازی خۆمان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ موسڵ بەكار دەهێنن بۆیە گران بووە"

 

غالب محەمەد: گرانبوونی نرخی گاز هۆكارەكەی كۆمپانیای قەیوان و كارە، لەبەر ئەوەی گرێبەستێكیان كردووە بۆ بەرهەمهێنانی 700 مێگاوات كارەبا بە گاز، بەشێكی لە وێزگەی بازیان و وێزگەكەی محەمەد ئیسماعیل لە هەولێر، ئەم كارەبایە بە گازی ئێمە دابین دەكرێت،  بە شەبەكەی كارەبای هەرێمدا دەچێتە موسڵ و تكریت، واتە بۆ ئێمە نییە، واتا ئەو وێزگەیەی كارەبای بازیان، كە هی كۆمپانیای قەیوانە هیچ سودێكی بۆ ئێمە نییە، تەنها ئەمانەی بۆ ئێمەیە، ژنینگەی بازیانی پیش كردووە، گاز-ی لەسەر هاوڵاتیان گرانكردووە لەبەر ئەوەی بۆ وێزگەی كارەبا بەكار دەهێنێت، وە بەهۆی گرانبوونی گازەوە ئەمپێری كارەبای لەسەر هاوڵاتیان زیادكردووە، من پێم باشە ئەم پاڵاوگەیە بگوازنەوە بڕۆن لە تكریت و موسڵ داینێن لەبەر ئەوەی هیچ سودێكی بۆ ئێمە نییە.

 

واتا ئێمە خۆمان كارەبامان نییە، ئەوان دەڕۆن كارەبا بە موسڵ و تكریت دەفرۆشن؟

 

"دەوڵەتی كوردی كە سامان و داهاتی بۆ ئێمە نەبێت و بۆ موسڵ و توركیا بێت دەوڵەتی چی"

 

غالب محەمەد: بەڵێ‌ كارەبای ئێمە كە 700 مێگاواتە دەیدەنە موسڵ، نەوتی سپی و بەنزین و گاز دەدەنە موسڵ هیچ سودێكی بۆ ئێمە نییە، كە قسەكەشیان لەگەڵ دەكەیت باسی دەوڵەتی كوردی دەكەن، باشە دەوڵەتی كوردی كە سامان و داهاتی بۆ ئێمە نەبێت و بۆ موسڵ و توركیا بێت دەوڵەتی چی، وتەبێژی وزەی توركیا لە 2016 وتی 50%ی سەرچاوەی وزەی ئێمە لە هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێت، واتا ئێمە سەرچاوەی وزەی توركیا دابین بكەین و نەوتمان بۆ هاوڵاتیەكانی خۆمان نەبێت، ئەمە لە وڵاتە دواكەوتووەكانیشدا نییە، دەتوانین سەیربكەین بزانین چ دەوڵەتێك هەیە لەسەر دیزاینی ئەم دەوڵەتەی ئەم برادەرە دەیەوێت بۆمان دروستبكات.

 

- پێش ئازادكرنی موسڵ-یش، هەر گاز و نەوت و بەنزین بەپێی پێویست نەبوو، بەرهەمی پاڵاوگە ناوخۆیەكان بۆ بەشی هەرێمی كوردستان ناكەن؟

 

"پارتی نایەوێت ئەم ناوچەیە خاوەنی پاڵاوگەبێت"

 

غالب محەمەد: من سێ‌ ساڵە چەندین نوسراوم كردووە بۆ وەزارەتی سامانە سورشتیەكان و ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی باڵای نەوت و غاز كە قوباد و نێچیر سەرۆك و جێگرین، داوام كردووە كە پاڵاوگەیەك لە گەرمیان دروست بكرێت، لەبەر ئەوەی 30هەزار بەرمیل نەوتی لێبەرهەم دێت دەتوانرێت پاڵاوگەی لێدابنرێت، بەڵام ئەمان نایانەوێت بیكەن، لەبەر ئەوەی پارتی نایەوێت ئەم ناوچەیە خاوەنی پاڵاوگەبێت بۆ ئەوەی پێویستمان بەو بێت بەردەوام، ئەو بەشەی یەكێتی لە هەولێرن داكۆكی لە بەرژەوەندیەكانی پارتی دەكەن و كێشەی ئەوەیان هەیە چەند بەشی خۆیان وەردەگرن، نایەن خۆیان بخەنە كێشەوە بۆ ئەوەی داكۆكی بكەن لە كردنەوەی پاڵاوگە بۆ ئەم ناوچەیە.

 

 

وتیشی: لەلایەكی ترەوە سەیر بكەین توركیا هەر وەك سەردەمی عوسمانی سەیری ئەم ناوچەیە دەكات، ئەوكاتە والییەكیان دادەنا و دەیانوت چی دەكەی بیكە تەنها سەروەت و سامانەكەمان بۆ بنێرە، ئێستا والییەكە هەر كاك مەسعودە دایانناوە، جاران گەنم و دانەوێڵەیان دەنارد، ئێستا غاز و نەوت و بەهەمە نەوتیەكان دەنێرن، ئێمە وەك گۆشەی ئابووری بزوتنەوەی گۆڕان بڵاومان كردووەتەوە، ئەم مانگە 930 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوت بووە، موچە فەرمانبەران بێ‌ پاشەكەوت 800 میلۆنە، واتا 130 ملیۆن دۆلاری زیادە، ئەی كوا لەكوێیە، نە چارەكە مووچە دەدرێت، نە نەوت دەدرێت نە مووچە دەدرێت، باجیان گران كردووە، داهاتی ناوخۆی پارێزگای سلێمانی 70 ملیار دینارە، دیار نییە بۆ كوێ‌ دەچێت، هەمووی بۆ بەژەوەندی خۆیان بەكاری دەهێنن، لە پارێزگایە ئەوەی كە پسوڵە واژۆ دەكات قوباد تاڵەبانییە، ئەوەی بەدڵی بێت پارەی بۆ خەرج دەكات، ئەوەی بەدڵێ‌ نەبێت نایكات. ئەم داهاتی ناوخۆیە و سەروەت و سامانی سلێمانی بۆ هاوڵاتیانی سلێمانی خەرج ناكرێت.

 

 

- سلێمانی چەند پاڵاوگەی پێویستە؟

 

"سێ پاڵاوتگە"

 

غالب محەمەد: ئێمە ئەگەر بتوانین سێ پاڵاوتگە لە سنوری سلێمانی بكەینەوە دەتوانین پێداویستی هەموو هەرێمی كوردستان پڕبكەینەوە، بێجگە لەوەی هەلی كار بۆ 3هەزار كەس دابیندەكەین، ئێمە نەوتی ڕەش دەگوازینەوە بۆ دەرەوە و بەنزین و سوتەمەنی خراپ لە ئازرباینجان و توركمانستانەوە دەهێنینەوە.

 

- گلەیی ئەوە دەكرێت لە لیژنەكەی ئێوە ئەوش ئەوەیە دەڵێن كە ئامادەنین ناوەكان ئاشكرا بكەن؟

 

"كێشەكە لەوەدایە بەرپرسەكان كۆمپانیاكانیان بەناوی خۆیانەوە نییە"

 

غالب محەمەد: من خۆم 48 كەیسی دادگام هەیە، لەسەر ئەوەی كە ناوی خەڵكم هێناوە، وە زۆربەشیانم بردووەتەوە لەبەر ئەوەی كە بەڵگەم هەبووە، ئەو بەشەی كە بەڵگەم نییە ناتوانم ناوی بێنم، كێشەكە لەوەدایە هەر بەرپرسێك كە زۆر گەندەڵە لە پارێزگای سلێمانیدا یەك مەتر زەوی بەناوەوە نییە، هەمووی دەكەن بەناوی خەڵكانی ترەوە، ئێمە بەرهەمی زیاتر لە 10 كۆمپانیامان گەڕاندووەتەوە كە ئەوەندەی بیرم بێت كۆمپانیای قەیوان و ساوز كوردستان و پەترۆلیستان و سمود وەتەت و بەهار گروپ و چۆمان گروپە، ئەمانە خاوەنەكانیان دیارە، بەڵام من دڵنیام هی خۆیان نییە، ئێمە یەكێكیانمان دایە دادگا كە دەبوو سێ ملیارد دینار سزای بدات، كەچی خاوەنەكەی ئێستا خۆی ئەگەڕێت، نە سزای داو نەگیرا، ئەگەر توڕەشی بكەین لەوانەیە ئەو ئێمە بخاتە زیندانەوە، قوباد سەیارەكانی بۆ بەرداوە و لەوانەیە گرێبەستی نوێشی بۆ بكەن، ئەگەر بەپرسی لەپش نەبێت چۆن ئەوە دەكرێت.

 

-پارێزگار هاوكارتانە لە كارەكانتاندا؟

 

"كۆمەڵێك گرێبەستم لایە كە پارێزگار واژۆی كردووە نایاساییە"

 

غالب محەمەد: ئەم جارانەی كۆتایی پارێزگار هاوكارمان بووە، بەڵام پێشتر كۆمەڵێك گرێبەستم لایە كە پارێزگار واژۆی كردووە نایاساییە، بۆنمونە بەهار گروپ داوای 25 هەزار تەنی كردووە، كە چوار تایبەتمەندی بەنزینەكە خراپە، ئەمانیش ڕەزامەند بوون لەسەری كە ئەمە نایاساییە، ڕەزامەندی كردنەوەی بەنزینخانەیان داوە بەخەڵك كە نایاساییە، لەلایەكی ترەوە ڕێگری كردنەوەی بەنزینخانەیان كردووە لە خەڵك كە یاسایی بووە كارەكانی، كارگەی غازیان داواكردووە كە نایاسایی بووە ڕەزامەندیان دەربڕیوە.

 

- نەوتی سپی بۆ گرانە؟

 

"هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە چۆن زیاتر بتوانن هاوڵاتی بڕوتێننەوە"

 

غالب محەمەد: ئێمە 473هەزار ماڵمان هەیە لە پارێزگای سلێمانی، هەر ماڵێك بەرمیلێك نەوتی بدەینێ‌، پێویستمان بە 106ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە، یەك قەترە نەوتمان لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ دابین ناكرێت، حكومەتی عێراق 5 تەنكەر نەوتی ڕۆژانەمان بۆ دەنێرێت، ئەوەش بەشناكات، پاڵاوتگەی بازیان ڕۆژانە 16 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەهەم دەهێنێت، ئێمە داوامان كردووە بە نرخێكی هەرزان بیدەنە هاوڵاتیان، بەڵام ئەوان لە بازاڕدا بەگران دەیفرۆشن، دەیدەنە چەند كۆمپانیایەكی نزیكی خۆیان، تا دەگاتە دەستی هاوڵاتیان نرخەكەی لە 90 هەزارەوە دەگاتە 140 هەزار، ئەمانە هەموو شتێكیان كردووە بە بازرگانی، هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە چۆن زیاتر بتوانن هاوڵاتی بڕوتێننەوە.

 

- سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكدا دەڵێت، كەرتی نەوت لە هەرێمدا بەدەست مافیاوەیە، ئایا بەرهەمە نەوتیەكانیش هەر بەدەست مافیاوەن؟

 

"هەمووی بەدەست مافیاوەیە"

 

غالب محەمەد: بەدڵنیاییەوە، نەوتی ڕەش و ئەوانەی بە چواردەوری نەوتی ڕەشەوەن، وەك كۆمپانیای پاراستنەكان، كۆمپانیای خزمەتگوزارییەكان، پاڵاوگە و بەرهەمە نەوتییەكان، هەمووی بەدەست مافیاوەیە، هەر لێرە وانییە لەهەموو وڵاتان وایە، باسی هەر شتێك بكەیت ئاساییە، بەڵام كە دەستتبرد بۆ بواری نەت و گاز بەردەوام هەڕەشەت لێدەكرێت.

 

-خۆت تا ئێستا هەڕەشەت لێكراوە؟

 

غالب محەمەد: بەدڵنییاییەوە ڕۆژانە هەڕەشەم لێدەكرێت بە تەلەفون.

 

-دەڵێن چی؟

 

غالب محەمەد: جنێودەدەن، هەڕەشە دەكەن، خەڵكمان بۆ دەنێرن، بەڵام ئەمانە كارمان لێناكات، لەوەدەچێت ئێستا دەیان كەس ئەم چاوپێكەوتنە ببینێت كە دەستی هەیە لە گەندەڵیدا، با گوێیان لەم قسەیەی من بێت، یان ناهێڵم بەنزینی خراپ بێتە هەرێمی كوردستان، یان دەبێت بەسەر لاشەی مندا بێت.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin