Smiley face
Smiley face
Smiley face

کەجەکە: دەبێت تورکیا مەمنون بێت میتە دەستگیرکراوەکان لە ڕاگەیاندن بڵاوناکەینەوە

2017-08-28 09:06:09



ڕۆژنیوز - چیا کوردستانی

 

دیار غەریب ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، لە لێدوانێکی تایبتەدا بۆ ڕۆژنیوز دەستگیرکردنی چەند ئەندامێکی میت-ی تورک پشتڕاست دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت: دەبێت تورکیا مەمنون بێت کە دەستگیرکراوەکانی میت- مان لە میدیاکانەوە بڵاونەکردووەتەوە، ئێستاش دەتوانین بڵاوی بکەینەوە.

 

رۆژی ٢٤ی ئەم مانگە، توركیا نوێنه‌ری یه‌كێتی نارده‌وه‌ سلێمانی، به‌ پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌لایه‌نی ده‌زگا به‌رپرسه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌ندرێن ده‌وڵه‌تی توركیا ئیتر ڤیزا نادات به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ خه‌ڵكی سلێمانی بن، ئه‌و كه‌سانه‌شی كه‌ خه‌ڵكی سلێمانی بن و له‌ توركیا بن ئه‌وا ده‌وڵه‌تی توركیا سنووربه‌ده‌ریان ده‌كات، لەو بارەیەشەوە دیار غەریب لێدوانێکی تایبەتی بۆ رۆژنیوز دا.

 

"گەلێک پرسیار دەبێ بوروژێندرێن"

 

ئەو ئەندامەی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە لەبارە هاتنە پێشەوەی کۆمەڵێک پرسیار سەبارەت بەو دۆخەی نێوان یەکێتی تورکیا وتی: ئه‌م بابه‌ته‌ سه‌رنجی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی به‌لای خۆیدا ڕاكێشا، ئه‌و پرسیاره‌ش له‌لای زۆربه‌ی خه‌ڵك دروست بوو كه‌ بۆچی توركیا هه‌ڵوێستێكی به‌و شێوه‌یه‌ی نیشاندا؟ ئایا ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ به‌بێ هۆكاره‌؟ یان هۆكارێك له‌ پشتی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌وه‌ هه‌یه‌و خه‌ڵك نایزانێت؟ ئایا هه‌ڵوێست و فشاره‌كان هه‌ر به‌وه‌نده‌وه‌ كۆتاییان دێت یان فشاری تریان به‌ دوادا دێت؟ ئایا ئامانجی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌و هه‌ڵوێسته‌ چیه‌؟ ئه‌وانه‌و گه‌لێك پرسیاری تر كه‌ ده‌كرێت بوروژێندرێن.

 

"هەندێک لێدوان خزمەت بە کورد و یەکێتیش ناکەن"

 

دیار غەریب تیشکی خستە سەر سیاسەتی یەکێتی بەرانبەر ئەو دۆخەی کە هاتەپێشەوە و وتی: ڕۆژێک دوای ئەوەی کە نوێنەری یەکێتی نێردرایەوە سلێمانی، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ڕایگه‌یاند"كه‌ هۆكاری ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ سه‌رنه‌كه‌وتنی ئۆپه‌راسیۆنێكی ده‌وڵه‌تی توركیایه‌ له‌ناوچه‌ی سلێمانی، ده‌وڵه‌تی توركیاش یه‌كێتی به‌به‌رپرسیاری ئه‌و سه‌رنه‌كه‌وتنه‌ ده‌زانێت"، هه‌ر هه‌مان ڕۆژ به‌رپرسی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر دوور له‌ سیاسه‌تی فه‌رمی یه‌كێتی و دوور له‌ هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و ئادابی سیاسه‌تێكی به‌ ئیراده‌ و سه‌ربه‌خۆ په‌كه‌كه‌ی تۆمه‌تبار كرد و سیاسه‌تی په‌كه‌كه‌ی وه‌كو هۆكار بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی توركیا ده‌ستنیشان كرد، هه‌ر به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستا، هەبوونی په‌كه‌كه‌ی له‌ باشوور وه‌كو مه‌ترسی بۆ سه‌ر باشووری كوردستان و ده‌سكه‌وته‌كانی دیاریكرد، داوای له‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ده‌كرد كه‌ سنوور بۆ په‌كه‌كه‌ دابنێن، بێگومان ئه‌و لێدوان و هه‌ڵوێسته‌ نه‌ك خزمه‌ت به‌كورد و كوردستان ناكات، به‌ڵكو خزمه‌ت به‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش ناكات.

 

"په‌كه‌كه‌ كاتێك تۆمه‌تبار نه‌ده‌بوو، كه‌ ملی خۆی بخاته‌ به‌رده‌ستی میت"

 

ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە سەبارەت بە هەڵوێستەکەی تورکیا وتی: وه‌كو سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وتی"ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی توركیا كاردانه‌وه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر سه‌رنه‌كه‌وتنی ئۆپه‌راسیۆنێكی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ سلێمانی"، واته‌ توركیا ته‌نیا به‌وه‌ له‌ یه‌كێتی ڕازی ده‌بوو، كه‌ هاوكاریی بكات بۆ سه‌رخستنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی، هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی قسه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر، په‌كه‌كه‌ كاتێك تۆمه‌تبار نه‌ده‌بوو، كه‌ ملی خۆی بخاته‌ به‌رده‌ستی میت و جه‌ندرمه‌ی تورك و خۆی بكاته‌ قوربانیی، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و پرسه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌، كه‌ ئایا ڕه‌وایه‌ ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ ناو خاكی باشووری كوردستاندا، له‌ دژی هێزێكی كوردی ئۆپه‌راسیۆن بكات؟ ئایا ڕه‌وایه‌ كه‌ یه‌كێتی، هاوكاری ئۆپه‌راسیۆنی به‌و شێوه‌یه‌ بكات؟ ئایا ڕه‌وا نییه‌ په‌كه‌كه‌، یان هه‌ر ڕێكخستنێكی كوردی تر، له‌به‌رامبه‌ر ئۆپه‌راسیۆن و هێرشی داگیركه‌ران خۆیان بپارێزن؟ ئه‌گه‌ر مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی به‌ قسه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی خۆی بكات، ئه‌وا ده‌بێت كرده‌وه‌كانی توركیا هه‌موو به‌ ڕه‌وا بزانێت و خۆپاراستنی په‌كه‌كه‌ش به‌ ناڕه‌وا.

 

"ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌كان پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ بن"

 

دیار غەریب، سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتی و سیاسەتەکانی بەرانبەر پەکەکە بە پرسیارێکی سەرسوڕهێنەر دەستیپێکرد و وتی: ئایا ده‌بێت هێزی یه‌كێتی بكه‌وێته‌ پێش هێزی ئۆپه‌راسیۆنی توركیاوه‌، ببێته‌ چاوساغ و كه‌وا سووری به‌ر له‌شكریان و دژی په‌كه‌كه‌ ئۆپه‌راسیۆن ئه‌نجام بده‌ن، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی دڵی ده‌وڵه‌تی توركیا و ئه‌ردۆغان گه‌رد نه‌گرێت،‌ دیاره‌ هه‌ڵوێستی به‌و شێوه‌یه‌ یه‌كێتی به‌ره‌و كوێ ده‌بات! هه‌ر كه‌سێكیش ده‌زانێت نه‌ له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌، نه‌ له ‌ڕووی یاساییه‌وه‌ نە له‌ ڕووی نه‌ته‌وه‌ییشه‌وه‌ ئه‌وه ‌كارێكی ڕه‌وا و ڕاست نییه ‌و ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌كان پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ بن.

 

"ده‌بێت توركیا مه‌منوون بێت كه‌ به‌رپرسه‌كانیان به‌ توره‌كه‌وه‌ له‌ ڕاگه‌یاندندا نیشان نه‌دران"

 

ئەو ئەندامەی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە سەبارەت بە نیشاندانی میتەکان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن تیشکی خستە سەر ئەوەی: مێژوویه‌كی دوور نییه ‌و هه‌موومان له‌بیرمانه‌ كه‌ ساڵی 2003 چۆن ئه‌مریكییه‌كان توره‌كه‌یان كرده‌ سه‌ری به‌رپرسانی تورك له‌ سلێمانی و له ‌ڕاگه‌یاندنیشدا بڵاویانكرده‌وه ‌و كردنیان به‌ په‌ند، ئه‌وه‌شیان ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ به‌ توركیا بڵێن سنووری خۆت به‌زاندووه‌ و بۆت نییه‌ له‌ سلێمانی و ئێراقدا هه‌بوونێكی به‌و شێوه‌یه‌ت هه‌بێت، دیاره‌ ئێستاکە ده‌بێت توركیا مه‌منوون بێت كه‌ هاوشێوه‌ی 2003 به‌رپرسه‌كانیان به‌ توره‌كه‌وه‌ له‌ ڕاگه‌یاندندا نیشان نه‌دران.

 

"په‌كه‌كه‌ ده‌توانێت ده‌ستگیركردنی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی میت له‌ ڕاگه‌یاندندا بڵاو بكاته‌وه‌"

 

دیار غەریب وتیشی: بێگومان په‌كه‌كه ده‌توانێت ده‌ستگیركردنی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی میت كه‌ خواستویانه‌ سنووری ئیداره‌ی سلێمانی بكه‌نه‌ جێگه‌ی پلاندانان بۆ كرده‌وه‌یه‌كی قێزه‌ون و دیارترین به‌رپرسانی په‌كه‌كه‌ تیرۆر بكه‌ن، بكاته‌ هه‌واڵ و له‌ ڕاگه‌یاندندا بڵاوی بكاته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ی نه‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستان په‌نجه‌ی تاوان بۆ یه‌كێتی و به‌رپرسانی ئیداره‌ی سلێمانی درێژ نه‌كه‌ن، ئێستاش ئه‌گه‌ر پێویست بكات ده‌توانێت بیانداته‌ ڕاگه‌یاندن

 

"به‌رپرسانی یه‌كێتی نایانه‌وێت بابه‌ته‌كه‌ قوڵتر ببێته‌وه"

 

ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتی کەجەکە سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتی دەڵێت: وه‌كو هه‌نگاوی یه‌كه‌م ده‌توانین بڵێین، ئه‌و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ی كه‌ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ كردی به‌ناوی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیه‌وه‌، هه‌ڵوێستێكی ئاسایی بوو، دیاره‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی نایانه‌وێت بابه‌ته‌كه‌ قوڵتر ببێته‌وه، دوای ئه‌و ڕوونكردنه‌وه‌ش ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بوو كادیرێكی یه‌كێتی بیڵێت و داوای بكات له‌ مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو كه‌ بڵێت"توركیا مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ له‌بن ناوی كاری دیبلۆماسیدا، باشوور بكاته‌ مه‌یدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی.

 

"ده‌بێت یه‌كێتی چۆك بۆ فشاره‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك دانه‌دات"

 

دیار غەریب ئەوەشی وت: ده‌بێت یه‌كێتی چۆك بۆ فشاره‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك دانه‌دات، چونكه‌ ده‌وڵه‌تی توركیا كاری ناقانوونی ده‌كات، هاوكات ده‌ستخۆشی له‌ په‌كه‌كه‌ش بكات كه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیای پووچه‌ڵ كردوەته‌وه ‌و ڕێگای نه‌داوه‌ یه‌كێتی تووشی ئابڕووچونێكی مه‌زن ببێت، هه‌روه‌ها داوا له‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بكات كه‌ هه‌رچی دیبلۆماتی توركیایه‌ له‌ سنووری سلێمانیدا بیاننێرێته‌وه‌ بۆ توركیا و كاری سه‌رجه‌م كۆمپانیا توركییه‌كان ڕابوه‌ستێنێت، دەبوایە یه‌كێتی خۆی نوێنه‌ره‌كه‌ی خۆی بانگ بكردایه‌ته‌وه.

 

"ئیتر توركیا ئه‌و هێزه‌ نییه‌ كه‌ هه‌رچییه‌كی بیه‌وێت بۆی بچێته‌ سه‌ر"

 

ئەو ئەندامەی دەستەی سەرۆکایەتی کەجەکە وتیشی: پێیوستە هه‌تا ده‌وڵه‌تی تورك داوای لێبوردن نه‌كات و په‌یمان نه‌دات كه‌ كاری به‌و شێوه‌یه‌ دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌، ئه‌وا یه‌كێتی هه‌ڵوێستی خۆی نه‌گۆڕێت، بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رپرسه‌ هه‌ڵوێستێكی به‌و شێوه‌یه‌ی نیشان بدایه،‌ ده‌ستی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی به‌هێز ده‌كرد و دڵی گه‌لی كورد و ئه‌ندامانی خۆشیانی خۆش ده‌كرد، ئاشكرایه‌ توركیا ناتوانێت مانگێك به‌رگه‌ی هه‌ڵوێستێكی به‌و شێوه‌یه‌ بگرێت، چونكه‌ ئیتر توركیا ئه‌و هێزه‌ نییه‌ كه‌ هه‌رچییه‌كی بیه‌وێت بۆی بچێته‌ سه‌ر.

 

"لێدوانی بەرپرسەکەی یەکێتی لە هەولێر دڵی تورکیا خۆش دەکات"

 

سەبارەت بە لێدوانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، دیار غەریب وتی: ئه‌و لێدوانه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر دڵی توركیا خۆش ده‌كات، ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆیان و دڵسۆزانی كوردیش نیگه‌ران ده‌كات و ده‌ستی یه‌كێتی و حكومه‌تی هه‌رێمیش لاواز ده‌كات، دیاره‌ به‌شی زۆری به‌رپرسانی یه‌كێتی و كادیرانی یه‌كێتی له‌و ئاسته‌دان كه‌ ئه‌و ڕووداوه‌ باش بخوێننه‌وه ‌و هه‌ڵوێستێك نیشان بده‌ن كه‌ دڵی كوردو دۆستانی خۆش بكه‌ن و وانه‌یه‌كی باشیش بده‌نه‌ توركیا و هه‌موو داگیركه‌رانی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی جورئه‌تی ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن جارێكی تر به‌ كه‌یفی خۆیان ئه‌سپی خۆیان له‌ باشووردا تاو بده‌ن.

 

"ئه‌مه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ یه‌كێتی"

 

دیار غەریب سەبارەت بە پێگەی یەکێتی لەو دۆخەدا ڕایدەگەیەنێت: ئه‌مه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ یه‌كێتی، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی له‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ركه‌وتوویی ده‌ربچێت، ئه‌وا ده‌توانێت سه‌روه‌ری خۆی و گه‌له‌كه‌ی بپارێزێت و ببێته‌ نمونه‌یه‌كی باش بۆ حكومه‌تی هه‌رێم به‌گشتی، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش ده‌بێته‌ سنوور دانان بۆ به‌زاندنی سنووری باشووری كوردستان و سه‌روه‌رییه‌كه‌ی، بێگومان له‌م حاڵه‌ته‌دا خه‌ڵكی باشووری كوردستان و گه‌لی كوردستان به‌گشتی ده‌ستخۆشی لێده‌كه‌ن و پشتیوانی یه‌كێتی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت چۆك بۆ فشاره‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك دانه‌دات و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ فشار بخاته‌ سه‌ر توركیا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ست له‌و سیاسه‌تانه‌ به‌ر بدات.

 

"ئه‌گه‌ر تورک له‌م فشاره‌دا سه‌ر بكه‌وێت، ڕاناوه‌ستێت هه‌تا به‌ ته‌واوی یه‌كێتی خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌دات"

 

ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتی کەجەکە ڕوونیشی کردەوە: یەکێتی ئه‌گه‌ر گوێ له‌ به‌رپرسی فراكسیۆنه‌كه‌یان بگرن له‌ هه‌ولێر و بكه‌ونه‌ تۆمه‌تباركردنی په‌كه‌كه،‌ ئه‌وا ئه‌وه‌ی زیانی گه‌وره‌ی به‌ر دەكه‌وێت یه‌كێتی خۆیه‌تی، چونكه‌ ده‌وڵه‌تی تورك ئه‌گه‌ر له‌م فشاره‌دا سه‌ر بكه‌وێت، ئه‌وا ڕاناوه‌ستێت هه‌تا به‌ ته‌واوی یه‌كێتی خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌دات، ئه‌و كاته‌ش یه‌كێتی له‌ ڕاستی كوردایه‌تی و نیشتمانپه‌روه‌ری دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ ئامرازێك به‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌تی توركیاوه‌ و ئه‌ویش بۆ مه‌رامه‌كانی خۆی به‌كاری دێنێت، ئه‌وه‌ش شتێك نییه‌ له‌ لایه‌نی خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌كێتیشه‌وه‌ په‌سند بكرێت، بێگومان ئایینده‌یه‌كی نزیك وه‌ڵاممان ده‌داته‌وه ‌و به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كێتی له‌م تاقیكردنه‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو بێت.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin