Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئێن ئاڕ تى: ئاسایشی پارتی له‌ هه‌ولێر ستۆدیۆیه‌کى ئێمه‌ى داگیرکردووه‌

2017-08-23 18:42:08



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


ماڵپه‌رى فه‌رمى ئێن ئاڕ تى بڵاوى کرده‌وه‌، که‌ به‌ فه‌رمانى بارزانى، ئاسایشى پارتى له‌ شارى هه‌ولێر ستۆدیۆیه‌کى که‌ناڵه‌که‌یانى داگیرکردوه‌.


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ ماڵپه‌رى ئێن ئاڕ تى بڵاوى کرده‌وه‌، له‌ "دوێنێوه‌ ٢٢ی ئاب به‌ بڕیاری بارزانی ئاسایشی پارتی هێزێکی چه‌کداری ناردووه‌ته‌ سه‌ر ستۆدیۆیه‌کی ئێن ئاڕ تی و ڕێگه‌ی نه‌داوه‌ به‌ کارمه‌ندانی ئێن ئاڕ تی بچنه‌ ژووره‌وه‌، له‌ کاتێکدا بینای ستۆدیۆکه‌ مۆڵه‌تی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌کانی شاری هه‌ولێری هه‌یه‌".


ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش کراوه‌: "ئه‌و ستۆدیۆیه‌ی که‌ناڵی ئێن ئاڕ تی که‌ ئاسایشی پارتی ڕێگه‌ نادات بکرێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی به‌رنامه‌یه‌ له‌سه‌ر ریفراندۆم که‌ بڕیاره‌ له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌کانیدا ژماره‌یه‌ک به‌رنامه‌ له‌ شاری هه‌ولێر له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ئاماده‌ بکات".


ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: "به‌پێی زانیارییه‌کانی ئێن ئاڕ تی، بارزانی نیگه‌رانه‌ له‌ جوڵانه‌وه‌ی نه‌خێر له‌ ئێستادا و تا ئێستاش له‌ چه‌ند کۆبونه‌وه‌یه‌کدا باسی کردووه‌ و مه‌ترسی خۆی له‌ جوڵانه‌وه‌که‌ ئاشکراکردووه‌، ئه‌م ڕێگرییه‌ش هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه‌ و به‌ بڕیاری بارزانی ڕێگریی له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنیانه‌ له‌سه‌ر ریفراندۆم ده‌کرێت له‌ هه‌ولێر".


باس له‌وه‌ش کراوه‌: "که‌ناڵی ئێن ئاڕ تی، ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ئازادی ڕاده‌بڕین له‌سه‌ر ئاستی جیهان و هه‌روه‌ها کونسوڵ و نێرده‌ دیبلۆماسییه‌کان له‌م ڕووداوه‌ ئاگادار ده‌کاته‌وه‌ و به‌ پێشێلکاری ئاشکرای ئازادی کاری میدیایی ده‌زانین".


هاوکات ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داکۆکی له‌ مافی ڕۆژنامه‌نوسان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا پشتیوانی له‌ ئازادی کارکردنی که‌ناڵی ئێن ئاڕ تی له‌ شاری هه‌ولێر ڕاگه‌یاند و داوایکرد ململانێی سیاسیی نه‌بێته‌ به‌ربه‌ست له‌ جێبه‌جێکردنی یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ری.


له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه‌ "له‌ میانه‌ی سه‌ردانێکیدا بۆ ئۆفیسی هه‌ولێری که‌ناڵی ئێن ئاڕ تی ڕێکخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ به‌ به‌ڕێوه‌به‌ر و ستافی هه‌ولێری که‌ناڵه‌که‌ی ڕاگه‌یاندوه‌ میترۆ پشتیوانی له‌ ئازادی کارکردنتان له‌ هه‌موو شاره‌کانی هه‌رێم ده‌کات وتی نابێت ئه‌و ململانێیه‌ی ئیستا له‌ هه‌رێمدا هه‌یه‌ ببێته‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م ئازادی رۆژنامه‌نوسان و میدیاکان".


ک.ک



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin