Smiley face
Smiley face
Smiley face

ڕیفراندۆم لەنێوان بەڵێ‌ و نەخێردا- ڕاپۆرتی شیکاریی

2017-08-23 14:39:44



ڕۆژنیو- دانا عومەر

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم باشوری کوردستانی بەسەر دوو بەرەی نەخێر و بەڵێ-دا‌ دابەشکردووە، بەشێک لە بەرەی نەخێر پێی وایە، کە زەمینەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئامادە نەکراوە، بەشێکی دیکەشیان پێیان وایە، کە ڕیفراندۆم هەر نابێت ئەنجام بدرێت‌ و لەبری ئەوە خۆبەڕێوبەری دیموکراتیی پێشنیار دەکەن، بەرەی بەڵێ‌-ش پێی وایە کاتەکە گونجاوە و دەبێت ئەنجام بدرێت.

 

لە ڕۆژی ٧ی حوزەیرانی ئەمساڵدا چەند لایەنێکی باشوری کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لە هاوینەهەواری پیرمام بڕیاریاندا لە ڕۆژی ٢٦/ئەیلول/٢٠١٧ پرۆسەی ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت، بەڵام ئاماژە بۆ ئەوە نەکرا، کە ئایا ئەو ڕیفراندۆمە بۆ سەربەخۆییە یان تەنیا وەرگرتنی بۆچوونی خەڵکە.  

 

ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیاری ڕیفراندۆمی تێدا درا

 

لایەنە کوردستانییەکانی ناو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بێجگە لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، نوێنەریان لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمدا دیاریی کردووە، بەڵام هەریەک لە یەکێتی و یەکگرتوو، لەگەڵ ئەوەی نوێنەریان لە لیژنەکەدا هایە، ڕایانگەیاندووە، کە بەبێ‌ کاراکردنەوەی پەرلەمان ناچنە ناو پڕۆسەی ڕیفراندۆمەوە، هەریەک لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نین، بەڵام دەڵێن پێیویستە لە پەرلەمانەوە بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بدرێت و ناوماڵی هەرێم ڕێکبخرێتەوە و بژێوی خەڵک چاک بکرێت.

 

کۆبوونەوەی گۆڕان و کۆمەڵ

 

لەلایەکی ترەوە بەرەیەک بەناوی ( جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا) بۆ ڕیفراندۆم لەلایەن چەند ڕۆژنامەنووس و نووسەر و پەرلەمانتارەوە ڕاگەیاندراوە، کە ڕاشکاوانە هانی هاوڵاتیان دەدەن کە لە ڕیفراندۆمدا بە نەخێر دەنگ بدەن.

 

لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا، ڕابوون مەعروف، وتەبێژی جوڵانەوەکە لەبارەی بۆچوونیان لەسەر ڕیفراندۆم بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند:" لە ڕۆژی ٧ی حوزەیرانی ئەمساڵدا، کۆمەڵێک حزبی سیاسی بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی و شەرعی، ڕۆژی ٢٥ی ئەیلول-یان بۆ ڕیفراندۆم دیاریکرد، لەبری کۆکردنەوەی هەموو لایەک لەدەوری پرسێکی نیشتیمانی وەک ڕیفراندۆم، خەڵکیان بە شێوەیەکی خراپ بۆ دوو بەرە دابەشکردەوە".
 

ڕاگەیاندنی جوڵانەوەی نەخێر


ڕابوون مەعروف وتیشی:"ئێمە بەفەرمی بانگەشە بۆ نەخێر دەکەین و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە گونجاو نازانین لە ئێستادا، داواکارین کە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلولدا هەڵبوەشێتەوە، کار بۆ دامەزراندنی پایەکانی دەوڵەتێکی دیموکراتی و سەرکەوتوو بکرێت".


 
لە بەیانامەکەی جوڵانەوەی نەخێردا هاتووە، کە ئەگەر ڕیفراندۆم ئەنجامدرا داوا لە دەنگدەرانی وڵاتەکەمان دەکەین بە نەخێر دەنگ بدەن، چونکە نەخێر واتا نەخێر بۆ ئەزمونی شکست خواردووی حکومەتی هەرێم، دەسەڵاتی چەتەگەرێتی و بازرگانەکانی سیاسەت، نەخێر واتا نەخێر بۆ هەژاریی و نەهامەتی و ململانێی چەکداریی و شەڕ و ماڵوێرانی.

 

لەلایەکی ترەوە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، کە لایەنێکی سیاسی باشوری کوردستانە، ڕایگەیاندووە، کە ئەوان بەگشتی لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا نین و لەگەڵ نەخێردان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

 

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، بێریڤان محەمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لەبارەی ڕای ئەوان لەسەر ڕیفراندۆم وتی:"ڕیفراندۆم کراوەتە ڕۆژەڤێکی سیاسی لەلایەن پارتی-یەوە، هەندێک هێزی دیکەشی ڕازی کردووە بۆ ئەو بابەتە، ئەمەش هەنگاوێکە بەمەبەستی داپۆشینی قەیرانەکانی هەرێم، کە بە ڕای ئێمە نەک هەر داناپۆشرێت، بەڵکو بەرفراوانتریش دەبێت".

 

بێریڤان محەمەد

 

بێریڤان، وتیشی:"ئێمە پێمانوایە کە ئەم ڕیفراندۆمە نابێتە هۆی سەربەخۆیی کوردستان، بەڵکو دەبێتە هۆی ئەوەی کە باشوری کوردستان تووشی شەڕ و مەترسیی زیاتر بکات". 


سەبارەت بە پرۆژەی تەڤگەری ئازادیی، ناوبراو وتی:"پرۆژەی ئێمە پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتییە لە باشور، کە دەتوانێت چارەنووسی خەڵکی باشوری کوردستان بەرەو ئازادیی و سەربەخۆیی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە ببات".

 

لەلایەکی ترەوە هەندێک ڕێکخراوی مەدەنی و کەسایەتی، بە پێشەنگی ڕێخراوی ئنیستیتیوتی ۆرک و ڕێکخراوی فیوچەر، بەرەیەکی سێهەمیان لە نێوان بەڵێ‌ و نەخێردا پێک هێناوە، دەڵێن ئێمە نە لەگەڵ بەڵێ‌ و نە لەگەڵ نەخێر نین، بەڵکو لەگەڵ ئەوەین، کە ڕیفراندۆم زەمینەسازیی بۆ بکرێت و لە کاتێکی تردا ئەنجام بدرێت.

 

ئاشتی عەبدوڵا، سەرۆکی ئینیستیتوتی ۆرک، لەبارەی ڕای ئەوان لەسەر ڕیفراندۆم بە ڕۆژنیوزی وت:"بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە لایەن چەند حزبێکەوە دەرکراوە، ڕای پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە".

 

ئاشتی عەبدوڵا

 

ئاشتی، وتیشی:"هیچ تاکێک لە هەرێمی کوردستاندا نییە لەگەڵ سەربەخۆییدا نەبێت، بەڵام بڕیارێکی ئاوا لێکەوتە خراپەکانی بەر خەڵک دەکەوێت، برسێتی و نەهامەتییەکانی خەڵک هەڵی دەگرێت، بۆیە ئێمە لە ئێستادا لەگەڵ بەڵێ-دا نین، لەگەڵ نەخێر-یشدا نین، چونکە بە مەترسیداریی دەزانین، نامانەوێت هاوڵاتی بەلەرامبەر خراپی ئەم دەسەڵاتەدا بە نەخێر دەنگ بدات، بۆیە ئێمە تا ٢٤/٩، هەوڵی دروستکردنی فشاردەدەین، بۆ ئەوەی ئەم پرسە دوابخرێت، بە یاسایی بکرێت و بە نیشتیمانی بکرێت".

 

ئاشتی عەبدوڵا، ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەر ڕیفراندۆم دوانەخراو داواکارییەکانی ئەوان جێبەێ‌ نەکرا، ئەوا ئەوان هەڵوێستی تریان دەبێت، ڕەنگە هانی هاوڵاتییان بدەن بایکۆتی دەنگدان بکەن و نیشانەی ڕاست و چەپ بدەن لە فۆرمەکە.

 

بەرەی بەڵی، لە ڕیفراندۆمدا پێک دێن لە چەندین لایەنی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەگشتی ڕایەکی یەکگرتوویان نییە لە سەر چۆنیەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و زۆرجار ڕای جیاواز لەبارەی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە دەردەبڕن، بەڵام لەسەر ئەوە کۆکن کەئەم دەرفەتەی بەهۆی شەڕی داعش و گۆڕانکاری لە نەخشەی ناوچەکەدا هاتووەتە پێشەوە، دەبێت بقۆزرێتەوە و وەک دەرفەتێک بۆ سەربەخۆی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنرێت.

 

 

ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin