Smiley face
Smiley face
Smiley face

هه‌ولێر، ڕێگریى له‌ کردنه‌وه‌ى ستۆدیۆیه‌کى ئێن ئاڕ تى ده‌کرێت

2017-08-22 19:21:10



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


ماڵپه‌رى ئێن ئاڕ تى بڵاوى کرده‌وه‌، که‌ ئاساشی پارتی له‌ هه‌ولێر رێگری له‌ کردنه‌وه‌ی ستۆدیۆی به‌رنامه‌کانی که‌ناڵی ئێن ئاڕ تی ده‌کات و به‌ بڕیاری بارزانی-ش ڕێگری له‌ ئه‌نجامدانی به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی له‌سه‌ر ڕیفراندۆم ده‌کرێت له‌ هه‌ولێر. 


به‌پێى ماڵپه‌ره‌که‌، که‌ وه‌کو هه‌واڵێکى به‌په‌له‌ دایناوه‌، "ئه‌مڕۆ ئاسایشى هه‌ولێر هێزی چه‌کداری ناردۆته‌ سه‌ر بیناى ستۆدیۆکه‌ و ڕێگری ده‌کات کارمه‌ندانی ئێن ئاڕ تی بچنه‌ ژووره‌وه‌، له‌ کاتێکدا بینای ستۆدیۆکه‌ مۆڵه‌تی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و لایه‌نه‌ ئه‌منیه‌کانی شاری هه‌ولێری هه‌یه‌".


ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: "ئه‌و ستۆدیۆیه‌ی که‌ناڵی ئێن ئاڕ تی که‌ ئاسایشی پارتی ڕێگه‌ نادات بکرێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی به‌رنامه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕیفراندۆم و بڕیاره‌ له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌کانیدا ژماره‌یه‌ک به‌رنامه‌ له‌ شاری هه‌ولێر له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ئاماده‌ بکات".


ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش کراوه‌ "به‌پێی زانیارییه‌کانی ئێن ئاڕ تی، بارزانی نیگه‌رانه‌ له‌ جوڵانه‌وه‌ی نه‌خێر له‌ ئێستادا و تا ئێستاش له‌ چه‌ند کۆبونه‌وه‌یه‌کدا باسی کردووه‌ و مه‌ترسی خۆی له‌ جوڵانه‌وه‌که‌ ئاشکراکردووه‌، ئه‌م ڕێگرییه‌ش هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه‌ و به‌ بڕیاری بارزانی رێگری له‌ ئه‌نجامدانی به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی له‌سه‌ر ریفراندۆم ده‌کرێت له‌ هه‌ولێر".


له‌ کۆتاییشدا ئێن ئاڕ تى ڕایگه‌یاندوه‌: "که‌ناڵی ئێن ئاڕ تی، ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ئازادی ڕاده‌بڕین له‌سه‌ر ئاستی جیهان و هه‌روه‌ها کونسوڵ و نێرده‌ دیپلۆماسیه‌کان له‌م ڕووداوه‌ ئاگادار ده‌کاته‌وه‌ و به‌ پێشێلکاری ئاشکرای ئازادی کاری میدیایی ده‌زانین".


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin