Smiley face
Smiley face
Smiley face

عه‌لى باپیر وه‌ڵامى مه‌سعود بارزانى ده‌داته‌وه‌

2017-08-22 19:09:11



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


عه‌لی باپیر ئه‌میری کۆمه‌ڵی ئیسلامیی کوردستان وه‌ڵامی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانى دایه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: "نیگه‌رانى ئێمه‌ له‌م دۆخه‌ ته‌شه‌نه‌کردنى سته‌م و قۆرخکاریى و گه‌نده‌ڵییه‌".


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێکى نوسراودا که‌ وێنه‌یه‌کى به‌ ڕۆژنیوز گه‌یشتوه‌، عه‌لى باپیر ئه‌میرى کۆمه‌ڵى ئیسلامى وه‌ڵامى مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى دایه‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى دوێنێ‌ بارزانی له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کیدا له‌گه‌ڵ سه‌ندیکاکان "سه‌رسوڕمانی خۆی له‌ نیگه‌رانیی کۆمه‌ڵی ئیسلامیی له‌م دۆخه‌، نیشاندا بوو".


عه‌لى باپیر نوسیویه‌تى: "هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی نیگه‌رانیی ئێمه‌ له‌ بارودۆخى ئێستاى هه‌رێمى کوردستان بریتییه‌ له‌ به‌ دامه‌زراوه‌نه‌کردنی کاروباره‌کان ‌و ده‌ستوه‌ردانی حیزب‌ و که‌س له‌ کۆی ئیداره‌ی وڵات ‌و شکاندنی شکۆی په‌رله‌مان ‌و په‌کخستنی و...هتد".


ئه‌وه‌شى نوسیوه‌: "هه‌روه‌ها بێهێز و پێزکردنی ده‌سته‌ڵاتی دادوه‌رییو پێشێلکردنی یاسا، له‌ ئه‌نجامی ده‌ست تێخستنی حیزب‌ و که‌سه‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی دابینکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ناشه‌رعییه‌کانیان، وه‌ک: کپکردن‌و خه‌فه‌کردنی ده‌نگی ئازا و ئازاد و بڵاوکردنه‌وه‌ی ترس‌ و تۆقاندن‌ و...هتد".


عه‌لى باپیر باسى له‌وه‌ش کردوه‌: "به‌ پێوه‌رنه‌گرتنی مرۆڤبوون‌ و هاوڵاتیی بوون بۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا و فه‌رق‌ و جیایی پێکردنیان، به‌هۆی ئینتیمای حیزبیی ‌و سیاسیی ‌و فیکریی ‌و عه‌شیره‌ت‌و ده‌ڤه‌ر و....هتده‌وه‌".


عه‌لى باپیر له‌و وه‌ڵامه‌دا که‌ بۆ بارزانى نوسیوه‌، ئه‌وه‌شى وتووه‌: "ته‌شه‌نه‌کردنی سته‌م‌و قۆرخکارییو گه‌نده‌ڵیی له‌ هه‌رێمى کوردستان، سه‌رئه‌نجام سه‌رهه‌ڵدانی چینێکی که‌مینه‌ی مشه‌خۆری ملیاردێر و ساماندار، له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵک‌ و جه‌ماوه‌رێکی زۆرینه‌ی نه‌دار و چه‌وساوه‌ و هه‌ناسه‌ سارد".


له‌ کۆتاییشدا ئه‌وه‌ى نوسیوه‌: "ئه‌وه‌ی هۆکاری نیگه‌رانییو بێزاریی ئێمه‌ و خه‌ڵکێکی زۆری ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ کورتیی ئاماژه‌م پێداو، هه‌موو لایه‌کیش دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌، که‌ ئه‌گه‌ر بڕیار به‌ده‌ستانی ئه‌م هه‌رێمه‌، چاوێکی جیددیی به‌خۆیاندا بگێڕنه‌وه‌ و، کێشه‌و قه‌یرانه‌ دروستکراوه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ن، با هیچ که‌س گوێ‌ به‌ دوورییو نیزیکییو نیگه‌رانییو ڕازییبوونی ئێمه‌ نه‌دات".


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin