Smiley face
Smiley face
Smiley face

نووسینگه‌ى مافى مرۆڤى هه‌ڵه‌بجه‌: کوشتنی ژنان زیادیکردووە

2017-08-22 14:58:00



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامى


 
به‌پێى ئاماره‌کانى نوسینگه‌ى مافى مرۆڤى هه‌ڵه‌بجه‌ لە شه‌ش مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ-دا دوو حاڵه‌تى کوشتنى ژنان تۆمار کراون ئه‌مه‌ش له‌چاو ساڵى ڕابردوو زیادیکردووه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى نوسینگه‌که‌ش ده‌ڵێت: هه‌ڵگرتنى چه‌کى بێ مۆڵه‌ت هۆکارێکی زیادبوونى کوشتنه‌کانه‌.

 

گوڵستان ئه‌حمه‌د، به‌ڕێو‌به‌رى نووسینگه‌ى مافى مرۆڤى هه‌ڵه‌بجه‌، ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنانی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تایبەت بۆ ڕۆژنیوز خستەڕوو.

 

گوڵستان ئه‌حمه‌د، به‌ڕێو‌به‌رى نووسینگه‌ى مافى مرۆڤى هه‌ڵه‌بجه‌ وتی:"به‌پێى ئاماره‌کان لە شەش مانگی سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا  سێ  حاڵه‌تى سوتاندن (واتا خۆی خۆی نەسوتاندووە، دیاریش نییە لە ژیاندا ماون یان نا)، له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌یدسادق و شاره‌زوور، له‌گه‌ڵ دوو حاڵه‌تى کوشتن، که‌ هه‌ردووکیان له‌شارى هه‌ڵه‌بجه‌ تۆمار کراون".

 

گوڵستان، وتیشی:"کوشتنی ژنان له‌چاو ساڵى ڕابردوو‌ زیادیکردووه،‌ که‌ به‌درێژایى ساڵى ٢٠١٦ هیچ حاڵه‌تێکى کوشتنى ژنان لە نووسینگەکەمان تۆمارنەکراوە".
 


ناوبراو، وتیشى:"حاڵه‌ته‌کانى ترى کۆمه‌ڵایه‌تى وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌ و لێدان و ناپاکیى هاوسه‌رگیرى و چه‌ند حاڵه‌تێکى تریش لە شه‌ش مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ-دا لە هەڵەبجە ١٦ حاڵەت، لە پێنجوێن ١٦ حاڵەت و لە شارەزوور ٢٣ حاڵەت و لە سەیدسادق ٤٥ حاڵەت تۆمارکراوە، کە به‌ به‌راوورد به‌ شەش مانگی یەکەمی ساڵى ڕابردوو، حاڵەتەکان کەمیکردووە". 

 

گوڵستان ئەحمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "که‌م بوونه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانى ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ سیمینار و هۆشیارکردنه‌وانه‌ى، که‌ نوسینگه‌که‌مان له‌ته‌واوى شار و شارۆچکه‌کانى سنورى هه‌ڵه‌بجه‌ و شاره‌زوور و پێنجوێن و سه‌یدسادق ئه‌نجامیداوه‌".


 
سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاماری کوشتنی ژنان-یش، بەرپرسی نووسینگەی مافی مرۆڤی هەڵەبجە، وتی:"هۆکارەکە‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵگرتنى چه‌کى بێ مۆڵه‌ت و بوونى چەک لەناو ماڵه‌کان-دا، هەروەها ڕه‌وشى ناله‌بارى سیاسیى و دارایى هه‌رێم-یش وایکردووه‌ کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان سه‌ر بکێشن بۆ کوشتن و به‌م جۆره‌ش پاراستنى مافى مرۆڤ ڕووى له‌ داکشان کردوه‌".


 
ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin