Smiley face
Smiley face
Smiley face

ڕێکخراوى ژنانى ئازادى کوردستان هه‌ڵوێستى خۆى له‌سه‌ر ڕیفراندۆم ڕاگه‌یاند

2017-08-21 20:22:34



ڕۆژنیوز ـ ڕێباز سه‌باح


ڕێکخراوى ژنانى ئازادى کوردستان – ڕژاک هه‌ڵوێستى خۆى له‌سه‌ر ڕیفراندۆم ئاشکرا کرد و ڕایگه‌یاند: "ئێمه‌ ده‌ڵێین نه‌خێر بۆ ڕیفراندۆم و نه‌خێر بۆ ده‌وڵه‌تى بنه‌ماڵه‌ و ده‌وڵه‌تى ژنکوژ".


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌ باخچه‌ى قه‌ڵا له‌ شارى که‌رکوک ڕێکخراوى ژنانى ئازادى کوردستان له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا هه‌ڵوێستى خۆیان له‌سه‌ر ڕیفراندۆم بۆ ڕاى گشتى ئاشکرا کرد.


سه‌ما محه‌مه‌د ئه‌ندامى ڕێکخراوى ژنانى ئازادى کوردستان لێدوانى ڕێکخراوه‌که‌ى خوێنده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: "ئێمه‌ وه‌ک ڕێکخراوى ژنانى ئازادى کوردستان له‌ ڕیفراندۆمدا به‌ نه‌خێر ده‌نگ ده‌ده‌ین و ده‌ڵێین نه‌خێر بۆ ڕیفراندۆم، نه‌خێر بۆ ده‌وڵه‌تى بنه‌ماڵه‌، نه‌خێر بۆ ده‌وڵه‌تى ژنکوژ".

 


وتیشى: "داوا له‌ هه‌موو ڕێکخراوه‌کانى ژنان و ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کان و که‌سایه‌تى و ڕۆشنبیر و که‌سانى دیموکراتخواز ده‌که‌ین هه‌موان ده‌نگى نه‌خێر به‌کاربهێنن، ئێمه‌ ده‌ڵێین نه‌خێر بۆ ڕیفراندۆم و ده‌وڵه‌تى بنه‌ماڵه‌، نه‌خێر بۆ ژنکوشتن، نه‌خێر بۆ عه‌قڵییه‌تى پارچه‌گه‌رى و نه‌خێر بۆ په‌راوێزکردنى که‌رکوک و خانه‌قین و شه‌نگال و موسڵ".


ئه‌وه‌شى وت: "ئێمه‌ ده‌ڵێین به‌ڵێ بۆ خۆبه‌ڕێوبردنى دیموکراتى و به‌ڵى بۆ کۆنفیدرالیزمى دیموکراتى، به‌ڵى بۆ به‌یه‌که‌وه‌ ژیانکردنى گه‌لان و هه‌موو باوه‌ڕییه‌کان، به‌ڵى بۆ پێشه‌نگایه‌تى ژنان، به‌ڵێ بۆ یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى له‌ کوردستان، به‌ڵێ بۆ کۆنفیدراسیونى ژنانى کورد له‌ هه‌موو به‌شه‌کانى کوردستان، به‌ڵێ بۆ هێزى پاراستنى هاوبه‌شى ژنان".


هه‌ر له‌ لێدوانه‌که‌ سه‌ما محه‌مه‌د ئه‌وه‌ى وت: "ئێمه‌ وه‌ک ڕێکخراوى ژنانى ئازادى کوردستان که‌ ناوه‌نده‌که‌مان له‌ شارى که‌رکوکه‌ و له‌ هه‌موو باشورى کوردستان و عێراقدا کار ده‌که‌ین و زۆرترین خزمه‌تمان به‌ پرسه‌کانى ژنان کردووه‌، ماوه‌ى سێ ساڵ و سێ مانگ ده‌بێت ئۆفیسى ڕێکخراوه‌که‌مان له‌ هه‌ولێر له‌ لایه‌ن هێزه‌کانى پارتییه‌وه‌ داخراوه‌ و ده‌ستى به‌سه‌رداگیراوه‌، هۆکاره‌که‌شى ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ڕێکخراوێکى ڕادیکاڵین و داکۆکى له‌ مافه‌کانى ژنان ده‌که‌ین و ڕووى ڕه‌شى ده‌سه‌ڵات ئاشکرا ده‌که‌ین له‌ به‌رامبه‌ر ژنان".


له‌ کۆتاییشدا ڕایگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌ جیاتى ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌، پرۆژه‌ و مۆدێلى سیسته‌مى خۆبه‌ڕێوه‌بردنى دیموکراتى گونجاو ده‌بینین، که‌ پرۆژه‌ى ڕێبه‌رى گه‌لى کورد به‌ڕێز عه‌بدوڵا ئۆجالانه‌ و پێشکه‌شى هه‌موو گه‌لى کورد و مرۆڤایه‌تى کردووه‌، که‌ سیسته‌مێکى دیموکراتى گه‌لانه‌ و پێشه‌نگایه‌تیه‌که‌ى له‌لایه‌ن ژنان و لاوانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت".


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin