Smiley face
Smiley face
Smiley face

كۆمسیۆن: پێداویستییە تەكنیكییەکانمان بۆ هەڵبژاردن و ڕیفراندۆم ئامادەكردووە

2017-08-21 13:58:18



ڕۆژنیوز - دانا عومەر

 

بڕیاردەری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان ڕایدەگەینێت، كە هەمووپێداویستیەكی تەكنیكییان بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم و ڕیفراندۆم ئامادە كردووە، دەشڵێت: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەرگای بنكەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەكرێتەوە.
 

بڕیار وایە، لە ٢٥ی مانگی داهاتوودا، پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستاندا ئەنجام بدرێت، وە ئەگەرێک هەیە لەمانگی ١١دا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجام بدرێت، كە هەردوو پڕۆسەكە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت.

 

ئیسماعیل حەمەعەلی، بڕیاردەری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، لەبارەی ئامادەكاریەكانیان بۆ ڕیفراندۆم و هەڵبژاردن، بە ڕۆژنیوزی وت:"ئێمە لە ئەنجومەنی كۆمسیاران هەموو ڕێكارەكانمان بۆ پڕۆسەی ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان تەواو كردووە، بڕیار وایە كاركردن بۆ هەردوو پڕۆسەكە پێكەوە بڕوات".

 

وتیشی:"لەئێستادا هەموو ئەو كەرەستانەی كەپێویستە بۆ ئەنجامدانی هەردوو پڕۆسەكە لە سندووقی دەنگدان و كابینەی دەنگدان و كەرەستەكانی تر هەموویمان ئامادە كردووە، لە ڕووی سیستمی بەڕێوە چوونەوە هەموو سیستمی پڕۆسەی ڕیفراندۆم تەواو بووە، ڕەش نووسی ڕێوشوێنی هەڵبژاردنەكانیش تەواو بووە و بڕیار وایە لەم هەفتەیەدا لە ئەنجومەنی كۆمسیاران دەنگی لەسەر بدەین".

 

ناوبراو وتیشی:"گرێبەستی فەرمانبەرانی كاتی تەواو بوو دەست بەكار بوون، بڕیار وایە لە چەندڕۆژی داهاتوودا بنكەكانی تۆماری دەنگدەران بكرێتەوە بۆ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، ئومێد دەكەین هەردوو پڕۆسەكە بێ‌ گرفت تەواو بێت".

 

لەبارەی ئەوەی كەی دەرگای خۆ تۆماركردن بۆ كاندیدەكان و قەوارە سیاسییەكان دەكەنەوە بۆ هەڵبژاردن، ئیسماعیل حەمەعەلی وتی:"تا ڕێكارەكانی هەڵبژاردن پەسەند نەكرێت و نەخرێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە، دەرگای خۆ تۆماركردن بۆ كاندیدان و قەوارە سیاسییەكان ناكرێتەوە، چونكە بەپێی ئەو ڕیكارانە مەرجەكانی تۆماركردن دیاری دەكرێت".

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin