Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئارام شێخ محه‌مه‌د ئیدانه‌ى ڕفاندنى فه‌رهاد سه‌نگاوى ده‌کات

2017-08-20 18:09:14



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


ئارام شێخ محه‌مه‌د له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا ئیدانه‌ى ڕفاندنى فه‌رهاد سه‌نگاوى کرد و ڕایگه‌یاند، "ناکرێ له‌ پایته‌ختی ڕۆشنبیری هه‌رێمى کوردستان په‌رله‌مانتار و مامۆستای ئایینی ڕووبه‌ڕووی ڕفاندن و هه‌ڕه‌شه‌ و لێدان ببنه‌وه‌ به‌ به‌رچاوی دونیاوه‌".


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ ئارام شێخ محه‌مه‌د جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا که‌ وێنه‌یه‌کى بۆ ڕۆژنیوز نێردراوه‌، ئیدانه‌ى ڕفاندنى فه‌رهاد سه‌نگاوى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستان و ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى جوڵانه‌وه‌ى نه‌خێر له‌ ئێستادا-ى کرد.


له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه‌: "بیستنی هه‌واڵی ده‌ستدرێژیکردنه‌ سه‌ر ئازادییه‌کان خه‌ریکه‌ ده‌بێته‌ مۆدێل و پێناسه‌ی سیمایه‌کی ناشرینی ژیانکردن له‌ هه‌رێمی کوردستان، لێدان و ڕفاندن و سوکایه‌تیکردن به‌ هه‌ڵگرانی بیروڕای جیاواز و شکاندنی شکۆی سیمبولی پیرۆزییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان جگه‌ له‌ به‌دکاری و بێمه‌نتی هیچی ترمان پێناڵێت".


ئه‌وه‌ش هاتووه‌: "له‌کاتێکدا چاوه‌ڕوانبوین به‌رپرسانی ئه‌منیی پارێزگای سلێمانی بکه‌رانی هێرشکردنه‌ سه‌ر مامۆستای ئاینی مه‌لا سامان ئاشکرا بکه‌ن و ڕاپێچی دادگایان بکه‌ن، ئه‌مڕۆ شاهیدی ڕفاندن و لێدانی کاک فه‌رهاد سه‌نگاوی ده‌بین".


ئارام شێخ محه‌مه‌د ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌کات: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌فتار و کرده‌وه‌ نائینسانی و تۆقێنه‌ره‌ به‌ توندی ئیدانه‌ ده‌که‌ین، به‌ پێویستی ده‌زانین ده‌زگا ئه‌منییه‌کان هه‌وڵی جدی بده‌ن بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوکێ و کاڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ جگه‌ له‌ برسێتی و ناعه‌داله‌تی، خه‌ڵکی کوردستان له‌ فه‌له‌تانێکی ئه‌منی ترسناکدا ده‌ژی و هه‌ر تاکێکی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ له‌ هه‌موو ئان و ساتێکدا له‌سه‌ر وتنی قسه‌یه‌کی جیاواز، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ببێته‌ ئامانج و که‌رامه‌تی بشکێنرێت".


ئه‌مڕۆ فه‌رهاد سه‌نگاوى ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی جوڵانه‌وه‌ی نه‌خێر له‌ ئێستادا ڕفێندرا و دوای چه‌ند کاتژمێرێک له‌ ڕفاندنى ئازادکرا و دواى ئازادکردنیشى وتی، ئه‌و له‌ ماڵی برایه‌کی بووه‌ له‌ گه‌ڕه‌کی کانی بای شاری سلێمانی و چه‌ند که‌سێک چوونه‌ته‌ ماڵی براکه‌ی و ڕفاندویانه‌.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin