Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئه‌کادیمیای سیاسه‌ت و هزری دیموکراسی ئه‌نجامنامه‌ی کۆنفرانسه‌که‌ی بڵاوکرده‌وه‌

2017-08-19 20:08:37



ڕۆژنیوز - جیهاد هه‌ورامی


پاش کۆتایی هێنان به‌ دووه‌مین کۆنفرانسی خۆی، ئه‌کادیمیای سیاسه‌ت و هزری دیموکراسی، ئه‌نجامنامه‌یه‌کی ١٦ خاڵی بڵاو کرده‌وه‌ و تیایدا جه‌ختی له‌ کاراکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێکی ته‌ندروست له‌ هه‌رێمی کوردستان کرده‌وه‌.


ئه‌کادیمیای سیاسه‌ت و هزری دیموکراسى ئه‌مڕۆ دووه‌مین کۆنفرانسی خۆی له‌ژێر ناوی "چاکسازی له‌ پرسی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا گه‌ره‌نتی بونیادی دیموکراسی ڕاسته‌قینه‌یه‌" له‌ هۆڵی شێخ سه‌عید، له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌برد که‌ تێیدا چه‌ندین که‌سی شاره‌زا له‌ بواری یاسا و هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌شداریان تێدا کرد.


ئارام ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی ئه‌کادیمیای سیاسه‌ت و هزری دیموکراسی، ئه‌نجامنامه‌ی کۆتایی کۆنفرانسه‌که‌ی خوێنده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: "پاش به‌ڕێوه‌چونی پانێله‌کان خستنه‌ڕووی توێژینه‌وه‌کان و تێبینی ئاماده‌بوان گه‌یشتینه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی که‌ پێشنیار و ڕاسپارده‌کانی توێژه‌ر و میوانان کۆبکه‌ینه‌وه‌ له‌ ڕه‌شنوسێکدا پاشان پێداچوونه‌وه‌یان بۆ بکرێت و دوای لێ ووردبونه‌وه‌ و وه‌رگرتنی سه‌رنجی زیاتر له‌و باره‌یه‌وه‌، بکرێته‌ پێشنیاری فه‌رمی و بگه‌یه‌نرێته‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و دامه‌زراوه‌ خاوه‌ن بڕیاره‌کانی هه‌رێم".

 

 

ئه‌نجامنامه‌که‌ش به‌م شێوه‌ی لای خواره‌وه‌یه‌:


١. کاراکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و هه‌وڵدان بۆ چالاککردنى و په‌له‌کردن  له‌ ده‌ستبه‌کاربونه‌وه‌ی.


٢. هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاساکانی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن و گونجاندنیان له‌گه‌ڵ دۆخی نوێی سیاسی هه‌رێم و عێراق و ناوچه‌که‌.


٣. کارکردن له‌پێناو چالاککردنی ڕۆڵی ده‌زگاکانی داده‌ری و چاودێریکردنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌پێناو باشترکردنی پڕۆسه‌که‌ و که‌مکردنه‌وه‌ی خروقات له‌ پڕۆسه‌که‌دا.


٤. هه‌موارکردنی ئه‌و به‌شه‌ی له‌ یاساکان که‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ مافى که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌کان و ئه‌نجامدانی گۆڕانکاری له‌ سیستمی کۆتاکان، که‌ به‌ شێوه‌یه‌ک هه‌م خزمه‌ت بێت به‌ که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌کان و هه‌م پڕۆسه‌ی سیاسی.


٥. پارت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان به‌ شێوه‌ی له‌خۆبوردوانه‌ و له‌پێناو به‌ژه‌وه‌ندی گشتیدا، پێکه‌وه‌ کاربکه‌ن له‌پێناو گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مانای ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌مه‌ش باوه‌ڕبونه‌ به‌ پڕۆسه‌ی دیموکراسی و ڕازی بونه‌ به‌ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان.


٦. سیستمی هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی وا بگونجێندرێت که‌ بخرێته‌ خزمه‌ت ئاشتی و ئارامی سیاسیه‌وه‌.


٧. دۆخی سیاسی هه‌رێم به‌ شێوه‌یه‌ک ئارام بکرێته‌وه‌ و سه‌قامگیر بکرێت که‌ هاوڵاتیان بتوانن به‌ شێوه‌یه‌کی عه‌قڵانی و دوور له‌ هه‌ر سۆز و پێوه‌ری ناعه‌قڵانی ده‌نگ بده‌ن و به‌شداربن له‌ پڕۆسه‌ى سیاسیدا.


٨. ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و گروپه‌کانی فشار له‌ڕێگه‌ی چالاکیه‌کانیانه‌وه‌ کاربکه‌ن له‌پێناو هۆشیارکردنه‌وه‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ و له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ پێشکه‌وتنی سیاسی به‌دیبهێنرێت.


٩. په‌ره‌ به‌ هزری دیموکراسی بدرێت و هه‌وڵی چه‌سپاندنی ڕاسته‌قینه‌ی دیموکراسی بدرێت له‌ڕێگه‌ی ده‌زگاکانی حکومه‌ت و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و پارته‌ سیاسیه‌کان.


١٠. کۆمیسیۆن بکرێته‌ خاوه‌نی بودجه‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆی و ئه‌مه‌ش وای لێ ده‌کات نه‌بێته‌ پاشکۆی هیچ یه‌ک له‌ ده‌سه‌ڵاته‌کان.


١١. پلانی تۆکمه‌ دابنرێت بۆ هه‌ڵبژاردن و پڕۆسه‌کانی داهاتوو که‌ بڕیاره‌ ئه‌نجام بدرێن.


١٢. دابینکردنی پێداویستی لۆجستی و ئاماده‌کاریی له‌ سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌کان.


١٣. سوود  وه‌رگرتن له‌ ته‌کنه‌لۆجیا و ئامێره‌ زیره‌که‌کان بۆ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.


١٤. نوێکردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران و چاککردنی به‌ شێوه‌یه‌کی ئه‌لیکترۆنی و نوێ.


١٥. ڕاهێنانی بریکار و چاودێره‌کانی کۆمیسیۆن له‌سه‌ر شێوازی به‌ڕێوه‌چونی کاره‌کانی کۆمیسیۆن.


١٦. دانانی بڕێکی دیاریکراو له‌ بودجه‌ که‌ بدرێت به‌ پارته‌ سیاسییه‌کان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی بانگه‌شه‌کانیان.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin