Smiley face
Smiley face
Smiley face

شیوعی لە کەرکوک: دەبێت بڕوامان بە نەخێر-یش هەبێت بۆ ڕیفراندۆم

2017-08-19 14:43:38



ڕۆژنیوز – ڕێباز سه‌باح

 

لە شاری کەرکوک پانێڵک سەبارەت بە چاره‌نووسى ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان له‌ دوورێیانى (به‌ڵێ و نه‌خێر)ى ڕیفراندۆمدا- بەڕێوەدەچێت و به‌رپرسى کۆمیته‌ى که‌رکوکى حزبى شوعى-یش دەڵێت:"چۆن بڕوامان به بەڵێ هەیە، دەبێت ئاواش بڕوامان بە نەخێر هەبێت".

 

ئه‌مڕۆ له‌ شارى که‌رکوک ڕاگەیاندنی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتییمانی کوردستان بە هاوکاریی ڕێکخراوی  Community Developmental Disability Organization، پانێڵێکیان له‌ژێرناونیشانى (چاره‌نووسى ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان له‌ دوورێیانى (به‌ڵێ و نه‌خێر)ى ڕیفراندۆمدا) بۆ ژمارەیەک لە پەرلەمانتار، سیاسیی، مامۆستای زانکۆ، ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس سازکرد.

 

 

عه‌لى قه‌ڵاى، لێپرسراوى به‌شى ڕاگه‌یاندنى مه‌ڵبه‌ندى که‌رکوک سەبارەت بە ئامانجی ڕێکخستنی پانێڵەکە بە ڕۆژنیوزی وت: گرنگە لەڕێگای ئه‌م پانێڵه‌وە بۆچوونی خه‌ڵکى که‌رکوک لەبارەی ڕیفراندۆمەوە بگوازینه‌وه‌ بۆ قیاده‌ى سیاسى کوردیى، چونکه‌ ئه‌م شاره‌ تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه، نه‌ته‌وه‌ى جیاواز و ئاینى جیاوازی تێدایە و پرسەکەش گرنگ و چارەنووسسازە.

 

عه‌لى قه‌ڵاى

 

هەروەها، شێخ سدیق ئەحمەد، به‌رپرسى کۆمیته‌ى که‌رکوکى حزبى شوعى کوردستان و یەکێک لە پێشکەشکارانی پانێڵەکە باسی ناوەڕۆکی پانێڵەکەی بۆ ڕۆژنیوز کرد و وتی: لەم پانێڵەدا‌ باسى باشوری کوردستان و قەیرانەکانمان کرد، ئه‌م دۆخه‌ باشوری کوردستانى کردووه‌ به‌ دووبه‌شه‌وه‌ به‌شێک له‌ گه‌ڵ نه‌خێره ‌بۆ ڕیفراندۆم و به‌شێکیش له‌گه‌ڵ به‌ڵێ-یه‌، کە ئه‌مه‌ قه‌یرانى کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و پێمان وایه‌ قەیرانە سیاسییەکە دروستیکردووە.

 

شێخ سدیق ئەحمەد

 

شێخ سدیق، وتیشى: له‌ پانێڵه‌که‌دا ئاماده‌بووان پرسیاری جیاوازیان ئاڕاسته‌ کردین به‌وه‌ش ده‌رکه‌وت، که‌ بیروڕاى جیاواز له‌سه‌ر پرسى ڕیفراندۆم هه‌یه‌، منیش پێموایە، کە ناکرێت هیچ که‌سێک به‌ خائین و خۆ فرۆش له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین، چۆن بڕوامان به بەڵێ هەیە، دەبێت ئاواش بڕوامان بە نەخێر هەبێت.

 

پانێڵەکە لەلایەن ئەم کەسایەتییانەی شاری کەرکوکەوە پێشکەشکرا:

 

شێخ سدیق ئەحمەد، به‌رپرسى کۆمیته‌ى که‌رکوکى حزبى شوعى کوردستان

 

د.ئه‌کره‌م میهردار، ڕۆشنبیر

 

حه‌سه‌ن جیهاد، ئه‌ندامى خولی پێشووى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی

 

شوان داودى، په‌رله‌مانتارى عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی

 

د.عه‌دنان زه‌نگه‌نه،‌ مامۆستاى زانکۆ 


بورهان حاجى سلێمان، سه‌رنووسه‌رى ڕۆژنامه‌ى هه‌واڵ

 

 

ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin