Smiley face
Smiley face
Smiley face

کۆنفرانسێک لە بارەی چاکسازیی لە هەڵبژاردندا بەڕێوە دەچێت

2017-08-19 13:31:25



ڕۆژنیوز- دانا عومەر

 

بە ئامانجی قسەکردن لەسەر پرسی هەڵبژاردن و چاکسازیی لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراسی، دووەمین کۆنفرانسی لەژێر ناونیشانی، چاکسازی لە پرسی هەڵبژاردناکاندا گەرەنتی بونیادی دیموکراسی ڕاستەقینەیە، ساز کرد.

 

کاتژمێر ١٠:٣٠ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لە هۆڵی شێخ سەعد، لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بەرزاییەکانی سلێمانی لە شاری سلێمانی، ئەکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراسی، بە ئامانجی چاکسازیی لە پرسی هەڵبژاردنەکاندا، دووەمین کۆنفرانسی خۆی ساز کرد، کە تێیدا چەندین کەسی شارەزا لە بواری یاسا و هەڵبژاردندا بەشدارییان تێدا کرد، بڕیار وایە تا کاتژمێر ٥ی ئێوارە بەردەوام بێت.

 

 

دکتۆر فایەق گوڵپی، سەرۆکی ئەکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراسی، لەبارەی ئامانجی کۆنفڕانسەکەیانەوە بە ڕۆژنیوزی وت:"ئامانجی ئەکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراسی، ئەوەیە قسە لەسەر ئەو چەمکە سیاسییانە بکەین کە هەڵەن و ڕاستی بکەینەوە، چونکە پێمانوایە کە چەمکە سیاسییەکان ڕاست کرایەوە، ئەوا سیاسەت ڕاست دەبێتەوە".

 

 

وتیشی:" ئامانجی کۆنفڕانسەکەی ئەمڕۆمان قسەکردنە لەسەر پرسی هەڵبژاردن، ئێمە ئەم پرسە بە گرنگ دەزانین و پێمانوایە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەتوانین، مافە ڕەواکانی خۆمان بەدەست بهێنین، هەم لە عێراق و هەم لە هەرێمی کوردستاندا".

 

فایەق گوڵپی، ئاماژەی بەوەش دا، لەم کۆنفڕانسەدا چەندین کەسی شارەزاو یاسا ناسیان لە بواری هەڵبژاردندا بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی کە قسە لەسەر کەموکورتی و کێشەکانی هەڵبژاردن بکەن لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، هەروەها وتیشی:"لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا دەرئەنجامی گفتوگۆکان گەڵاڵە دەکەین و دەیدەینە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەن، هەروەها بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕادەگەیەنیین".

 

لە کۆنفرانسەکەی ئەکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراسیدا سێ پانێڵ بەرێوە دەچێت.

 

پانێڵی یەکەم لەژێر ناونیشانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو بە بەشداری بەهار مەحمود، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە یاسای شارستانی-دا و سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، سەرگوڵ قەرەداغی، خاوەنی بڕوانامەی بەکالیۆریۆس لە یاسادا و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، مەریوان عارف، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە یاسادا، بەڵێن عەزیز،خاوەنی بڕوانامە بەکالۆریۆس لە یاسادا، حەکیم عەبدولکەریم، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستی سیاسیدا، بەڕێوە چوو.

 

پانێڵی دووەم، بڕیار وایە پاش نیوەڕۆ بەڕێوە بچێت لەژێر ناونیشانی کاریگەرییە سیاسییەکانی سیستمی هەڵبژاردن، بە بەشداری ڕێبوار کەریم، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکاندا، تەلار شێخ لەتیف، خاوەنی بڕوانامە بەکالۆریۆس لە یاسادا و ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، محەمەد کیانی، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستی سیاسیدا و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق.

 

هەر پاش نیوەڕۆ پانێڵی سێهەم بەڕێوە دەچێت لەژێر ناونیشانی هەڵسەنگاندنی لایەنی کرداری هەڵبژاردنەکان، بە بەشداری ئیسماعیل حەمە عەلی، بە بەشداری خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و بڕیاردەری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، عەبدولڕەحمان خەلیفە، خاوەنی بڕوانامە بەکالۆریۆس لە زانستە سیاسییەکاندا، بەرپرسی پێشووی پەیوەندییە جەماوەرییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، عەلی قادر، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە یاسا و بەرپرسی پێشووی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin