Smiley face
Smiley face
Smiley face

لێدوانى ته‌ڤگه‌رى ئازادى له‌سه‌ر هێرشکردنه‌ سه‌ر مه‌لا سامان

2017-08-18 20:38:28



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


ده‌سته‌ی دیین و باوه‌ڕییه‌کانی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان ڕایگه‌یاند، پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ ده‌سته‌کانی پشت هێرشکردنه‌ سه‌ر مه‌لا سامان ئاشکرا بکرێن و ڕووبه‌ڕووی دادگا بکرێنه‌وه‌ و سزای خۆیان وه‌رگرن.


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ ده‌سته‌ی دیین و باوه‌ڕییه‌کانی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی لێدوانێکى نوسراوى له‌سه‌ر هێرشکردنه‌ سه‌ر مه‌لا سامان چه‌مچه‌ماڵى بڵاوکرده‌وه‌ و وێنه‌یه‌کى لێدوانه‌که‌ بۆ ڕۆژنیوز نێردراوه‌.


له‌ لێدوانه‌که‌دا هاتووه‌: "له‌ هه‌رێمی کوردستان چه‌ندین ساڵه‌ ده‌یان کرداری ترسان و تۆقاندن و ده‌ستدریژی و تیرۆرکردنی"که‌سایه‌تی، ژنان، ڕۆژنامه‌وان، چالاکانی مه‌ده‌نی و مامۆستایانی ئاینی" ڕوویان داوه‌ و تا ئێستاش به‌شێکی زۆری بکه‌رانی ئه‌و تیرۆکردنانه‌ ده‌ستگیرنه‌کراون و ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ به‌شێکی زۆری ئه‌و کرده‌وه‌ قیزه‌ونانه‌ به‌ به‌رنامه‌ ئه‌نجام ده‌درێت".


ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش کراوه‌: "مامۆستایی ئایینی و وتارخوێنی مزگه‌وتێکی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ مه‌لا سامان، که‌ له‌به‌رده‌م مزگه‌وتدا هێرش ده‌کرێته‌سه‌ری، ئه‌م کاره‌ش یه‌کێکی تره‌ له‌و ده‌ستدرێژییه‌ قیزه‌ونانه‌یه‌، که‌ ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه‌ له‌ به‌دواداچوونی و  پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ ده‌سته‌کانی پشتی ئاشکرا بکرێن و ڕووبه‌ڕووی دادگا بکرێنه‌وه‌ و سزای خۆیان وه‌رگرن، ئه‌م جۆره‌کارانه‌ بۆ ترساندن و تۆقاندن و کپکردنی ڕای ئازاده‌".


له‌ کۆتایى لێدوانه‌که‌دا هاتووه‌: "وه‌کو ده‌سته‌ی دیین و باوه‌ڕییه‌کانی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی، ئه‌م هێرشانه‌ شه‌رمه‌زار ده‌که‌ین و هیوای ته‌ندروستییه‌کی باش بۆ مامۆستا ده‌خوازین و داواکارین له‌ خوداش نمونه‌ی وه‌ک مامۆستا سامان سه‌نگاوی زیاد بکات و ئه‌رکی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی خۆیان به‌ ئه‌نجانم بگه‌یه‌نن، هه‌روه‌ها لامان وایه‌ ئه‌مه‌ ده‌ستێکی ڕه‌شه‌ بۆ تێکدانی ئارامیی و سه‌قامگیری کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌تایبه‌تی له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا که‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ قه‌یرانێکی سیاسی هه‌مه‌لایه‌نه‌دا گوزه‌ر ده‌کات".


پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، له‌ به‌رده‌م مزگه‌وتی سالار فه‌قێ له‌ گه‌ڕه‌کی ئه‌نفاله‌کانی شارۆچکه‌ی چه‌مچه‌ماڵ، چه‌ند چه‌کدارێک هێرشیان کرده‌ سه‌ر مه‌لا سامان چه‌مچه‌ماڵی که‌ به‌نیاز بوو له‌و مزگه‌وته‌ ئه‌مڕۆ وتاری هه‌ینی بخوێنێته‌وه‌ و پێشنوێژیی بکات.

 

مه‌لا سامان وتارخوێن و پێشوێژی مزگه‌وتی خوله‌فا ڕاشیدین له‌ چه‌مچه‌ماڵ، به‌وه‌ ناسراوه‌ له‌ وتاره‌کانی ڕۆژانی هه‌ینیدا ڕه‌خنه‌ی توند له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان ده‌گرێت.


ک.ک
 

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin