Smiley face
Smiley face
Smiley face

له‌ به‌غداوه‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر مه‌لا سامان ئیدانه‌ ده‌کرێت

2017-08-18 16:51:51



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ڕایگه‌یاند، هێرشکردنه‌ سه‌ر مه‌لا سامان چه‌مچه‌ماڵى ڕه‌فتارێکى نامرۆڤانه‌یه‌ و ته‌نها به‌ ناشرینکردنی ناوبانگی هه‌رێم له‌ ناوه‌نده‌ جیهانییه‌کان و ڕه‌شکردنی زیاتری ڕاپۆرتی ڕێکخراوه‌کانی تایبه‌ت به‌ مافی مرۆڤ و ئازادی ناوه‌ستێت.


دوانیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ ئارام شێخ محه‌مه‌د جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌باره‌ى هێرشکردنه‌ سه‌ر مه‌لا سامان چه‌مچه‌ماڵى لێدوانێکى نوسراوى بڵاوکرده‌وه‌ و وێنه‌یه‌کى بۆ ڕۆژنیوز نێردراوه‌.


له‌ لێدوانه‌که‌دا هاتووه‌: "ئازاردانی مامۆستای ئاینی مه‌لا سامان، سنوری هه‌موو ده‌ستدرێژییه‌ک بۆ سه‌ر ئازادییه‌کانی تاک تێده‌په‌ڕێنی و چاوقایمانه‌ په‌لاماری سیمبولی پیرۆزییه‌کانی به‌شی هه‌ره‌ زۆری کۆمه‌ڵگای کوردی ده‌دات".


ئه‌وه‌ش هاتووه‌: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌فتاره‌ عه‌سابه‌ ئاساییه‌ داهێنراوی ئه‌مڕۆ نییه‌ و له‌ ڕابردوشدا شاهیدی ده‌ستدرێژیکردنی هاوشێوه‌ بوین، به‌ڵام گرنگه‌ به‌لامانه‌وه‌ ئه‌و په‌یامه‌ بگه‌یه‌نینه‌ به‌رپرسانی هه‌رێم که‌ ئه‌م ڕه‌فتاره‌ نامرۆڤانه‌یه‌ ته‌نها به‌ ناشرینکردنی ناوبانگی هه‌رێم له‌ ناوه‌نده‌ جیهانیه‌کان و ڕه‌شکردنی زیاتری ڕاپۆرتی ڕێکخراوه‌کانی تایبه‌ت به‌ مافی مرۆڤ و ئازادی ناوه‌ستێت، به‌ڵکو ڕق و دڕدۆنگی کۆمه‌ڵایه‌تیش له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ ده‌خولقێنێت و ئه‌و هه‌ست و گومانه‌ به‌ تۆخی لای هه‌موو تاکێکی کورد دروستده‌کات که‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیش له‌پشت ئه‌م ده‌ستدرێژیانه‌وه‌ نه‌بێت، ئه‌وا توانای پاراستنی تاک و پیرۆزییه‌کانی و دۆزینه‌وه‌ی تاوانبارانی نه‌ماوه‌".


له‌ کۆتایدا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو: "بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانین به‌رپرسانی هه‌رێم و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانی سلێمانی وه‌ڵامێکی ڕوون و ڕه‌وانیان بۆ ئه‌و به‌دکارییانه‌ هه‌بێت".


پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، له‌ به‌رده‌م مزگه‌وتی سالار فه‌قێ له‌ گه‌ڕه‌کی ئه‌نفاله‌کانی شارۆچکه‌ی چه‌مچه‌ماڵ، چه‌ند چه‌کدارێک هێرشیان کرده‌ سه‌ر مه‌لا سامان چه‌مچه‌ماڵى که‌ به‌نیاز بوو له‌و مزگه‌وته‌ ئه‌مڕۆ وتاری هه‌ینی بخوێنێته‌وه‌ و پێشنوێژیی بکات.


مه‌لا سامان وتارخوێن و پێشوێژی مزگەوتی خولەفا ڕاشیدین لە چەمچەماڵ، به‌وه‌ ناسراوه‌ له‌ وتاره‌کانى ڕۆژانى هه‌ینیدا ڕه‌خنه‌ى توند له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمى کوردستان ده‌گرێت.

 

مه‌لا سامان چه‌مچه‌ماڵى


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin