Smiley face
Smiley face
Smiley face

قەسەدە: هێرشێکی قورسی چەتەکان تێکشکێندرا و ٣٤١ چەتە کوژران

2017-08-18 14:36:21



رۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

ئازاد ڕەقە فەرماندەی بەرەی ڕۆژهەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕەقە دەڵێت، کە شەڕڤانان هێرشێکی قورسی چەتەکانیان تێکشکاند کە ڕۆژی ١٤ی مانگ لە باکور تا باشوری ڕەقەوە دەستیپێکردبوو و لە ئەنجامدا ٣٤١ چەتەی داعش کوژران.

 

چەتەکانی داعش ڕۆژی ١٤ی ئاب هێرشێکی بەرفراوانیان دەستپێکرد دژی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئازاد ڕەقە، فەرماندەی بەرەی ڕۆژهەڵاتی ئۆپەراسیۆنی رەقە لەبارەی ئەو هێرشەوە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار کردووە.

 

ئازاد ڕەقە وتوویەتی:"سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٤ی مانگ، گروپە چەتەکانی داعش لە باکور تا باشوری ڕەقەوە هێرشێکی بەرفراوان و بەربڵاویان دەستپێکرد، لەو هێرشەدا هەم ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویان بەکار هێنا و هەم خۆکوژی، شەڕی قورس لە باکور تا باشوری ڕەقە ڕوویدا، ئەو شەڕانە لە هەندێک شوێندا تا نیوەڕۆ لە هەندێک شوێنی دیکە دا تا ئێوارە بەردەوام بوو".

 

ئازاد ڕەقە لە بەردەوامی قسەکانی دا وتوویەتی:"لەو هێرشەدا چەتەکان لە بواری ورەوە دۆڕان و ناکۆکی گەورە لە نێوانیان دا دروست بوو، ماوەیەکی زۆر پلانیان داڕشتبوو بۆ ئەو هێرشە و بەنیاز بوون لە ئەنجامیدا ناوچە ڕزگارکراوەکان دووبارە داگیربکەنەوە بەڵام شکستیان هێنا".

 

ئازاد ئاشکراشی کردووە:"ڕۆژی هێرشەکە لە ڕێگای گوێ گرتن لە بێتەلەکانیانەوە ئاگادار بووین لەو هێرشە، شەڕڤانان لە هەموو شوێنەکان بە قورسی وەڵامی ئەو هێرشەی چەتەکانین دایەوە، لە ئەنجامدا ٣٤١ چەتەی داعش کوژران، ١١ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی چەتەکان تێکشکێندرا پێش ئەوەی بگەنە ئامانج و حەوت چەتەی خۆکووژیش پێش ئەوەی خۆیان بتەقێننەوە کوژران، هەروەها سێ دۆشکە چەتەکانیش کەوتە دەستی شەڕڤانانەوە".

 

د.خ

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin