Smiley face
Smiley face
Smiley face

بەهۆی وێنەی دەمیرتاش گەنجێکی باشوور چوونە تورکیا لێ قەدەغە دەکرێت

2017-08-17 17:16:31



ڕۆژنیوز - قەرەچوغ ئەنوەر

بەهۆی هەبوونی وێنەیەکی سەلاحەدین دەمیرتاش لەناو مۆبایلەکەی، تورکیا ناهێڵێت گەنجێکی کورد بچێتە وڵاتەکە و دوای دوو ڕۆژ دەستبەسەرکردن ڕەوانەی هەولێر دەکرێتەوە، گەنجەکە دەشڵێت تورکیا زۆربەی سەرکردەکانی کورد بە تیرۆریست دەزانێت.

 

هەفتەی ڕابردوو، گەنجێکی خەڵکی ڕواندز بە مەبەستی گەشتوگوزار سەردانی تورکیا دەکات، لە فرۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئەستەمبۆڵ جگە لە پشکنینی خۆی، مۆبایلەکەشی دەپشکندرێت و بەهۆی هەبوونی وێنەی دەمیرتاش و مام جەلال و مەحمود عوسمان، دەستبەسەر دەکرێت و دوای دوو ڕۆژ ڕەوانەی هەولێر دەکرێتەوە.


کارزان رەشید نەبی، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لەگەڵ گەیشتنم بە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئەستەمبوڵ، پۆلیس و میتی تورک ژن و پیاوەکانیان لە یەکتر جیا کردەوە، دواتر کەوتنە پشکنینی مۆبایلی پیاوەکان.

 


کارزان وتیشی: دوای ئەوەی میتەکان وێنەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و مام جەلال و مەحمود عوسمان _ یان لە مۆبایلەکەی مندا بینی، دەستگیریان کردم بەتۆمەتی ئەوەی وێنەی تیرۆریست لەمۆبایلەکەمدا هەڵگرتووە.

وتیشی: میتەکانی لەوێ پێیان وتوم دەمیرتاش و مام جەلال و مەحمود عوسمان تیرۆریستن، هەر بەو تۆمەتەوەش دوو ڕۆژ لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک دەستبەسەریان کردم و دواتر سنورداشی هەولێر کرامەوە، هەروەها پێشیان وتم بۆت نییە جارێکی دیکە سەردانی تورکیا بکەی، ئیتر سەردانی تورکیات لێ قەدەغە کرا.

کارزان زیاتر بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتی: گەنجێکی دیکە وێنەی عەبدوڵا ئۆجالانی لە نێو مۆبایلەکەی هەبوو، میتەکان زۆر بەقورسی لێیان دا و بۆ شوێنێکی نادیار بردیان.

 

هەروەها ئەوەشی وت: هەر هاوڵاتییەکی باشوری کوردستان زانیاری لەسەر هەبێت کە سەر بەو حزبە کوردیانەیە کە پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا باش نییە، سنورداش دەکرێتەوە، بەشێکیان سەردانی ئەو وڵاتەیان لێ قەدەغە دەکرێت .

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin