Smiley face
Smiley face
Smiley face

پۆستەكەی بارزانی بەهۆکاری قەیرانەکانی هەرێم دەزاندرێت

2017-08-17 14:48:02



ڕۆژنیوز - ئاشتی ئەحمەد

 

بەشێك لە هاوڵاتیان پێیانوایە پۆستەكەی بارزانی قەیرانی دارایی و سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا دروست كردووە، دەشڵێن: مانەوەی بارزانی بە نایاسایی لەو پۆستەدا بەڵگەی ئەوەیە كە یاسا لەسەرەوە پێشێل دەكرێت نەك لە خوارەوە.

 

١٩ی ئەم مانگە دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بەسەرچوونی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا، كە لەئێستادا لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق،وە بەڕێوەدەبرێت.

 

لەوبارەیەوە هەڵەت ڕەشید، مامۆستای زانكۆی چەرموو بە ڕۆژنیوز وت:"ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە چوار ساڵ تێدپەڕێت بەسەر ماوەی بەسەر چوونی پۆستی سەرۆكی هەرێم، نەك دوو ساڵ، چونكە دوو ساڵی بۆ درێژكرایەوە لەپەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەنایاسایی، دوای ئەوەش دوو ساڵی دیكەی بەبێ‌ پەرلەمان بەڕێكردووە، كە واتا چوار ساڵە نەك دوو ساڵ".

 


 

وتیشی:"مانەوەی بارزانی بە نایاسایی لەو پۆستەدا بەڵگەی ئەوەیە كە یاسا لەسەرەوە پێشێل دەكرێت نەك لەخوارەوە، بۆیە دەبێت لایەنە سیاسییەكان بەدەنگێكی زوڵاڵ بە بارزانی بڵێن ئەو پۆستە چۆڵ بكات و لەڕێگەی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانەوە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دیاری بكرێت، ئەگەر لەدەرەوەی پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم بكرێت كارێكی نایاساییە".
 

ئاری لوقمان، كە ڕۆژنامەنووسێكی شارۆچكەی چەمچەماڵە لەسەر هەمان بابەت بە ڕۆژنیوزی وت:"مەسعود بارزانی لەو ماوەیەی كە بەشێوازێكی شەرعی سەرۆكی هەرێم بوو هیچ كارێكی گرنگی نەكردووە، بارزانی و پارتی بەبەرنامە كاردەكەن بۆ ئەوەی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بێبەها بكەن و لەخزمەتی خۆیاندا بەكاری بهێنن، بۆنمونە، ئەنجومەنی دادوەری هەریێم، ئەم دامەزراوانە دروستكراون دەبێت دامەزراوەی شەرعی بن و خزمەت بەبەرژەوەندی گشتی بكەن، بەڵام لەكاتێكدا پۆستی بارزانی بەسەردەچێت، ئەو دامەزراوەیە ماوەكەی بۆ درێژدەكاتەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات ئەو دامەزاروەیە بۆ خزمەتی پارتی دروستكراوە".

 

 

وتیشی:"مانەوەی بارزانی لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا بەشێوەی ناشەرعی دەیان قەیرانی بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دروستكردووە، هەرچەندە ئێستاش كارلەسەر ئەوەدەكەن بەشێوەی ناشەرعی ساڵێك یاخود دوو ساڵی دیكە ماوەكەی بۆ درێژبكرێتەوە، هەروەها باسكردنی پرسی ڕیفراندۆم لەم وادەیەدا بۆ ئەوەیە قەیرانی سیاسی و ئابوری و سەربازی بەدوای خۆیدا بهێنێت و تا لایەنەكان بەچۆكدا بدات و داوابكەن بارزانی لەپۆستەكەی بمێنێتەوە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان كار بۆ ئەوە بكەن شەرعییەت بۆ دامەزراوەكان بگەرێنرێتەوەو سیستمی حكومڕانیش بكرێت بەپەرلەمانی".

 

لەسەرهەمان پرس، سلێمان جەرگیس، چالاكوانی مەدەنی بۆ ڕۆژنیوز ئەوەی خستەڕوو، كە ناكرێت پرسی ماوە بەسەرچووی سەرۆكی هەرێم پشتگوێ بخرێت و قسەی لەسەرنەكرێت و، وتی:"پێویستە لایەنە سیاسییەكان لە ١٩ی ئەم مانگەدا كە دەكاتە دوو ساڵ بەسەر بەسەرچوونی پۆستی سەرۆكی هەرێمدا گفتوگۆی جدی لەسەربكەن".

 

 

وتیشی:"دوای كاراكردنەوەی پەرلەمان لە هەرێمی كوردستان، دەبێت لەلایەن لایەنە سیاسییەكان كار بۆ ئەوە بكەن ئەم پرسە ببرێتە پەرلەمان و لەوێ‌ یەكلایی بكرێتەوە، نەك بەڕێكەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان ئەو گرفتە چارەسەربكرێت".
 

لەڕۆژی ١٩ی ئابی ٢٠١٣دا، ماوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا تەواو بوو، لەو كاتەدا بەپێی ڕێككەوتنێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردسان-عێراق، ماوەی دووساڵ بۆ سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی درێژكرایەوە، دوای تەواو بوونی دوو ساڵەكەش كە لە ١٩ی ئابی ٢٠١٥، بارزانی ئامادەنەبوو پۆستەكەی چۆڵ بكات و تا ئێستا لەو پۆستەدا ماوەتەوە.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin