Smiley face
Smiley face
Smiley face

شوێنەواری ده‌ربه‌ندى ڕانیە له‌ ژێر مه‌ترسى له‌ناوچووندایه‌

2017-08-17 08:42:43



ڕۆژنیوز - محه‌مه‌د و تاهیر

 

لە دەربەندی ڕانیەدا بەهۆی دروستکردنی پرۆژەیەکەوە مەترسی لەناوچوونی شوێنەوارێکی مێژوویی دەکرێت، مێژووناسان-یش نیگەرانن لە نەپاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان و داوا دەکەن کە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕ لەو شوێنەوارانە بدەنەوە.

 

به‌هۆى دووساید کردنى ڕێگاى ده‌ربه‌ند- قه‌ڵادزێ لە ده‌ربه‌ندى ڕه‌مکان، که‌ به‌ ده‌ربه‌ندى ڕانیه‌ ده‌ناسرێت و هه‌ردوو شارۆچکەی ڕانیه‌ و قه‌ڵادزێ له‌ یه‌ک جیاده‌کاته‌وه‌، مەترسی لەناوچوونی بەردێکی داتاشراو دروستبووە، که‌ مێژوویه‌که‌ى بۆ سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتدارێتى ئه‌که‌دییەکان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

 

 

ئاوات سه‌ید ئه‌حمه‌د، هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى ماسته‌ر له‌ مێژوو سه‌باره‌ت به‌ به‌ردى داتاشراوى ده‌ربه‌ندى ڕه‌مکان بۆ ڕۆژنیوز وتی: نه‌خشى داتاشراوى ده‌ربه‌ندى ڕه‌مکان بریتیه‌ له‌ تابلۆیەکى داتاشراو، که‌ درێژیکه‌ى ١٣٠ سانتیمه‌تر و پانیه‌که‌شى ٨٠ سانتیمەتر دەبێت‌، له‌ ناو ئه‌و تابلۆیەدا وێنه‌ى دوو پادشا هه‌یه‌ وێنه‌ى پاشایه‌کیان به‌ هۆکارى سروشتى تاڕاده‌یه‌ک سڕاوەتەوە و ته‌نیا وێنه‌ى ئه‌و پادشایه‌ دیاره‌ که‌ ڕووى له‌ پشده‌ره‌.

 

ئاوات سه‌ید ئه‌حمه‌د

 

ئاوات، لەسەر ئەو تابلۆیە زیاتر وتى: ئه‌و وێنه‌یه‌ مێژوویه‌کى دوور و درێژى هه‌یه‌ و به‌ پێى هەندێک له‌ شوێنه‌وارناسان مێژووەکه‌ى ده‌گەڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتدارێتى ئه‌که‌دییەکان نزیکه‌ى ٢٣٠٠ ساڵ پێش زاین، له‌ئێستادا به‌هۆى دووسایدکردنى ڕێگاى ده‌ربه‌ند - پشده‌ر مه‌ترسییه‌کى زۆر له‌ سه‌ر ئه‌و تابلۆیە هه‌یه‌، پێشبینى ده‌کرێت به‌هۆى ته‌قینه‌وه‌ى ڕێگاکه‌ زیان به‌و تابلۆیە بگات، بۆیە، له‌ ئه‌گه‌رى له‌ناوچوونى ئه‌و به‌رده‌ داتاشراوه‌، حکومه‌تى هه‌رێم بەرپرسیارە.

 

ئەو مێژووناسە، له‌ کۆتایى قسه‌کانیدا ڕایگه‌یاند: ئه‌و شوێنه‌واره‌ له‌ هه‌ر شوێنێکى جیهان بوایه‌ تا ئێستا ڕێگه‌ى تایبه‌تى بۆ ده‌کرا و وه‌ک شوێنێکى مێژوویى و گرنگ سه‌یر ده‌کرا، جگه‌ له‌وه‌ تا ئێستا تابلۆیه‌ک، که‌ ئاماژه‌ به‌ مێژووى ئه‌و به‌رده‌ بکات نه‌نوسراوه،‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ خه‌م ساردییه‌کى زۆر به‌دى ده‌کرێت له‌ پاراستنى ئه‌و شوێنه‌واره‌، پاراستنى ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ ئه‌رکى هه‌موومانه‌ و گوزارشت لە مێژووی کۆنی کورد دەکات.

 

هەروەها، پرۆفیسۆر عیماد عه‌بدولقادر، له‌ زانکۆى ڕاپه‌رین به‌شى مێژوو، بە ڕۆژنیوزی وت: ده‌ربه‌ندى ڕه‌مکان،‌ که‌ که‌وتووەته‌ سه‌ر زێى بچوک و به‌رزییەکه‌شى ٢٥ مه‌تر ده‌بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ک خه‌مخۆرانى وڵات و هه‌ست کردن به‌ به‌رپرسیارێتى و ئه‌رکى خۆمان هه‌ستمان به‌وه‌ کرد، که‌ لایه‌نى پیوه‌ندیدار له‌و بابه‌ته‌ ئاگادار بکه‌ینه‌وه‌، چونکه‌ گه‌لى کورد به‌و ناسنامه‌یه‌ به‌ ناوبانگه‌ ئه‌گه‌ر شوێنه‌واره‌کان نه‌مێنن ئه‌وا ناسنامه‌ى کوردیش نامێنیت هه‌موو که‌سیش ئه‌وه‌ ده‌زانێت، که‌ گه‌لى کورد له‌ کۆنترین گه‌لانى ناوچه‌که‌یه‌.

 

عیماد عه‌بدولقادر

 

ڕۆژنیوز ویستى پەیوه‌ندى به‌ به‌ڕێوەبه‌رى شوێنه‌وارى ڕاپه‌رین بکات، به‌ڵام به‌هۆى گه‌شت کردنى بۆ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم نه‌توانرا لێدوانى لێوه‌ربگرین.

 

 

ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin