Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئه‌و دوو گه‌نجه‌ى له‌سه‌ر پۆستێکى فه‌یسبوک ده‌ستگیرکران به‌ که‌فاله‌ت ئازاد کران

2017-08-16 14:35:40



ڕۆژنیوز – هاوکار مسته‌فا

 

ئه‌و دوو گه‌نجەى شارۆچکەی سەیدسادق، که‌ له‌سه‌ر سکاڵای داواکاری گشتی لەبەرامبەر بڵاوکردنه‌وه‌ى پۆستێک له‌ تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووک ده‌ستگیرکرابوون، به‌ که‌فاله‌تى ٧٥٠ هه‌زار دینار بۆ هه‌ریکه‌یان ئازادکران تا ڕۆژى دادگایکردنیان.
 
دوو گه‌نجى شارۆچکه‌ى سه‌یدسادق به‌ناوه‌کانى هه‌ڵمه‌ت فه‌تاح و فه‌رمان حسێن، له‌سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ى پۆستێکى هاوبەش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فه‌یسبووک، دوێنێ ده‌ستگیرکران و ئه‌مڕۆش به‌ که‌فاله‌ت ئازاد کران.
 
گۆران نه‌سروڵا، پارێزه‌رى خۆبه‌خشى ئه‌و دوو گه‌نجه‌ به‌ ڕۆژنیوزى ڕاگه‌یاند: دواى ئه‌وه‌ى له‌رێگه‌ى داواکارى گشتى سه‌یدسادقه‌وه‌ به‌ گوێره‌ى ماده‌ى ٢ له‌یاساى خراپ به‌کارهێنانى ئامێره‌کانى په‌یوه‌ندیکردن سکاڵا له‌سه‌ر دوو گه‌نجى شارۆچکه‌ تۆمارکرا و ماوه‌ى زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر ده‌ستبه‌سه‌رکران، به‌ڵام هه‌ر ئه‌مڕۆ سکاڵاکار، که‌ سه‌رۆکى فه‌رمانگه‌ى داواکارى گشتییه‌ ته‌نازولى له‌ سکاڵاکه‌ى کرد و دادوه‌ریش به‌ که‌فاله‌ت هه‌ردووکیانى ئازادکرد.

 


 گۆران نه‌سروڵا


ئەو پارێزەرە وتیشی: ئه‌و بابه‌ته‌ى که‌ ئه‌م دوو گه‌نجه‌ى له‌سه‌ر ده‌ستگیرکراوه‌ په‌یوه‌ندى به‌ موڵکى گشتییه‌وه‌ هه‌یه،‌ که‌ هه‌ریه‌که‌ له‌پارکى گشتى سه‌یدسادق و داگیرکردنى ڕووبه‌رێکى به‌رفراوان له‌زه‌وى  شاره‌وانی-یە، به‌ڵام به‌گوێره‌ى به‌دواداچونه‌کانى من شاره‌وانى سه‌یدسادق سکاڵاى تۆمار کردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و کۆمپانیایه‌ى که‌ پارکه‌که‌ى به‌و ده‌رده‌ بردوه ‌و سێ ساڵه‌ داخراوه‌، هەروەها ئه‌و هاوڵاتییه‌شى که‌ زه‌ویه‌کانى داگیرکردووه‌ ڕێوشوێنى به‌رامبه‌ر گیراوه‌ته‌به‌ر.
 
باسی لەوەشکرد: به‌گوێره‌ى ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ى که‌ دادوه‌ر هه‌یه‌تى بڕیاره‌که‌ى به‌جۆرێک ده‌رکرد، که‌ ئه‌و دوو گه‌نجه‌ به‌ که‌فاله‌تى ٧٥٠ هه‌زار دینار ئازادبکرێن تا ڕۆژى دادگایکردنیان.


 
له‌ دواى ئازادکردنیشى فه‌رمان حسێن، یه‌کێک له‌و دوو گه‌نجه‌ ده‌ستگیرکراوه‌ به‌ڕۆژنیوزى وت: دۆسیه‌که‌مان دانه‌خراوه‌ به‌ڵکو به‌ که‌فاله‌ت ئازادکراوین تا ڕۆژى دادگایکردنمان بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌ش چاوه‌ڕێى لێکۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچونى زیاترین له‌سه‌ر دۆسیه‌که‌.

 

فه‌رمان حسێن

 

جێگای ئاماژەیە ئەمڕۆش بەرپرسی بازنەی گۆڕان لە شارەدێی دارەشەکرانەی سەر بە پارێزگای هەولێر دەستگیرکراو و بەوتەی عەبدولڕەحمان موهەندیس، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، بەهۆی پۆستی فەیسبوکەوە دەستگیرکراوە.

 

ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin