Smiley face
Smiley face
Smiley face

شاندی دانوستان لەگەڵ بەغدا پشتگیرییان بۆ ڕیفراندۆم بەدەستنەهێناوە

2017-08-16 12:12:39



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستان لەگەڵ بەغدا، کە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم پێکیهێناوە، بەردەوامە و هەتا ئێستا لە هیچ کام لە کۆبوونەوەکان پشتگیرییان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە باشوری کوردستان بەدەستنەهێناوە.

 

ڕۆژی ١٤/ئەم مانگە شاندی دانوستان لەگەڵ بەغدا، کە پێکهاتوون ڕۆژ نوری شاوەیس ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، فوئاد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، محەمەد ئەحمەد ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوو، ڕۆمیۆ هەکاری نوێنەری کلدوئاشورییەکان، ماجد بازرگان نوێنەری تورکمانەکان و ڤیان دەخیل وەک نوێنەری ئیزیدیەکان، لە هەرێمی کوردستانەوە چوونە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و باڵیۆزی وڵاتان-دا کۆدەبنەوە. 

 

حەیدەر عەبادی

 

شاندەکە یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق-دا ئەنجام داوە و دوابەدوای کۆبوونەوەکە نووسینگەی عەبادی ڕاگەیەنداروێکی لەسەر کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە لە راگەیەندراوەکەدا بە هیچ شێوەیەک باس لە پرسی ڕیفراندۆم نەکراوە.

 

هەروەها، دوێنێ، حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌کۆنفرانسی ڕۆژنامەنووسی هه‌فتانه‌ی خۆیدا، که‌ له‌باره‌گای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق به‌ڕێوه‌چوو وتی:"گفتوگۆکان له‌گه‌ڵ شانده‌ کوردییه‌که‌دا له‌سه‌ر بنه‌مای پارێزگاریکردن له‌ به‌رژوه‌ندی وڵات به‌ڕێوه‌چوون". 

 

شاندەکە، لە سەردانی دووەمیدا، لەگەڵ ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق کۆبووەوە، دوابەدوای کۆبوونەکە-ش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، مەسجدی ڕایگەیاند:"ئێران پاڵپشتی هەر جۆرە دانوستاندنێک دەکات، کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکرێت".

 

عەمار حەکیم

 

دواتر شاندەکە لەگەڵ عەمار حەکیم، ڕابەری ڕەوتی حیکمە و سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانی نیشتیمانی عێراق کۆبووە. 

 

عه‌ممار حه‌کیم له‌هه‌ژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی له‌فه‌یسبوک رایگه‌یاند:‌ له‌میانی پێشوازیکردنمان لە شاندەکەی هەرێم، جەختمانکردەوە، کە به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موان له‌وه‌دایه‌ پارێزگاریی له‌عێراقێکی یه‌کگرتوو بکه‌ن و بەپێی ەدستور چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان بکەن.

 

فوئاد مەعسوم

 

لەدرێژەی کۆبوونەوەکاندا، شاندەکە لەگەڵ فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە و بەپێی میدیاکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، مەعسوم گیانی هاریکاریی و دیالۆگ و نیازپاکی به‌رزنرخاند بۆ چاره‌سه‌رکردنی ته‌واوی مه‌سه‌له‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌کانی نێوان هه‌ردوو حکومه‌تی هه‌رێم و حکومه‌تی فیدراڵی.

 

باڵیۆزی تورکیا

 

سەبارەت بە کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا، هیچ ڕاگەیەندراوێک بڵاونەکرایەوە، بەڵام هەر دوێنێ و هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەکە، بەکر بۆزداغ، جێگری سه‌رۆک وه‌زیران و وتەبێژی دەوڵەتی تورک، ڕایگەیاند:"ئەو بڕیارەی دەسەڵاتدارانی باکوری عێراق داویانە لەبارەی ڕیفراندۆمەوە، خزمەت بەسەقامگیریی ناوچەکە ناکات و دۆخی ئه‌منی تێکده‌دات، تورکیا پشتگیریی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات".

 

باڵیۆزی ئەمریکا

 

شاندەکە لەگەڵ دوغلاس سیلی مان، باڵێۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکرا، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئەمریکاش ڕەتیکردووەتەوە، کە لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا بێت و جەختی لە گرنگیی یەکپارچەیی خاکی عێراق کردووەتەوە.

 

سەلیم جبوری

 

ئەمڕۆ شاندی دانووستان لەگەڵ بەغدا لەگەڵ سەلیم جوری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە، بڕیاربوو دوابەدوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی ببەستن و ئەنجامی کۆبوونەوەکە ڕابگەیەنن، بەڵام بڕیارەکە هەڵوەشایەوە و لە ئێستادا لەگەڵ بەرپرسانی حەشدی شەعبی لە کۆبوونەوەدان.

 

بەپێی زانیارییەکان هەر ئەمڕۆ شاندەکە لەگەڵ نوری مالیکی، جیگری سەرۆک کۆماری عێراق-دا کۆببنەوە.

 

بەپێی دەرئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەی، کە شاندی دانووستان لەگەڵ بەغدا بۆ بابەتی ڕیفراندۆمی باشوری کوردستان ئەنجامیان داوە، شاندەکە هەڵوێستی ئەرێینیان لە هیچ کام لەو بەرپرسانە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە باشوری کوردستان وەرنەگرتووە و پشتگیرییان بەدەستنەهێناوە.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin