Smiley face
Smiley face
Smiley face

عەلی باپیر: ڕیفراندۆم خراوەتە قاڵبێکی حزبیی و نزیکە هەربەڕێوە لەباربچێت

2017-08-13 14:25:51



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەی ئیسلامیی ڕایدەگەیەنێت:"ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ی باس ده‌کرێت‌، خراوه‌ته‌ قاڵبێکی شه‌خسیی و حیزبییه‌وه‌ و، ئه‌وه‌ش زیانێکی زۆری پێ‌ گه‌یاندووە و نزیکه‌ هه‌ر به‌ڕێوه‌ له‌باربچێت".

 

ئەمڕۆ، عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، له‌باره‌ی مشتومڕی نێوان به‌ره‌ی (به‌ڵێ‌)و به‌ره‌ی (نه‌خێر)ی له بارەی ڕیفراندۆمه‌وه‌، چەند خاڵێکی خستەڕوو.

 

دەقی خاڵەکان:


یه‌که‌م


چه‌ندان جاری دیکه‌ش گوتوومانه‌: خه‌ڵکی کوردستان وه‌ک هه‌ر گه‌لێکی دیکه‌ی دنیا، مافێکی ڕه‌وا و سروشتی خۆیه‌تی، نه‌ک هه‌ر گشتپرسیی (ڕیفراندۆم) ئه‌نجام بدات، به‌ڵکو خاوه‌نی قه‌واره‌ی سیاسیی دڵخواستی خۆی بێ‌، له‌هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستاندا.

 

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ی باس ده‌کرێ‌، به‌هه‌ر هۆکارێکه‌وه‌بێ‌، ئانقه‌ست، یان هه‌ڵه‌، ئه‌نجام بدرێ‌ یان نا، سه‌روبه‌ر بگرێ‌، یان نا، خراوه‌ته‌ قاڵبێکی شه‌خسیی و حیزبییه‌وه‌ و، ئه‌وه‌ش زیانێکی زۆری پێ‌ گه‌یاندوه‌و، نزیکه‌ هه‌ر به‌ڕێوه‌ له‌باربچێ‌! بۆیه‌ش له‌وتارێکی پێشوومدا گوتوومه‌: با هه‌رچی زووتره‌ ئه‌و مۆرکه‌ شه‌خسییو حیزبییه‌، له‌ڕیفراندۆم بکرێته‌وه‌.

 

دووه‌م


نابێ‌ هیچ که‌س نکووڵیی له‌وه‌ بکات که‌: نه‌ک هه‌ر کارێکی گه‌وره ‌و چاره‌نووسسازی وه‌ک ڕایگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت، بگره‌ هه‌رکارێکی دیکه‌ش، به‌بێ‌ زه‌مینه‌سازیی و ڕێ‌ بۆ خۆشکردن، سه‌روبه‌ر ناگرێ، یان هه‌رئه‌نجام نادرێ‌، یان بێ‌ ئاکام ده‌بێ‌‌ و تێیدا ڕه‌نج به‌خه‌سار ده‌بین، له‌مێژووی خۆشماندا ڕووداوی وامان زۆرن په‌ندیان لێوه‌ربگرین.

 

سێ‌یه‌م


له‌باره‌ی (نه‌خێر) گۆیانیش بۆ ڕیفراندۆمه‌وه‌ ده‌ڵێم: وه‌ک چۆن (به‌ڵێ‌) کردنی ڕه‌هاو بێ‌ مه‌رج، حه‌وت ده‌رمانه‌ی چاره‌سه‌ری کێشه‌کانمان ‌و گۆچانی جادوویی نیه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ش: به‌ (نه‌خێر) گوتن، دنیا نابێته‌ شامی شه‌ریف‌ و گوناهه‌ خه‌ڵک به‌وجۆره‌ چه‌واشه‌ بکرێ‌: که‌ به‌ (نه‌خێر) گوتن بۆ ڕیفراندۆم، کێشه‌و قه‌یرانه‌کانی هه‌رێم بنبڕ و چاره‌سه‌ر ده‌بن‌ و خه‌ڵک ‌و جه‌ماوه‌ر له‌خه‌م ده‌ڕه‌خسێ‌!

 

چواره‌م

 

که‌واته‌: ئه‌گه‌ر به‌جددیی ده‌مانه‌وێ‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی بچین، با هه‌رچی زووتره‌ دوور له‌ نه‌فه‌سی مونافه‌سه‌ی حیزبیی و ده‌مارگیری یو عینادیی و کار و کاردانه‌وه‌، به‌ر له‌ هه‌رشتێک ته‌بایی و لێک تێگه‌یشتنی سیاسیی بگێڕینه‌وه‌ نێوخۆمان، به‌تایبه‌ت هێزه‌ سیاسییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌ خاوه‌ن جه‌ماوه‌ره‌کان‌ و له‌که‌شوهه‌وایه‌کی هێمن ‌و ئارامدا پێکه‌وه‌ کۆبینه‌وه‌:

 

1-سه‌ره‌تا بڕیاری گێڕانه‌وه‌ی شکۆ بۆ په‌رله‌مان‌ و حکومه‌ت بده‌ین‌ و ئاساییان بکه‌ینه‌وه‌.

 

2-ئنجا ئاوڕێکی خێرای جیددیی له‌ژیان‌ و گوزه‌رانی خه‌ڵک بده‌ینه‌وه‌ و له‌وهه‌موو ملیارانه‌ی له‌لای حیزب‌ و خزمن، هه‌ندێکیان بۆ حکوومه‌تی فه‌رزدار و خه‌ڵکی هه‌ژار بگێڕینه‌وه‌، تاکو وێڕای چاککردنی باری ژیان‌و گوزه‌رانی خه‌ڵک، که‌ ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌ر حوکمڕانێکه‌، دڵخۆش‌و ئومێده‌واریشیان بکه‌ین ‌و جۆرێک له‌ متمانه‌ بۆ نێوان خه‌ڵک‌و ده‌سته‌ڵات بگێڕینه‌وه‌.

 

3- پاشان دوای ئه‌و هه‌نگاوانه‌، وتوێژێکی بابه‌تییانه‌ و به‌رپرسانه‌ پێکه‌وه‌ بکه‌ین، له‌باره‌ی ڕیفراندۆم‌ و هه‌ل‌و مه‌رجی گونجاوی و سه‌رجه‌م زه‌مینه‌سازییه‌ پێویسته‌کانی دیکه‌ی.

 

پێنجه‌م 


بێگومان بۆ هیچ که‌س ‌و لایه‌نێک ڕه‌وانیه‌ به‌ته‌نیا بڕیار بۆ خه‌ڵک ‌و وڵات بدات‌و، موغامه‌ره‌ی پێوه‌بکات، قه‌یران‌ و کێشه‌کانیشمان زۆر له‌وه‌ زیاتر و گه‌وره‌ترن که‌ به‌ (به‌ڵێ‌) کردن بۆ ڕیفراندۆم، یان (نه‌خێر) گوتن، چاره‌سه‌ر بکرێن.

 

له‌کۆتاییشدا ده‌ڵێم: هه‌رکام له‌ هه‌رێم ‌و ده‌وڵه‌ت به‌هه‌موو پێکهاته‌کانیانه‌وه‌، ئامڕازن بۆ خزمه‌تی خه‌ڵک‌ و ئامانج نین، که‌واته‌: با به‌ر له‌شیعار و ناو و نیشانی هه‌وڵ‌ و پڕۆژه‌ سیاسییه‌کان، سه‌رنجی نێوه‌ڕۆکیان بده‌ین ‌و بزانین تا چ رادده‌یه‌ک ئامانج ده‌پێکن‌ و ده‌بنه‌ مایه‌ی چه‌سپێنرانی دادگه‌ریی و ئازادییو به‌خته‌وه‌رکردنی خه‌ڵک‌و جه‌ماوه‌ر. 

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin