Smiley face
Smiley face
Smiley face

عەلی حەمەساڵح: حکومەتی هەرێم بەڵێنی بە تورکیا داوە دانەغاز دەربکات 

2017-08-13 13:32:50



ڕۆژنیوز – دانا عومەر

 

عەلی حەمەساڵح، کەیسی دانەغاز بە مەترسیدارترین کێشەی ئابووریی ناودەبات و ئاشکراشی دەکات "حکومەتی هەرێم بەڵێنی داوە بە تورکیا دانەغاز دەربکات و کێڵگەکانی بداتە کۆمپانیا تورکییەکان".

 

حکومەتی هەرێم، لە دادگاکانی ئەورپا، دوو کەیسی بە کۆمپانیای دانەغاز دۆڕاندووە، بە بڕی دوو ملیارد و ١٤ ملیۆن دۆلار، بڕیار وایە دانەغاز لە مانگی نۆ دا، کەیسیکی تر بکاتەوە و داوای قەرەبووی ٢٦ ملیارد دۆلار بکات لە حکومەتی هەرێم، بەهۆی ئەوەی هەرێم ڕێگای نەداوە بە پێی ڕێککەتنەکەیان بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی قادر کەرەم و چەمچەماڵدا بکات.

 

لەباری کێشەی دانەغاز و حکومەتی هەرێمی کوردستان-ەوە، عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە بە ڕۆژنیوزی وت:"بەپێی زانیاریەکانی ئێمە حکومەتی هەرێم بەڵێنی بە تورکیا داوە دانەغاز، دەرکات و کێڵگەکان بداتە کۆمپانیا تورکییەکان، لەلایەکی تریشەوە دەیانەوێت بیدەنە ڕوس نەفت، لەکاتێکدا ئەم کێڵگانە ڕێککەوتنیان لەسەرە و دانەغاز ئامادە نییە چۆڵی بکات".

 

ناوبراو، وتیشی:"کەیسی دانەغاز مەترسیدارترین کەیسی ئابوورییە پەیوەست بە ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە، وە ڕۆژ بە ڕۆژ قەرزاریی زیاتر دەهێنێت بۆ هەرێمی کوردستان، لەلایەکی ترەوە بەهۆی ڕێگرییکردن لە کارەکانی دانەغاز ئەو غازە بەرهەم ناهێنێدرێت، کە بەهۆیەوە دەمانتوانی کێشەی کارەبا چارەسەر بکەین و هەروەها دەیان پڕۆژەی پەترۆ کیمیایی دابمەزرێنین".

 

ئەو پەرلەمانتارە، ئاماژەی بە هۆکارەکانی ڕێگرییکردن لە کاری دانەغاز کرد و وتی:"تورکیا مەبەستێتی ئەم کێڵگە غازانەی، کە لەم ناوچەیەدا هەیە هەمووی بکەوێتە ژێر دەستی دەسەڵاتی خۆی، لەبەرئەوەی پێویستی بە غازی سروشتییە، دووەم پارتی ویستی ئەوەی نییە، ئەم ناوچەیە کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەودانییە ئابوورییەکی گەورە هەبێت، وە ئەم گەشەپێدانە لە غازی ناوچەکەدا هەبێت".

 

لەبارەی ئەوەی ئەگەر حکومەتی هەرێم ئەو پارانە نەدات کە دۆڕاندوویەتی بە دانەغاز، چی دەبێت، عەلی حەمەساڵح وتی:"حکومەتی هەرێم هەتا ئێستا هیچ پارەیەکی نەداوە بە دانەغاز، بەڵام ناتوانێت پابەند نەبێت و پارە نەدات، ئەمە پارەی فەرمانبەران و کۆمپانیاکانی کوردستان نییە، داناغاز دەیباتە دادگای نێودەوڵەتی جێگیری دەکات، دەتوانن دەست بەسەر پارەکانی هەرێمدا بگرن".

 

گرێبەستی داناغاز و حکومەتی هەرێمی کوردستان  بۆ ٢٥ ساڵە،‌ کە لەساڵی ٢٠٠٧ وە ئەنجام دراوە، بەوتەی کۆمانیای دانەغاز، بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم، ناوەرۆکی ڕێککەوتنەکەی جێبەجێنەکردووە، دوو سکاڵای لە دادگا نێودەوڵەتیەکان لەسەر تۆمار کردووە و بەنیازە لەمانگی نۆدا سکاڵایەکی تر لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار بکات.

 

جێگەی ئاماژەیە، لە دوای ١٠ ساڵ لە واژۆکردنی گرێبەست لە نێوان حکومەتی هەرێم و دانەغازدا، تاوەکو ئێستا ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەوەکە بۆ ڕاگەیاندنەکان و پەرلەمان و پەرلەمانتارانیش ئاشکرا نەکراوە.

 

ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin