Smiley face
Smiley face
Smiley face

لەهەڵەبجە فیستیڤاڵی ڕۆژی جیهانیی لاوان بەڕێوەچوو

2017-08-12 14:47:06



ڕۆژنیوز - جیهاد هەورامی

 

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوان، بەڕێوەبەرایەتی لاوانی، لە هەڵەبجە فیستیڤاڵێكی ساز کرد كە تیایدا چەند چالاكییەكی هونەری پێشکەش کران و خەڵاتی ڕێزلێنان بەچەند گەنجێكی بەهرەمەند بەخشرا.

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی گەنجان و لەژێر دروشمی لاوانی كوردستان، سمبۆلی بیری ئازاد و هێزی داهێنانن، بەئامادەبوونی ژمارەیەك بەرپرسی حكومی و حزبی و گەنجانی شارەكە، بەڕێوەبەرایەتی لاوانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان، لە هەڵەبجە فیستیڤاڵێكی ساز کرد.

 

سەرەتای مەراسیمەكە بە خولەكێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد و دواتر ئەریوان سەلاح وتاری بەڕێوەبەرایەتی لاوانی پێشكەش كرد و وتی:"ئەمساڵ لەكاتێكدا یادی جیهانیی گەنجان دەكەینەوە كە هەرێمەكەمان بەكۆمەڵێك قەیرانی دارایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی تێپەڕ دەبێت، بەردەوام كاریگەری لەسەر گەنجانیش داناوە كە بنیاتنەری كۆمەڵگایەكی پێشكەوتو و داینەمۆی گۆڕانكارییە هەنوكەییەكانن".

 

 

ئەریوان، وتیشی: پێویستە بەشێوەی جدی سوود لە توانا و بەهرەی گەنجان وەربگیرێت، چونكە ئەركی بەڕێوەبردنی وڵات لەساڵانی داهاتوودا دەكەوێتە ئەستۆی ئەم گەنجانە و دەبێت هەر لەئێستاوە بناغەی كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو لەسەر شانی گەنجان دابنێین و نەهێڵین تواناكانیان بەفێرۆ بڕوات.

 

 

دواتر بە پێشكەش كردنی چەند بەرهەمێكی هونەری شیعر و گۆرانیوتن بەردەوامی بە فیستیڤاڵەكە دراو لەكۆتاییشدا خەڵاتی ڕێزلێنان دابەش كرا بەسەر چەند لاوێكی بەهرەمەند و بەتوانا و نمونەی پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ بنەماڵەی دوو گەنجی پێشمەرگەی شەهید كە لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش شەهید كران.

 

 

گەنجێكی دانیشتووی شاری هەڵەبجە بەناوی حەسەن جەمال، بە ڕۆژنیوزی وت:"توێژی گەنجان لەلایەن حكومەتی هەرێمی پشتگوێ‌ خراون و ئاوڕێكی جدیان لێ‌ نادرێتەوە، حكومەت هیچ جۆرە پلانێكی بۆ پێشخستنی توانا و هاوكاریكردنی گەنجان نییە، هەر بۆیە زۆرێك لەو گەنجانە بەهۆی بێكارییەوە ڕوو لە هەندەران دەكەن و ولات بەجێ‌ دەهێڵن".

 

 

حەسەن، وتیشی:"لەماوەی چەند ساڵی‌ ڕابردوودا بەهۆی بێ‌ پلانییەوە حكومەتی هەرێم هەلی دابینكردنی كار و دەرگای دامەزراندنی بەڕووی گەنجان داخستووە و بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لە گەنجان بێكارن و زۆرێكیان بڕوانامەی ماستەر و بەكالۆریسیشیان هەیە و بەناچاری كرێكاریی دەكەن، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم ئاوڕێكی جدی لەگەنجان بداتەوە و پێویستییەكانیان بۆ فەراهەم بكات، هەر لەدابینكردنی هەلی كار و پیشە و دەستگیرۆیی ئەو گەنجە بەهرەمەندانەی كە لەبوارێكی تایبەتدا كار دەكەن بۆ ئەوەی بە پێشكەوتەنەكانیان خزمەتێك بە بەرەوپێشچونی وڵات بكەن".

 

 

كچە گەنجێكی تری شارەكە بەناوی حوسنا هەورامی بە ڕۆژنیوزی وت:"لەم چەند ساڵەی دواییدا لەغیابی حكومەت ژمارەیەك لەڕێكخراوەكان توانیویانە بەكردنەوەی خولی فێربون و پێگەیاندنەوە هەلی كاریان بۆ ژمارەیەك لەگەنجان ڕەخساندووە و پێویستیش دەكات حكومەت هاوكاری ڕێكخراوەكان بكات، بۆ ئەوەی هەلی كاری زۆرتر و باشتر بۆ گەنجان فەراهەم بكەن".

 

 

حوسنا، وتیشی:"ئەركی حكومەتە كە بەجدی خەمخۆری گەنجان بێت و هەلی كاریان بۆ دابین بكات و حزبەكانیش بەهەمان شێوە كە پێهێنەری حكومەت و دەسەڵاتن، نابێت ڕۆڵ و توانای گەنجان فەرامۆش بكەن و پێویستە جیاوازی نەكەن لەكاتی دامەزراندن و پێدانی پۆست و هەلی كار، هەمیشە گەنجانیان لەپێش چاو بێت".

 

 

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : roj[email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin