Smiley face
Smiley face
Smiley face

سەعدی پیرە: مەودای نێوان ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دوور و درێژە

2017-08-08 07:58:06



ڕۆژنیوز - قەرەچوغ ئەنوەر

 

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، بۆ ڕیفراندۆم دەستنیشان کردنی ٢٥ی ٩ باش نەبوو، دەشڵێت: بژاردەی شەڕ بژاردەی کورد نییە، بەڵکو کورد دەیەوێت لە ڕێگەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و لەگەڵ دراوسێکان ئەم بابەتە پیادە بکات، جگە لەوەش مەودای نێوان ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی مەودایەکی دوورو درێژە.

 

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، و وتەبێژی ئەو حزبە، لە چاوپێکەوتنێکیی تایبەتی ڕۆژنیوز-دا، باسی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم و کاتی ڕیفراندۆم و پەیوەندییەکانی نێوان گۆڕان و پارتی دەکات، هەروەها باسی کەمی کاتی ئەم خولەی پەرلەمان دەکات و تیشک دەخاتە سەر هەوڵەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

لەدواین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم-دا بڕیاری کاراکردنەوەی پەرلەمان درا لەماوەی دووهەفتەدا؟ ئایا دەتوانن لەو ماوەیەدا پەرلەمان کارابکەنەوە؟، بۆچوونی گۆڕانتان وەرگرتووە؟

 

"گۆڕان و پارتی کۆدەبنەوە پێکەوە و باسی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەن"

 

سەعدی پیرە: ئەو کۆبونەوەی کە کرا کۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکان بوو، وە ئێمە کۆبوونەوەیەکی جیاوازیشمان هەبوو لەگەڵ مەسعود بارزانی، دوایش لەو کۆبوونەوەی کە لایەنە سیاسییەکانی تێدا بوو هەندێکیان ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بوون، ئێمە ئەوانەی کە یەکێتی لێی بووین کەسمان ئەندامی ئەو ئەنجومەنە نەبووین، نە کۆسرەت ڕەسوڵ و نە مەلا بەختیار و نە من، لە ڕاستیدا تەنها ئێمە و پارتی دوو کەس چوبووین، کۆسرەت ڕەسوڵ بە سیفەتی جێگیری مەسعود بارزانی هاتبوو، وە لەو کۆبوونەوەیەدا ئێمە بۆچوونی گۆڕانمان وەرگرتووە، کە بە درێژای کات گۆڕان داوای کارکردنەوەی پەرلەمان یان ئاسایی کردنەوەی پەرلەمانیان کردووە بە بێ مەرج، ئاسایکردنەوەی پەیوەندی نێوان پارتی و گۆڕان ڕاستەوخۆ دەستیپێکردووە، کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆدەبنەوە پێکەوە و باسی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەن.

 

ئەم خولەی پەرلەمان ماوەیەکی کەمی ماوە تەواو ببێت، لەم ماوەکەمەدا ئەتوانێت چیبکات؟

 

"دەبێت هەڵبژاردن بکرێت، یان ماوەی پەرلەمان درێژبکرێتەوە"

 

سەعدی پیرە: مەسەلە چی ئەکات و چی نەکات نییە، مەسەلە پرەنسیپی بوونی پەرلەمان بە کراوەیی لە سیستمێکی پەرلەمانی دیموکراتیدا، وە لە داهاتودا لە ٦ی ١١ خولی ئێستای پەرلەمان کۆتایی دێت، هەر بۆیە دەبێت هەڵبژاردن بکرێت یان دەبێت تەمەنی ئەم خولە درێژ بکرێتەوە کە هەردوو حاڵەت بەدەستی پەرلەمانە کە دەبێت پەرلەمان بڕیاربدات.

 

ئایا ئەم نەرمی نواندنەی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بە یاسایی کردنی ڕیفراندۆم و بەدەستهێنانی پشتیوانیی نییە بۆ ئەو کارە، وەک لەراگەیەندراوەکەی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم-یشدا هاتبوو؟ ئەی ئەگەر پەرلەمان پشتیوانی ریفراندۆمی نەکرد چی روودەدات؟

 

"نەرمی نواندن نییە، پارتی و گۆڕان دەست بۆیەک درێژ دەکەن"

 

سەعدی پیرە: ئەمە نەرمی نواندن نییە، گۆڕان و پارتی کێشەیەک لە نێوانیان دروست بوو لە ئەنجامی بەسەرچوونی ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی، ئەم کێشەی کە لەنێوانیان دروستبووە خۆپیشاندان و ماڵ سوتان و ماڵ وێرانی بەخۆیەوە دیووە، ڕێگرتنی لە سەرۆکی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی بەخۆیەوە دیووە، کە شتی جۆراوجۆری نایاسایی لێی ڕوویداوە، ئێستا کە هەردوولا دەست بۆیەکتری درێژ دەکەن بە نێوەندگیری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

 

وتیشی: لایەنە سیاسییەکان ناچن ئەم پرسە بەرنە پەرلەمان بە بێ ڕێکەوتنێکی پێشوەختە، دەبێت لایەنە سیاسییەکان لە کۆبوونەوەو لە گفتوگۆی نێوانیاندا یەکبن، ئەوەی کە بیستوومە تائێستاش بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر مەسەلەی ڕیفراندۆم پشتگیری دەکات، بەڵام ڕەنگە لە شێوەکەی یان غیابی پەرلەمان لەو پرۆسەیە بە کارێکی باش نازانێت وەکو سەقفێکی یاسایی بۆ ئەم پرۆسەیە کارێکی باشە.
 

ڕەوشی دارایی هەرێمی کوردستان چی بەسەردێت، ئێستا ترسی دروست بوونی گرانی-ش لای خەڵک سەریهەڵداوە، ئێوە گرەنتی دانەخستنی سنورتان لە ئێران و تورکیا وەرگرتووە؟

 

"هیچ سەبەبێک نییە بیر لە سنور داخستن بکرێت"

 

سەعدی پیرە: لایەنە سیاسییەکان و سەرکردایەتی سیاسی لە گفتوگۆدا دەبێت لەگەڵ هەموو لایەنەکانی دیکە، من پێموایە لە سنور داخستن چەن هەرێمی کوردستان زەرەر دەکات سێ ئەوەندەش وڵاتانی دەوروبەر زەرەر دەکەن ئەگەر سنور دابخەن، هیچ سەبەبێک نییە ئێستا بیرکردنەوە لەوە، تەنها بۆ پشێوی و ئاژاوە  نانەوەیە ئەگەر باسکرا، ئەگینا هیچ سەبەبێک نییە بیر لە سنور داخستن بکرێت، وە کەسیش باسی سنور داخستنی نەکردووە.

 

دانانی کاتی ڕیفراندۆم لە جێی خۆیدا بوو؟

 

"ئەوەی داوای دەکەین مافی خۆمانە"
 
سەعدی پیرە: ئێمە ئەوەی کە داوای دەکەین مافە، ئەمە بۆ ئارەزووی هیچ کەسێک نییە، لەوانەیە گفتوگۆ هەبێت لەسەر چاککردنی باروگوزەرانی خەڵک، خەڵک زیاتر هاندەدرێت و زیاتر پێشوازی لە ڕیفراندۆم دەکات، بێ دەستنیشان کردنی ٢٥ی ٩ باشتر زەمینە خۆشدەکرا لەوەی کە ٢٥ی ٩ دەستنیشان بکرێت و ئەوسا بە خەڵک بڵێیت من بڕیاری خۆم داوە، ئیتر تۆ ڕازیت یان ڕازی نیت کەیفی خۆتە، ئەمانە ئەو هەڵانەن کە کراوە.
 

ئێوە دەڵێن ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی  نییە و تەنیا وەرگرتنی بۆچوونی خەڵکە، ئایا باری دارایی هەرێم و دەرونی خەڵک گونجاوە بۆ چوونە سەر سندوقی دەنگدان لەکاتێکدا هەڵبژاردنیشمان لە پێشە؟

 

"ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ئەنجامی بێ ئومێدی لە حکومەتی فیدڕاڵ هاتووە"

 

سەعدی پیرە: لە ئەسڵدا ڕیفراندۆم خۆ نەهاتووە لەبەر ئەوەی کە حەتمەن تۆ دەتەوێت کە ئەو ڕیفراندۆمە بکەیت، هاتووە لە ئەنجامی بێ ئومێدی لە حکومەتی فیدڕاڵ لە بەغدا کە نەیتوانیوە کێشەکانی ئێمە چارەسەر بکات، نایەوێت دەستوری عێراق جێبەجێ بکات، نایەوێت ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکات، نایەوێت کێشەی پێشمەرگە جێبەجێ بکات، ئێمە شاندێکمان سەردانی کردن کە پارەی مانگێکی مامۆستا بدەن تاوەکو مامۆستا خۆپیشاندان نەکات و خوێندکار زەرەر نەکات، بەڵام ئەوەشیان جێبەجێ نەکرد، بەڵام دەتوانن بە سەدان ملیۆن دۆلار خەرجبکەن بۆ ئەوەی کە کەناڵێک و کۆمەڵێک لە دژی ڕیفراندۆم بەکاربهێنن.

 

"کۆدەنگی نیشتیمانی یاریدەدەرە بۆ سەرکەوتنی ڕیفراندۆمێکی باشتر"

 

وتیشی: من دەڵێم ڕیفراندۆمێکی سەرکەوتوو بەم شێوەیە دەبێت، دەبێت نرخی نەوت زیادی کردووە، بارودۆخی کوردستان ١٠% هەتا ٢٠% بەرەوپێشەوە چووە، ئێ کەوابوو بەو ئەندازەیەش مووچەی خەڵک زیاد بکەین، مەسەلەی دووەم کە لە دەرەوە وەڵامی ئەرێ و نەرێمان هەیە، کەواتە دەبێت ئێمە بێین بەرەی ناوەوە بەهێز بکەین و ئەو کێشە و ناکۆکیانەی کە هەیە بەهێزی بکەین، چونکە کۆدەنگی نیشتیمانی یاریدەدەرە بۆ سەرکەوتنی ڕیفراندۆمێکی باشتر.

 

" کورد دەیەوێت بە گفتوگۆ و دیالۆگ بابەتی ڕیفراندۆم پیادە بکات"

 

سەعدی پیرە زیاتر دواو وتی: مەسەلەی سێهەم ئەو دڵەڕاوکێیە کە لەلایەن نەیاران و بەشێک لە ڕاگەیاندنەکانەوە دروست دەکرێت کە خەڵک لە برسا دەمرێت و سنور دادەخرێت ئەمانە درۆیە و دوورە لە ڕاستییەوە، چونکە کورد یان سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان بڕیاری ڕیفراندۆمی داوە نەک جێبەجێ کردنی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم بە شەڕ، بژاردەی شەڕ بژاردەی کورد نییە، بەڵکو کورد دەیەوێت لە ڕێگەی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەبەغدا و لەگەڵ دراوسێکان ئەم بابەتە پیادە بکات، وە جگە لەوەش مەسافەی نێوان ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی مەسافەیەکی دوور و درێژە.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin