Smiley face
Smiley face
Smiley face

بەڕێوەبەرایەتی شەنگال: بە ئامادبوونی پارتی شەنگال لە ئوردن فرۆشرا

2017-08-02 10:40:30



ڕۆژنیوز - شەنگال

 

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی شەنگال دەڵێت، کە لە ئوردن لەنێوان تورکیا و سعودیە و قەتەر کۆبوونەوەیەک پێکهات و لە ئەنجامیدا شەنگال و موسڵ فرۆشران، دەشڵێت، پارتی لەو کۆبوونەیەدا ئامادەبووەو لە کاتی هێرشەکەدا بەرگری لە خەڵکی ئێزدی نەکردووە، چونکە موسڵ و شەنگال و ناوچەکانی مادەی ١٤٠ پێشتر فرۆشرابوون.

 

کۆمەڵکوژی خەڵکی ئێزدی لە ڕۆژی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا بەهۆی پاشەکشەی هێزە چەکدارەکانی پارتییەوە ڕوویدا، هەزاران هاوڵاتی مەدەنی کوژران و ڕفێندران، بەم بۆنەیەوە کە سێ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەی شەنگالدا تێدەپەڕێت، حەجی حەسەن، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی شەنگال، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ڕۆژنیوزدا وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە بەم شێوەیەیە:

 

داعش زۆر بە ئاسانی موسڵی گرت، پێتان وایە دواتر بۆچی ڕێگری نەکرا لە پێشڕەوی داعش بەرەو شەنگال؟

 

حەجی حەسەن: ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ داعش موسڵی گرت، پێش مانگی حوزەیران تورکیا، سعودیە و قەتەر لە ئوردن کۆبوونەیەکیان پێکهێنا، لە ڕاگەیەندنەکاندا بانگەشە بۆ ئەو کۆبوونەیە دەکرا، هەروەها ئەندامێکی پارتیش لەو کۆبوونەیەدا ئامادەبوو، لەو کۆبوونەیەدا بڕیاریان دابوو کە ناوچەیەکی سوننە دامەزرێنن، بە نیازبوون لە دیالەوە تا دێرەزۆر بخەنە ژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵیانەوە، پارتی دەیویست ناوچەکانی مادەی ١٤٠ بکاتە بەشێک لە خاکی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی کوردی بونیات بنێت، داواشی لە سوننەکان کرد پشتگیری بکەن.

 

وتیشی: لەو شوێنانەی پێشمەرگەی پارتی لێبوو هیچ شەڕێک ڕووینەدا و کەوتە دەستی داعشەوە، شەنگال، زومار، باشیقە و بەهزان، لەم نێوانەدا ئەوی زیاتر لە هەموویان زۆرداری بەسەردا کرا شەنگال و ئێزدییەکان بوون، کاتێک داعش موسڵی گرت، دوو هەزار چەتەی داعش بە ئۆتۆمبێلەوە لە ناو شاردا گەڕان و خەڵکیان تۆقاند، لە ڕاگەیەندراوەکاندا داعشیان وەکو هێزێکی دڕندە ناوزەد دەکرد و بانگەشەیان بۆ دەکرد، بۆیەش کاتێک گەیشتنە موسڵ لە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا هەموو موسڵیان کۆنتڕۆڵ کرد، ڕۆژی ١٢ی حوزەیران بەرەو تەلەعفەر بەڕێکەوتن، لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە شەڕی مەزهەبی لە تەلەعفەر دەستیپێکردبوو، سوننە و شیعە هەزران کەسیان لە یەکدی کوشتبوو، ئەو کاتە حکومەتی شیعەی عێراقی سوننەکانی لە تەلەعفەر دەردەکرد، سوننەکان بەرەو موسڵ و شەنگال ڕایان کرد، تەلەعفەر سوننەی کەمی لێمابوو، کاتێک داعش چوو بەرەو تەلەعفەر سوننەکانی ئەوێ هاوکاریان کرد و داعش توانی تەلەعفەر بگرێت.

 

زیاتر دواو وتی:"فەوجی ئەبو وەلید بەرخۆدانێکی دووڕۆژەی کرد، بەڵام پاش دوو ڕۆژ چەکو تەقەمەنییەکانیان تەاوبوو، پاشەکشەیانکرد بەرەو شەنگال و بەرەو لقی ١٧ پارتی بە سەرۆکایەتی سەربەست باپیر، پاشان ئەبو وەلید و سەربەست باپیر بەیەکەوە شەنگالیان جێهێشت و چوون بەرەو باشوری کوردستان، کاتێکیش داعش هات پێشمەرگەکانی پارتی بەرگریان نەکرد و کشانەوە و بەرەو دهۆک ڕایان کرد، هەندێک دەڵێن ڕایاننەکردووە، بەڵکو جبەخانەیان نەبووەو پاشەکشەیان کردووە، ئەمە درۆیە، چونکە ئێمە لێرە بووین بە چاوی خۆمان هەموو شتێکمان بینی، ئەگەر ئەمە ڕاست بوو، بۆ بە خەڵکیان نەوت شارەکە بەجێبێڵن و خۆیان ڕزگاربکەن پێش ئەوەی داعش بگاتە ناو شارەکە، بەڵام بە بێدەنگی و بێ ئەوەی هۆشداری بدەنە خەڵک رایانکرد.

 

پێش ئەوەی داعش هێرش بکاتە سەر شەنگال، ئایا هیچ ئامادەکارییەک بۆ بەرگری لە شەنگال ئەنجام درابوو؟

 

حەجی حەسەن: سەرلەبەیانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ فەرمانەکە پێکهات، من دوو ڕۆژ پێشتر ماڵم بار کردبوو بۆ گوندی زراڤک، پاش ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٧ لە سیبا و تەل عازەر تەقینەوە روویدابوو، لە دەوروبەری هەموو گوندێک حەوزێکی ئاویان دروست کردبوو، ئەو ئاوە بۆ خەڵەتاندنی خەڵک بوو، ئەگەر ڕاستیان کردبایە دەبوو ئە حەوزانە سێ بۆ چوار کیلۆمەتر دوور لە ناو گوندەکان دروست بکەن، ئێمە بە چاوی خۆمان بینیمان کە داعش دەهاتن و لەو حەوزانە بە تانکی ئاویان دەبرد، ئێمە لە کۆنەوە پەیوەنندیمان بە پارتییەوە نەبوو، بەڵام ناڕەزاییامان دەردەبڕی و دەمانوت بۆچی داعش دێتە نزیک گوندەکانمان؟ ئەوان دەیانوت مەترسن و هیچ مەترسییەک لە سەر ئێوە نییە، دەیانوت بەردەوام بن لە سەر ژیانی خۆتان، چونکە ئەرکی بەرگری لە ئێوە لە ئەستۆی ئێمەیە.

 

وتیشی: دوای دوو کاتژمێر تەلەفۆنێکیان بۆکردم و وتیان کە داعش لە دەوروبەری گوندی گرزەرێک زۆر دەگەڕێن، لە زۆر گوندی دیکەشەوە تەلەفۆنمان بۆ کرا، پێش ئەوەی شەڕ دەستپێبکات ئێمە چووبووینە سەربانی ماڵەکەمان، شەو بوو، بینیمان کە لە گوندی گرزەریکەوە ڕووناکی بەرزبووەوە، تێگەیشتین کە شەڕ ڕوویداوە، تەلەفۆنمان کردو هەر وایان پێ وتین، ماوەیەک هەر وا ماینەوە، پاش ماوەیەک وتیان شەڕ کۆتایی هاتووە، بەڵام دووایە وتیان دیسانەوە شەڕ دەستیپێکردووەتەوە، شەڕ گەیشتبووە سیبا و شێخ خدر، پێش ئەوەی شەڕ بگاتە گرئیزەر پەیوەندیمان بە سیباوە کرد، دووایە کاتژمێڕ پێنج و شەشی بەیانی بوو کە خەڵکی گوندی گرزەریک لە گوندەکە چوونە دەرەوە، لە گرزەریک شەڕی زۆر قورس ڕوویدا، بۆیەشە زۆربەمان نەکەوتینە دەستی داعشەوە، تەنیا بەهۆی ئەوەی چەک و جبەخانەیان نەبوو و پێشمەرگەکانیش هاوکاریان نەکردن هێڵی بەرگری لە گرزەریک تێکشکا، ناچاربوون گوندەکە بەجێبێڵن و بەرەو چیای شەنگال بەڕێکەوتن.

 

لە کاتی هێرشەکەدا خەڵک بیریان لە چی دەکردەوە؟

 

حەجی حەسەن: کاتێک شەڕ لە شەنگال دەستیپێکرد هاوەنێک بەر خوێندنگایەکی شەنگال کەوت و پێشمەرگەیەکی یەکێتی لەوێ کوژرا، لە گوندی سیباش ناوەندێکی پۆلیسی عێراقی لێبوو کە دۆشکەیەکی لە سەر بوو، کاتێک داعش هاتن هەموو ئەو شوێنانەی لە چنگی پێشمەرگەکاندا بوو چۆڵکران، لەوێش خەڵکیان خەڵەتاند، خەڵک وایان بیر دەکردەوە کە بەو دۆشکەیەوە بەرگریان لێدەکەن، کاتێک دۆشکەکە کەوتە دەستی داعشەوە ئەویشیان بۆ شەڕی خۆیان بەکارهێنا و خەڵکێکی زۆریانن پێکوشت، خەڵک بە سەختییەکی زۆر خۆیان گەیاندە چیای شەنگال، زۆربەی ئەو کەسانەی لە گوندەکاندا مابوونەوە کوژرابوون و ڕفێندرابوون.

 

وتیشی: بەیانی زوو کاتێک لە ماڵەکانمان چووینە دەرەوە، بینیمان کە پێشمەرگەکانی پارتی لە پێش خەڵکەوە ڕادەکەن، لە شەنگال گەڕاینەوەو چووین بۆ گوندی گابارا، هەزاران کەس بەرەو چیای شەنگال بەڕێکەوتن،  بێ ئاو بێ خواردن، دایکەکان هیچیان پێنەبوو بیدەن بە منداڵەکانیان، تەنیا بە سەر منداڵەکانیاندا دەگریان، بە فرمێسکی چاوەکانیان لێوی منداڵەکانیان تەڕ دەکرد بۆ ئەوەی نەمرن، ئەگەر ئەو کاتە ڕێکخستنمان هەبووایە و بەو شێوەیە بڵاو نەبووینایەوە، دەمانتوانی شەڕ بکەین، تەنیا دەنگی تەقەمان دەبیست و بینیمان کە داعش هێرشیان کردە سەر گۆڕی ئەڤدۆ و لەوێ ٧٠ کەسیان دەستگیرکردو بردیانن، داعش تەقەی لێدەکردین و من بیرم دەکردەوە ئەگەر ئەو فیشەکانە بەر منداڵەکەم بکەوێ چ بکەم؟ تا کاتژمێر ٠٢:٠٠ی شەوێ بەڕێوەبووین گەیشتینە چیای شەنگال، بەیانییەکەی هەستاین و بینیمان ئاومان پێنەماوە، بە ترسێکی زۆرەوە بەردەوامیمان دا بە ڕێپێوانەکەمان تا گەیشتینە چیای شەنگال، بەڕێوە بووین و ژیانمان گرێدراوی کاتژمێرەکان بوو، هەموو ساتێک ئەگەر هەبوو داعش بگاتە سەرمان، دواتر رێگا کرایەوە و چووینە ڕۆژئاوای کوردستان، زۆر کەسیش چوون بۆ باشوری کوردستان.

 

کاتێک چوونە ڕۆژئاوای کوردستان چۆنتان بیر لە گەڕانەوەو چوون بۆ باشوری کوردستان دەکردەوە؟

 

چوون بۆ باشور زۆر سەخت بوو بۆمان، چونکە لە ژێڕ دەسەڵاتی پارتیدا بوو، جارێکی دیکە پێمان قبوڵ نەدەکرا بچینە شوێنێک کە بە دەست پارتییەوە بێت، بۆیە وتمان لە ڕۆژئاوا بمێنینەوە باشترە، کوڕەکەم دەیوت با بچینە باشور، چونکە هەموو ئەوانەی دەیانناسم لەوێن، ماوەیەک لە ڕۆژئاوا ماینەوە و پاشان چوین بۆ باشور.

 

کاتێک گەڕانەوە بۆ باشور بەرەو کوێ چوون؟

 

لە کۆمەڵکوژی تەل عازەر دا سێ کوڕم کوژرابوون، تەنیا کوڕێکم لەگەڵم مابوو و نەمدەویست دڵی بشکێنم، بۆیە گەڕاینەوە باشور، لە باشور چووینە کامپی باجیدە و لە خوێندنگایەکدا جێگربووین، ١٨ خێزان لە هۆڵی خوێندنگایەکدا دەماینەوە، زۆر کەسی باشی لێبوو کە هاوکاریان دەکردین، بەڵام حکومەتی بارزانی زۆرداریی لێدەکردین، پاش ماوەیەک وتم چیدی ناتوانین لێرە بمێنینەوە و بڕیارم دا بگەڕێنەوە شەنگال، وتم با بگەڕیینەوە کار بۆ خەڵکەکەمان بکەین، چونکە کاتێک شەنگالیان ڕزگارکرد حەز ناکەم بگەڕێمەوە سەر کار و زەحمەتی هەندێک کەسی دیکە، هاتمەوە شەنگال و هەڤاڵانم بینی، بەشداری ئەنجومەنی شەنگال بووم، ئەنجومەنی دامەزرێنەری شەنگالمان بونیاتنا، شەش مانگ لێرە بووم، خێزانەکەم لە باشور بوون.

 

وتیشی: پاش ئەوەی بانگەوازی ڕزگارکردنی شەنگال و مەدیبان کرا، هەوڵمدا بەشداری هەنگاوی شەڕی دژی داعش بم و دژی دوژمن شەڕ بکەم، بەڵام هەڤاڵان ڕێگایان نەدایە من بەشداری شەڕ بم، وتیان پێویستە ئاگات لە خێزانەکەت بێ، دوواتریش لە باشورەوە تەلەفۆنیان بۆ کردم  و بانگیان کرد کە پێوویستمان پێتە، وتم ناتوانم بێم، هەڕەشەیان لە خێزانەکەم کردبوو، پێیان وتبوون سێ ڕێگاتان هەیە، یان ئەوەی حەجی حەسەن بگەڕێتەوە ئێرە، یان ئێوە بچنە لای و یان ئەوەی دەتانگرین، من پێم وترن من نایەم، ئەگەر دەتانەوێت نەتانگرن بگەڕێنەوە شەنگال و ئەونیش گەڕانەوە.

 

بانگەوازیتان بۆ خەڵکی ئێزدی چییە؟

 

حەجی حەسەن: دەمەوێت بڵێم، کە پێویستە خەڵکی ئێزدی خۆی بناسێت، پێویستە بزانن کێ ئەم سەختیانەی بە سەر هێناون، زۆر کەس هەن ڕوویان وەردەسووڕێنن لە کلتورەکەیان و خۆیان دەخەڵتێنن، نایانەوێت ڕاستییەکان ببینن، هەندێک لە خەڵکی ئێزدی دەچنە بەرەی دوژمنەوە، چیدی نابێت وەکو جاران بژین، دەبێت خۆمان ڕێکخەین، ئێمە ئێستاش لە ژێڕ فەرمانداین، تا کاتێک خۆمان ڕێکنەخەین ناتوانین ڕزگاربین لەو فەرمانە، باش دەزانین کێ ئێمەی فرۆشت و کێ خوێنی خۆی ڕشت بۆ بەرگری لە خەڵکەکەمان، با خەڵکی ئێزدی دۆست و دوژمنی خۆیان بناسن، بۆ ئەوەی چیدی فەرمانمان بە سەر نەیات و نەفرۆشرێین.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin