Smiley face
Smiley face
Smiley face

نووسەرێک: ئەوەی لەم بارۆدۆخەدا بە بەڵی دەنگ بە ڕیفراندۆم بدات ناپاکە

2017-07-27 20:13:59



ڕۆژنیوز- ئاشتی ئەحمەد

 

نووسەرێك پێیوایە دەنگدان بەبەڵی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەم بارودۆخەدا دەبێتە هۆی لەدەستدانی خاك لەناوچە دابڕێنراوەكان، هاوکات دەشڵێت ئەوەی لەم بارۆدۆخەدا بە بەڵی دەنگ بە ڕیفراندۆم بدات ناپاکە.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ لە مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە شارۆچكەی چەمچەماڵ كۆڕێك بۆ لەتیف فاتیح فەرەج، نووسەر و چاودێری سیاسی، لەبارەی چارەنووسی ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستان لەكاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەڕێوەچوو.

 

 

لەتیف فاتیح فەرەج لەكۆڕەكەدا وتی:"لەم بارودۆخەدا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم خراپە و ئەگەر هەر ناچار بین و سوور بن لەسەر ئەوەی کە بكرێت، ئەوا بەنەخێر دەنگ بدەین وەك لەبەڵی باشترە، بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی مادەی 140 دەیانگرێتەوە لەدەستی نەدەین و خاك نەدۆڕێنن، لەبەرئەوە دەبێت لەمەودای ئەو دوو مانگەدا فشار دروست بكەین ڕیفراندۆم نەكرێت".

 

 

ئەو نووسەرە وتیشی:"ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەم بارودۆخەدا بردنەوەی كەركوكیش ئەگەرێكی زۆر لاوازە، كە پەنابردن بۆ ڕیفراندۆم بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆمبێكی مەترسیدارە، هەرچەندە لەبری ئەوەی سەركردایەتی سیاسی كورد بۆ گەڕاندنەوەی كەركوك دەبوایە پشتیان بەمادەی 140 ببەستایە كە لەدەستوری عێراقدا چەسپیووە، ئەو دەستوری 13 ملیۆن خەڵك دەنگی پێداوە، یاخود پشت بەستن بەڕاپۆرتی نەتەوەیەكگرتووەكان و ستیڤان دیمستۆرە كە لەساڵی 20006 بۆ 2007 نووسیویەتی، پەنا بۆ عاتیفەی خەڵك دەبەن لەڕێگەیەكەو كە ناوی ڕیفراندۆمە".

 

باسی لەوەش كرد، خەڵك لەگوزەرانییەكی خراپدایە و ناوخۆی هەرێم ئاڵۆزە و نەگونجاوە، هەروەها وا پێویستە ئێمەی كورد بەتایبەت لەناوچە دابڕێنراوەكان لە عەرەب و توركمان زیاتر بەگژ ئەم ڕیفراندۆمەدا بچینەوە و داوا بکەین کە نەكرێت.

 

هەروەها وتیشی:"لەبری ئەم پرۆژەیە، دەبوایە بارزانی و چواردەورەكەی پرۆژەیەكیان هەبوایە ئازارەكانی خەڵكی كوردستانیان بەدونیا بناساندبایە، وەك ئەنفالكران و جیاكردنەوەی مرۆڤ لە خاكەكەی و نیشاندانی مەینەتییەكانی كورد، چۆن ئەو هەموو قوربانییە كە لەئۆردوگای زۆرەملێیانە نیشتەجێ كراون بگەڕێنینیەوە بۆ نێو ژیان".

 

لەتیف فاتیح ئاماژەی بەوەش كرد، تا ئێستا ڕوون نەكراوەتەوە، کە چ جۆرە ڕیفراندۆمێك دەكرێت، بەیەك بازنەیی یاخود دوو بازنەیی، یان پارێزگا پارێزگا ئەنجام دەدرێت، بۆنمونە ئەگەر بەیەك بازنەیی بكرێت واتا كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی تێدابێت، ئەو كاتە نەك عەرەب و توركمان بەڵكو وڵاتانی دیكە و نەتەوەیەكگرتووەكانیش دژی كورد دەوەستنەوە لەبەرئەوە دەڵێن ئەوا عەرەب و توركمان تۆیان قبوڵ نییە، سەرەڕای فەرامۆشكردنی كوردە فەیلییەكان كە ڕێژەیان یەك ملیۆنە و زۆریان لەبەغدا نیشتەجێن.

 

لەتیف وتیشی:"ئەمەش دروستكردنی شەڕێكی دیكەیە بۆ نەتەوەكەی خۆمان، كە نابێت هیچ سەركردەیەك شەڕ بۆ نەتەوەكەی خۆی دروست بكات، ئەگەر دروستی كرد دەبێت لەكورسییەكەی دوور بخرێتەوە، یاخود ڕیفراندۆمەكە بەدوو بازنەی بكرێت هەرێم لەگەڵ ناوچە دابڕێنراوەكان بەجیا، لەهەرێم بەبەڵی كورد بیباتەوە ئەوا لە ناوچە دابڕینراوەكان دەدۆڕێنین، یاخود بردنەوەی زۆر لاوازە، بۆیە ئەوەی لەم بارۆدۆخەدا بە بەڵی دەنگ بە ڕیفراندۆم بدات ناپاکە، نەك ئەوانەی بە نەخێر چونكە خاك لەدەست دەدەین، بەگوێرەی دوا ئامار ڕێژەی كورد لەكەركوك ل 52% لەخانەقین لە90%، بەڵام لەهەندێك شوێن لە13%، بۆیە ناكرێت لە ناوچەیەكدا یاری بكەیت كە سەد ساڵە كورد خوێنی بۆ ڕژاندووە كە بردنەوەی زۆر لاوازە، ڕێگەی سێیەم بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەپارێزگا بەپارێزگایە، پارێزگاكانی هەرێمیش برایەوە ئەی كەركوك چۆن دەبرێتەوە، كە لە48% عەرەب و توركمانە، لەبەرئەوە، بە هەرسێ‌ ڕێگەكە كورد زیانی بەردەكەوێت لەناوچە دابڕێنراوەكاندا، بۆیە دەبێت بڵێیت لەم بارودۆخەدا نا بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم".

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin