ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ كرێكار
لە شارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بە هۆی رەشەبا و داڕمانی یاری چووپی تایبەت بەمنداڵانەوە، دوو منداڵ گیانیان لە دەستدا و منداڵێكی تریش بریندار بوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەكی ئەندازیارانی شارۆچكەی كەلار، بە هۆی رەشەباوە یارییەکی منداڵان داڕما و قوربانی لێ کەوتەوە.
هەڵگورد حەمە ئەمین، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار لە شارۆچكەی كەلار، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:" لە گەڕەكی ئەندازیارانی شارۆچكەی كەلار، بە هۆی رەشەباوە، یارییەكی چۆپی تایبەت بە منداڵان ڕووخاوە و قوربانی لێكەوتوەتەوە".
هەڵگورد حەمە ئەمین وتیشی: لەكاتی داڕمانی یارییەكەدا، دەستبەجێ منداڵێك گیانی لەدەستداوە، دوانی دیکەش بریندار بوون، دواتر لە نەخۆشخانە منداڵێكی تریش گیانی لە دەستداوە و منداڵەکەی تریش برینەكەی سەختە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی كراوە.
ناوبراو ئەوەشی وت: ئەو منداڵانەی گیانیان لەدەست داوە یەكێكیان كوڕە و ناوی 'هەیسم'ە و ئەوی دیكەیان کچە و ناوی 'شنیارە'.
د.خ