رۆژنیوز - سلێمانی
دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن میدیای فەرمی گۆڕانەوە، هەوادارانی گۆڕان دەستە دەستە ڕوویان کردە گردی زەرگەتە کە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان و هاوکات ماڵی رێکخەری گشتی بزووتنەوەکەش لە هەمان شوێنە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لە شاشەیەکی تەواو رەشدا، لەلایەن وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، هەواڵی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفای رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە راگەیاندرا و هاوکات دوپات کرایەوە کە بەردەوام دەبن لەسەر رێبازەکەی.
راگەیاندنی ئەو هەواڵە هەوادران و لایەنگر و جەماوەری بزووتنەوەکەی تووشی شۆک کرد، هەربۆیە بە دڵتەنگی و چاوی پڕفرمێسکەوە ڕوویان کردە گردی زەرگەتە بۆ ئەوەی بتوانن لە مەراسیمی ناشتن و بەخاکسپاردنی سەرکردەکەیان بەشدار ببن.
دوای ئەوەی بریار درا لە گردی نابراو بەخاک بسپێردێت، تەرمەکەی لەڕێگەی ئەمبۆڵانسێکەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی فاروق، بۆ ئەوەی لەوێدا بهێڵدرێتەوە بۆ سبەینێ و لە مەراسیمێکی شایستەدا بەخاک بسپێدرێت.
لە کاتی هێنانە دەرەوەی تەرمی نەوشیروان مستەفا لە ماڵەکەیدا، سەدان کەس لەبەر دەرگاری ماڵەکەی لە چاوەروانیدا بوون، کاتێکیش هێنرایە دەرەوە لەبەردەم ماڵەکەیدا بە رێپێوان ماڵئاوایی لێکرا و هەوادارانی بزووتنەوەکە بە بەرزکردنەوەی دەستیان بۆ ماڵئاوایی هەستی خۆیان دەربڕێ، بەشێکیشان بە نیشاندنی نیشانە سەرکەوتن دەستیان بەرزر کردبوەوە.
د.خ