ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
شاری تەبقا کە رۆژی ١٠ی ئایار لە لایەن شەرڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتییەوە لەچنگی چەتەکانی داعش ڕزگارکرا ڕووی لەژیانە و هاوڵاتیان شارەکە دەژێننەوە.
ئەگەرچی ماوەیەکی کورت لە ڕزگارکردنی تەبقا تێپەڕدەبێت، بەڵام هاوڵاتیانی تەبقا بە هەستێکی پڕ لە ئاسایشەوە گەڕاونەتەوە سەر ژیانیان و بازار و دووکانەکانیان ئاوەدان کردووەتەوە.
هاوڵاتیان لە ماوەیەکی زۆر کورتدا توانیویانە شارەکە لە پاشماوەکانی شەڕ پاکبکەنەوە و ئەمجار بە ئازادی و هەستێکی پڕ لە ئاسایش و دوور لە مەترسی چەتەکانی داعش بژین.
ئەو هاوڵاتیانە هەندێک ڕەخنەشیان هەیە، بۆ نمونە دەڵێن پاش ڕزگارکردنی ڕەقە و ئاوارەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاوی شارەکە بەهای کاڵاکان لە تەبقا گرانتر بووە.
ئەو هاوڵاتیانە هەروەها دەڵێن، کە خەڵکی تەبقا ناچارن پێداویستییەکانیان لە بازار بکڕن و شتەکانیش تۆزێک گران بوون بەهۆی ئەوەی کاڵا لە شارەکەدا کەمە، بەڵام خەڵک ئێستا لە ئارامی دا دەژین و لە هیچ ناترسن.
هەندێکی دیکە لە هاوڵاتیان جۆرێکی دیکە بیردەکەنەوە و دەڵێن، هەر ئەوەی بازاری شارەکە ژیاوەتەوە و وردە وردە خەڵک دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان ئەمە بۆخۆی زۆرە و لە ماوەیەکی کورتدا هەموو شتێک دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی.
هەندێکی دیکەش لەسەر ئەم باوەڕەن کە دۆخی بازار ڕۆژ لەدوای رۆژ باشتر دەبێت و بەراورد بە ڕۆژی یەکەمی ڕزگارکردنی شارەکە ئێستا هەموو شتێک زۆر باشتر بووە ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت و هاوڵاتیان هەر ئاوا ئاگایان لە یەکدی بێت دڵنیاین بە زووترین کار دەگەڕێینەوە دۆخی ئاسایی.
ئەم چەند وێنەیە لە ناو شاری ڕزگارکراوی تەبقاوە گیروان.
د.خ