ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
لە بنکەیەکی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و ئەنجومەنی شار و گوندەکانی ئێران، کچێکی ئازەری سەرپۆشەکەی فڕێدا و بە پانکاردێک ناڕەزایی بەرامبەر بە سەرپۆشی زۆرەملی پیشاندا.
ئەمڕۆ لە شاری ئەردەبیلی باکوری رۆژهەڵاتی ئێران، کچێک سەرپۆشەکەی لابرد و پانکاردێکی بەدەستەوە گرت کە لە سەری نووسراوە "نا بۆ سەرپۆشی زۆرەملێ".
دەنگدان لە بنکەکانی هەموو شارەکانی ئێران و دەرەوەی وڵات لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٨:٠٠ەوە دەستیپێکرد، لە چوارچێوەی دەنگدانەکاندا کچێکی ئازەری بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە سەرپۆشی زۆرەملێ، سەرپۆشەکەی لابرد.
ئەو کچە هەروەها پانکاردێکی گەورەی بە دەستەوە گرت کە لە سەری نووسراوە:"نا بۆ سەرپۆشی زۆرەملێ".
جێگای ئاماژەیە، کە یەک دوو ساڵ پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران سەرپۆش بۆ هەموو ژنان زۆرەملێ ڕاگەیەندرا و لەو کاتەوە ژنانی بێ سەرپۆش سزادەدرێن و لە کاتی سەرۆککۆماری مەحمود ئەحمەدینەژادیشدا واتە لە ساڵەکانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٣، هێزێکی پۆلیس بۆ سزادانی ئەو ژنانە دامەزرا کە سەرپۆشی تەواو لە سەر ناکەن.
د.خ