ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان
سکرتێری جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕایگه‌یاند: هه‌وڵدراوه له ڕێگه‌ی هێزه‌وه شاری هه‌ولێر بێده‌نگ بکرێت، ئه‌م شاره و هه‌ر شتێک که له‌م شاره‌دایه وه‌ک موڵکی تایبه‌تی لایه‌نێک پیشان بدرێت.
له شاری هه‌ولێر ئه‌مڕۆ وه‌فدێکی باڵای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به سه‌رپه‌رشتی عومه‌ر سه‌ید عه‌لی کۆبونه‌وه‌یه‌کی فراوانی له‌گه‌ڵ هه‌ڵسوڕاوانی بزوتنه‌وه‌که سازکرد و هه‌ڵسوڕاوانی ئه‌نجومه‌نی مه‌کۆ و ڕایه‌ڵه و بازنه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له هه‌ولێر و بنه‌سڵاوه به‌شداری کۆبونه‌وه‌که‌یان کرد.
به‌پێى لێدوانێکى نوسراوى گۆڕان، که وێنه‌یه‌کى به ڕۆژنیوز گه‌یشتوه، ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه له‌چوارچێوه‌ی بڕیارێکی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا بووه، که له دواین کۆبونه‌وه‌ی خۆیدا بڕیاریدا زنجیره‌یه‌ک کۆبوونه‌وه له هه‌موو شار‌و شارۆچکه‌کانی هه‌رێمى کوردستان بکرێت به مه‌به‌ستی ڕوونکردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی بزوتنه‌وه‌که له‌باره‌ی بارودۆخی ئێستای هه‌رێم و پێشهاته‌کانی داهاتوه‌وه.
به‌پێى لێدوانه‌که، له کۆبونه‌وه‌که‌دا وتاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌لایه‌ن جه‌مال محه‌مه‌د، سکرتێری جڤاتی نیشتمانییه‌وه خوێندراوه‌ته‌وه و ڕایگه‌یاندوه: "هه‌وڵ دراوه له ڕێگه‌ی هێزه‌وه شاری هه‌ولێر بێده‌نگ بکرێت، ئه‌م شاره‌و هه‌ر شتێک که له‌م شاره‌دایه وه‌ک موڵکی تایبه‌تی لایه‌نێک پیشان بدرێت و، ئه‌و هه‌سته لای هه‌موان دروست بکه‌ن که خاوه‌ندارێتیان بۆ لایه‌نێک ده‌گڕێته‌وه".
جه‌ختی کردوه‌ته‌وه: هه‌وڵی سه‌پاندنی یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک ڕه‌نگ، چاوسورکردنه‌وه، بڵاوکردنه‌وه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوکێ، به حزبیکردنی هه‌مو شتێک، قورخکردنی ده‌سه‌ڵات، په‌رله‌مان و حکومه‌ت، سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، ده‌زگا ئه‌منیه‌کان، بانک، په‌یوه‌ندیه‌کان، بازاڕ و زانکۆکان، ئه‌مانه خه‌سڵه‌تی ڕژێمه شمولیهکانن، زیانی گه‌وره‌یان به ئه‌زمونی هه‌رێمی کوردستان و وێنه جوانه‌که‌ی ئه‌م شاره گه‌یاندوه.
ئه‌وه‌شى وتوه: "هه‌ولێر لای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بایه‌خێکی گه‌وره‌ی هه‌یه، به کردار ده‌بێت پایته‌ختی هه‌مو هاوڵاتیانی کوردستان بێت، بێ جیاوازی. وه‌ک سه‌نته‌رێکی سیاسی که ده‌بێت ده‌زگاکانی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، وه‌ک دامه‌زراوه‌ی نیشتمانی له باوه‌ش بگرێت".
سکرتێری جڤاتی نیشتمانی ڕاشیگه‌یاندوه: ده‌مانه‌وێ له به‌رده‌م گۆڕانخوازان و ئه‌و خوشک و برایانه‌ی ناو یه‌کێتی که له خه‌می جێبه‌جێکردنی ڕێکه‌وتنه‌که‌دان و ئه‌م په‌یامه ده‌بیستن، ڕاست و ڕاشکاو بین، ڕێگری ته‌واو له جێبه‌جیکردنی ڕێکه‌وتنه‌که له‌ناو یه‌کێتیه‌وه‌یه، ئه‌وه سه‌رکردایه‌تی بڕیاربه‌ده‌ستی یه‌کێتییه نایه‌ته پێش بۆ جێبه‌جێکردنی، ئه‌وانن به پێچه‌وانه‌ی ناوه‌ڕۆکی ڕێکهتنهکهوه هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن، بێگومان هێشتا له ناو یه‌کێتیدا خه‌ڵکانێک هه‌ن هه‌وڵی جێبه‌جێکردنی ده‌ده‌ن.
ئه‌وه‌شى خستوه‌ته‌ڕوو: له ڕابردوا به یه‌ک مه‌سافه له‌گه‌ڵ یه‌کێتیه‌کاندا ته‌عامولمان کردوه، به‌ڵام مه‌رج نیه له داهاتودا وابین، کاتێک هه‌ست بکه‌ین ئیدی هیچ ئومێدێک بۆ ئه‌وه نیه به یه‌ک ده‌نگی ئیلتیزام بکرێت، کاتێک هه‌ست بکه‌ین خه‌ریکه له رێگه‌ی هه‌ندێک که‌س و گروپی به‌رژه‌وه‌ندی خوازه‌وه نه‌ریتی حکومڕانی پارتی بۆ شوێنه‌کانی تریش نه‌قڵ ده‌کرێت، ئیدی ناچارین له‌گه‌ڵ یه‌کێتیه راسته‌قینه‌کاندا ته‌عامول بکه‌ین و ده‌یکه‌ین.
له کۆتایشدا ئه‌وه‌ى وتووه: "گۆڕان خوازیاره هه‌رچی زوه کێشه‌کانی هه‌رێم له ڕیشه‌وه چاره‌سه‌ر بکرێن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێشوازی له هه‌ر هه‌وڵ و پرۆژه‌یه‌کی جدی ده‌که‌ین، که هاوسه‌نگی و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له‌به‌رچاو گرتبێت".
ک.ک