Smiley face
Smiley face
Smiley face

پەکەکە: بە قورسی تۆڵەی شەنگال و ڕۆژئاوا دەکەینەوە

2017-04-27 15:12:15



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

کۆمیتەی بەڕێوەبەراتی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، سەبارەت بە هێرشەکەی دەوڵەتی تورک بۆسەر شەنگال و رۆژئاوا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: بە قورسی تۆڵەی هێرشەکەی ڕۆژئاوا و شەنگال دەکەینەوە.

 

کاردانەوەکان دژی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، لەوچوارچێوەیەدا، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاکردەوە.

 

ڕاگەیەندراوەکەی پەکەکە بەم شێوەیە دەستیپێکردووە:"دیکتاتۆرییەتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە پاش ریفراندۆمی ١٦ی نیسان و، شەوی ٢٤ی نیسان هێرشیکردە سەر چیای پیرۆزی شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان، کە لە دژی فاشیزمی داعش پێشەنگایەتی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، بارەگاکانی یەبەشە و هەپەگە و یەپەگە و یەپەژە بۆردومانکران، پێش هەموو شتێک یادی شەهیدانی ئەو هێرشە دڕندانەیە بە ڕێزەوە دەکەینەوەو دەڵێین، نایەڵین خوێنی ئەو شەهیدانە لەسەر زەوی بمێنێتەوە تۆڵەی قورستر لە بکەرانی هێرشەکە دەکەینەوە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"شاراوە نییە کە هێرشی لەم بابەتە بە هەماهەنگی هێزە جیهانییەکان و هێزەکانی ناوچەکە پێکهاتووە، لەم بارەیەوە داوا لە هێزە پەیوەندیدارەکان دەکەین، کە هەڵوێستی خۆیان ڕوون بکەنەوەو ئاشکرای بکەن کە لایەنگری ئەو هێرشە نین، ڕوونی بکەنەوە کە لایەنگری دیکتاتۆری ئاکەپە و مەهەپەن یان شۆڕشی ئازادی گەلی کورد؟ ئایا لایەنگری فاسیزمی ئاکەپە و مەهەپەن یان شۆڕشی دیموکراتی گەلان؟ ئایا لایەنگری ئەل قاعیدە و داعشن یان تێکۆشان بۆ دیموکراسی و ئازادی؟".

 

پەکەکە هەروەها ڕایگەیاندووە:"مەبەستی هێرشی شەوی ٢٤ی نیسان بۆسەر شەنگال و قەرەچۆغ زۆر ئاشکرایە، هێرشەکە لە ١٠٢یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژکردنی ئەرمنییەکاندا ڕوویدا، دەیانەوێت لە ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژییەدا بە قڕکردنێکی دیکە دەسەڵاتداری خۆیان مسۆگربکەن، هێرشەکە پاش ئەوە پێکهات کە گەلی کورد گەلانی تورکیا دەنگی "نا"یان دا بە دیکتاتۆری ئەردۆغان و باخچەلی، دەیانەوێت ئەنجامی ریفراندۆمەکە بشارنەوە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە فشارەکان بۆسەر داعش لە ڕەقە و موسڵ زیادیان کردووە دەوڵەتی تورک ئەو هێرشەی پێکهێنا، چونکە بەنیازە بەو هێرشە پشتگیری داعش بکات و بەرگری لێبکات".

 

پەکەکە ئاماژەی بەمەشداوە:"پاش هێرشی شەوی ٢٤ی نیسان قۆناغێکی نوێ لە تێکۆشان دەستپێدەکات، هەپەگە، یەژا ستار و یەبەشە پاش فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ دژی فاشیزمی داعش شەڕیان کرد و خەڵکی ئێزدیان لە کۆمەڵکوژی ڕزگارکرد، ئەم هێرشە ڕێک ئەوانەی بە ئامانج گرت کە دژی داعش تێکۆشان دەکەن، بۆیە بەردەوامی هێرشی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ و ٣ی ئازاری ساڵی ٢٠١٧یە، بەڕێوەبەرانی ئاکەپە بەردەوام دەڵێن، کە ڕێگانادەین شەنگال ببێتە قەندیلی دووەم، ئەوان لە بەرامبەر ئیرادەی ئازاد و دیموکراتی گەلان دەوەستنەوە، خەڵکی ئێزدی گەورەترین کۆمەڵکوژی بەسەرهاتووەو بۆیەشە گەلی کورد لە هیچ هێرشێکی دیکە بەسەر خەڵکی ئێزدی نابورێت".

 

کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە هەروەها ڕایگەیاندووە:"ماوەی چوار ساڵە هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە پێشەنگایەتی شەڕی دژی داعش دەکەن، ئەو هێزانە سیمبولی ئازادی گەلی کوردن، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شوێنی خۆیان دۆزیوەتەوە، کچان و کوڕان لە ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هەموو شوێنەکانی جیهان کە دەیانەوێت دژی داعش شەڕ بکەن ڕوودەکەنە بڕیارگەکانی یەپەگە و یەپەژە، هێرش بۆ سەر هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە هێرشە بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام چۆن هێرش بۆسەر کۆبانێ تێکشکێندرا، ئەمە هێرشەش هەر بەو شێوەیە تێکدەشکێندرێت، هێزەکانی یەپەگە ویەپەژە بەرخۆدان دەکەن دژی فاشیزمیئاکەپە و مەهەپە".

 

لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەکەی پەکەکەدا هاتووە:"سەرنجڕاکێشە ڕۆڵی پارتی لەو هێرشەدایە، پاش ئەوەی لە چوارچێوەی هێرشەکە دا هێزەکانی پێشمەرگە بە ئامانج گیران، پارتی ڕاگەیەندراوی دا و داوایکرد، هێزەکانی پەکەکە لە شەنگال بچنە دەرەوە، ئەوان لەجیاتی ئەوەی بە زۆرداران و هێرشکەران بڵێن بەسە و هێرشەکان بوەستێنن، بە ئێمە دەڵێن هێرشەکە بۆسەر ئێوەیەو بچنە دەرەوە، ئەوان بە هەڵوێستەوە تەنیا پێگەی داگیرکەران بەهێزتردەکەنەوە، ئێمە باش دەزانین کە فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە دوژمنایەتی پەکەکە دەکات، بەڵام ئەمە چی دەسەلمێنێت؟ ئەمە دەیسەلمێنێت کە پەکەکە بۆ ئازادی گەلی کورد تێ دەکۆشێت، بەڕێوەبەرانی ئاکەپە و مەهەپە بە ئاشکرادەڵێن، هێرش بۆسەر پەکەکە هێرش بۆسەر ئازادی کوردەکانە، ئەی لەم نێوانەدا ڕۆڵی پارتی چییە؟، پارتی لەکوێ بۆ ئازادی گەلی کورد تێدەکۆشێت؟ ئاشکرایە کە ئاکەپە و مەهەپە بە هێرشکردنەسەری ڕۆژئاوا و شەنگال شەڕی تایبەت ئەنجام دەدەن و لە شەڕەکەشدا پارتیش بە ئامانج دەگرن، دەیانەوێت ئیرادەی گەلی کورد تێکبشکێنن، مێژووی دەوڵەتی تورک و کارنامەی ئاکەپە و مەهەپە زۆر ڕوونە، لە هەر شوێنێک گەلی کورد یەکبگرن و تێبکۆسن، ئەوان دژایەتی دەکەن".

 

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"ئێستا مەرجەکانی سەرکەوتبن دژی فاشیزم زیاتر لە جاران و زیاتر لە هەمیشە هەبوونیان هەیە، لەسەر ئەم بنەمایەش بانگەوازی گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەین، کە دژی فاسیزمی ئاکەپە و مەهەپە کە هێزی هاندەری فاشیزمی داعش یەک بگرن و تێکۆشان بکەن، بانگەوازی گەلانی تورکیاش دەکەین دژی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە بڕژێنە سەر شەقامەکان".

 

لە بەشی کۆتایی ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی بەڕێوەبەرایتی پەکەکەدا هاتووە:"جارێکی دیکە یادی شەهیدانی ئەو هێرشە دڕندانەیە دەکەینەوە، بانگەوازی گەلی کورد و هەموو مرۆڤایەتیش دەکەین کە دژی فاسیزمی ئاکەپە و مەهەپە و داعش پشتگیری شەنگال و ڕۆژئاوا بکەن و هەوڵبدەن بۆ دیموکراتیبوونەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin