Smiley face
Smiley face
Smiley face

جەژنی چوارشەممەسۆر لە کامپی نەورۆزی دێرک پیرۆزکرا

2017-04-21 11:56:34



ڕۆژنیوز - واجیدا شەنگالی  و داخواز ڕەمبوسی

 

جەژنی چوارشەممەسۆر لە کامپی پەنابەرانی نەورۆزی دێرک بە گێرانی ئاهەنگێکی گەورە پیرۆزکرا.

 

دوێنێ لە کامپی نەورۆزی شاری دێرک بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حزب، ڕێکخراو و ناوەندە ئێزدییەکان و هەروەها بەڕێوەبەری کانتۆنی جزیرە جەژنی چوارشەممەسۆر بە گێڕانی ئاهەنگێک پیرۆزکرا.

 

ماڵی ئێزدییەکانی عامودێ، ئێزدییەکانی شاری تربەسپی، هەڤی ئەربۆ و حەمێدی دەهام هادی، هاوسەرۆکانی کانتۆنی جزیرە، نوێنەرانی ئەنجومەنی یاسادانەر، ڕێکخراوی خانەوادەی شەهیدان، نوێنەرانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری دیموکراتی، پەیەدە، تەڤگەری جڤاکی دیموکراتی (تەڤ-دەم)، کۆنگرەی ستار، فەرماندەیی یەپەگە و یەپەژەی دێرک، یەکێتی ڕۆشنبیرانی دێرک، دێری یەکێتی ئینجیل، هونەرمەندان و خەڵکی ناوچەکە و هەروەها هونەرمەندان لە ئاهەنەگەکەدا ئامادەبوون.

 

 

ئاهەنگی پیرۆزبایی بە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان  سەبارەت بە گرنگی ئەو جەژنە بۆ ئێزدیان چەندین پەیام خونێندرایەوە، قەهتان خەلیل، لەلایەن ڕێکخراوەکانی کامپەکەوە قسەیکرد و وتی:"جەژنی چوارشەممەسۆر لە شەهیدانی فەرمانی ٧٤ەم، شەهیدانی هەر چوار پارچەی کوردستان، شەڕڤانانی ئازادی و گەریلاکان، هێزەکانی سوریای دیموکراتی، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە، ئاسایشی ئێزدخان، یەبەشە و یەژەشە پیرۆزدەکەین، ئەوەندەی دوژمن بە فەرمان و قڕکردن بیەوێت ئێمە لەناوببات خەڵکی ئێزدی چەند ئەوەندە خۆڕاگری دەکەن و ئەوەی هەزاران ساڵ ئایین و جەژنەکانمان ماونەتەوە سەلمێنەری ئەم قسەیەیە".

 

حەمێدی دەهام هادی، هاوسەرۆکی کانتۆنی جزیرە پەیامێکی خوێندەوە و ڕایگەیاند:"ئێمە عەشیرەی شەمەر و ئێزدییەکان داستانێکی تایبەتمان هەیە، من لەلایەن خۆم و عەشیرەی شەمەرەوە چوارشەممەسۆر پیرۆزدەکەم، هەموو ساڵێک ئێوە جەژنەکەتان پیرۆزدەکەن، هیوادارین هەمیشەش بتوانن جەژنەکەتان بەخۆشی پیرۆزبکەن".

 

هەروەها دایکی شەهید سەبری لەلایەن ئێزدیانی دانیشتووی ئەوروپاوە پەیامێکی خوێندەوە و ئەو جەژنەی لە عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە پیرۆزکرد.

 

لەیلا براهیم، نوێنەری ئێزدیانی ڕۆژئاواش قسەیکرد و ڕایگەیاند، کە هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە ساڵی ڕزگارکردنی دایکان و کچانی ئێزدی لە دەستی چەتەکانی داعش.

 

لەلایەکی دیکەوە زەهیرە شەمۆ، لەلایەن تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدییەوە(تاژێ) جەژنی چوارشەممەسۆری پیرۆزکرد و وتی:"چیدی ئێمە ئەو ژنانەی پێش فەرمانەکە نین، ئێمە بە یارمەتی هەڤاڵان خۆمان ڕێکخستووە و چیدی ڕێگا نادەین کۆمەڵکوژ بکرێین".

 

 

 

 

د.خ

 

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin