Smiley face
Smiley face
Smiley face

بەهۆی نەبوونی دیموكراتییەوە میدیاكاران ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە

2017-04-21 11:15:09



ڕۆژنیوز- دانا عومەر

 

پسپۆڕێکی بواری ڕاگەیاندن پێیوایە بەهۆی نەبوونی دیموكراتییەوە میدیاكاران ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە، دەشڵێت: لە یاسای ڕۆژنامەنووسیدا گرتنی ڕۆژنامەنووس لابراوە، بەڵام لە دەرەوەی یاسا تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووسمان هەیە.

 

لە 119 هەمین ساڵیادی رۆژنامەگەری كوردیدا، شارەزایانی بواری ڕۆژنامەگەری، ناڕازین لە بارودۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستاندا، دەسەڵات بە بەرپرسیار دەزانن لەسەر ئەو پێشێلكاریانەی بەرامەبەر بە ڕۆژنامەنووسان دەكرێت.

 

سامان فەوزی، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا لەبواری یاسای ڕۆژنامەگەریدا و ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە لە هەرێمی كوردستان بە ڕۆژنیوزی وت:" لە هەرێمێكدا كە سەرۆكی پەرلەمانەكەی نێردراوەتە ماڵەوە، ناتوانین ناوی بنێین هەرێمێكی دیموكرات، یان نیمچە دیموكرات، لەبەرئەوەی دیموكراتیەت نییە دەبێت چاوەڕوانی ئەوەش بكەین كە میدیا كاران ڕوبەڕوی مەترسی ببنەوە".

 

هەروەها وتیشی:" بارودۆخی میدیا جیاوازە لەگەڵ ساڵانی سەردەمی ڕژێمی بەعس و سەرەتای ئازادی كوردستاندا، میدیا دەیەوێت بەرەو پێشەوە بچێت و جێگەی خۆی بكاتەوە، بەڵام دەسەڵات دەیەوێت ڕەخنەی لێنەگیرێت بۆیە بەریەككەوتن لە نێوانیاندا ڕوو دەدات".

 

سامان فەوزی ئاماژەی بەوەش كرد، ناكرێت وەڵامی ڕەخنە بە تیرۆر كردن بدرێتەوە و وتی:" بەهیج جۆرێك نابێت ڕەخنە بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، خۆشبەختانە ئێمە لەیاسای ڕۆژنامەنووسیدا گرتنی ڕۆژنامەنووسمان نەماوە، بەڵام تیرۆركردن و سوتاندنی كەناڵمان هەیە، تاوكو ئێستاكە بڕیاری سەیرو سەمەرەكان هەیە كە بۆ میدیاكار لە دادگاكانەوە دەردەچێت، میدیاكار هەیە ڕێگەی پێنەدراوە كە ڕووماڵی هەواڵ بكات، ڕۆشتووە لەدادگا سكاڵا بكات، پێیان وتووە كە سكاڵا مەكە لەبەر ئەوەی سكاڵات لێوەرناگرین".

 

ناوبراو وتیشی:" بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین كە میدیاكارانیش هەڵەو كەم و كورتیان هەیە، ئەوە ئەركی ئێمەیە كە پێیان بڵێین كەم و كورتییەكانیان چین، ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەكەین لە میدیاكاران كە كەمترین كەموكورتیان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن چاودێرێكی باش بن بەسەر دەسەڵاتەوە".

 

لەكۆتایی وتەكانیدا سامان فەوزی وتی:" لە یادی 119مین ساڵیادی ڕۆژنامەگەری كوردیدا بە دەسەڵاتداران دەڵێم، ئەو كورسییەی ئەوان لەسەری دانیشتوون ئەركێكە لەسەر شانیان، دەبێت خزمەتكاری گەل بن، میللەت كە دەنگی بەوان داوە دەتوانێت ڕەخنەیان لێبگرێت و لاشیان بەرێت، دەبێت ئەوەش بزانن كە میدیا دەنگی میللەتە، دەسەڵاتیش بە میللەتەوە جوانە".

 

د.خ

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin