ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
شەوی ڕابردوو هێرشێکی چەکداری کرایە سەر شەقامی شانزەلیزە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کە لە ئەنجامیدا پۆلیسێک گیانی لەدەستدا.
هاوکات کە فرانسوا ئۆلان، سەرۆککۆماری فەرەنسا وتی دڵنیایە ئەو هێرشە تیرۆریستی بووە، چەتەکانی داعش بەرپرسایەتی ئەو هێرشەیان گرتە ئەستۆ.
پۆلیسی شاری پاریس ڕایگەیاندووە، کە شەوی ڕابردوو کاتژمێر ٩:٠٠ هێرشێکی چەکداری کراوەتە سەر شەقامی شانزەلیزەی پاریسی پایتەخت و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا پۆلیسێک گیانی لە دەستداوە و دوو پۆلیسی دیکەش برینداربوو، هێرشکەرەش دەستەبجێ تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
پیەر ئاندێ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لەم بارەیەوە وتوویەتی، کە کاتژمێر ٩:٠٠ی شەو ئۆتۆمبێلێک لە تەنیشت پاسی پۆلیسەوە وەستاوە و پاشان کەسێک لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزیوە و دەستیکردووە بە دەستڕێژی گولـلە لە پاسەکە.
لە ئەنجامی دەستڕێژییەکەدا پۆلیسێک گیانی لە دەستداوە و دوو پۆلیسی دیکە برینداربوون و هێرشکەرەکە ویستوویەتی هەڵێت کە لەلایەن پۆلیسەکانەوە بە ئامانج گیراوە و کوژراوە.
فرانسوا ئۆلان، سەرۆککۆماری فەرەنسا پاش هێرشەکە ڕایگەیاند، کە دڵنیایە ئەمە بە ڕێکەوت نەبووە و هێرشەکە چەکداری بووە، کەمێک دوا ئەو ئاژانسی ئەعماقی سەربە چەتەکانی داعش ڕایگەیاند، کە چەتەیەکی داعش ئەو هێرشەی ئەنجامداوە.
د.خ