Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئه‌زمون و کاری حکومی و په‌رله‌مانی ژنان و ئاسته‌نگه‌کانی کارکردنیان کرایە پانێلێک

2017-04-20 16:50:38



ڕۆژنیوز - ڕێزان محه‌مه‌د


پانێڵی دووه‌م له‌ ژێر ناوی "ئه‌زمون و کاری حکومی و په‌رله‌مانی ژنان و ئاسته‌نگه‌کانی کارکردنیان" له‌ یه‌که‌مین کۆنفرانسی ڕێکخراوی ئه‌نستیوتی ۆورک خرایه‌ڕوو.


که‌مێک پێش ئێستا له‌ شارى سلێمانى پانێڵی دووه‌می ڕێکخراوی ئه‌نستیوتی ۆورک له‌ ژێر ناوی "ئه‌زمون و کاری حکومی و په‌رله‌مانی ژنان و ئاسته‌نگه‌کانی کارکردنیان" له‌لایه‌ن چه‌ند ژنێکه‌وه‌ که‌ پۆستی سیاسیان ھه‌بوو پێشکه‌شکرا.


کوێستان محه‌مه‌د ئه‌ندامی خولی پێشوی په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستان له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌ پانێڵه‌که‌دا وتی: ژنان خواستیان نیه‌ بگه‌نه‌ پۆستێکی باڵا، به‌ڵکو ده‌یانه‌وێت که‌ له‌ ناوه‌ندی بڕیارداندا پێگه‌یان ھه‌بێت، له‌ ھه‌ر چوار خولی په‌رله‌مانی ھه‌رێمی کوردستان ژنان نه‌چونه‌ته‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی، ئه‌گه‌ر یاسای کۆتا نه‌بوایه‌ ئه‌وا پیاوان نه‌یانده‌ھێشت ژنان بچنه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی.

 


کوێستان محه‌مه‌د وتیشی: به‌رنامه‌ی کار سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان دایده‌نێت، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان نه‌یخاته‌ به‌رنامه‌ی کاره‌وه‌ ئه‌وا ھیچ شتێک بۆ پرسی ژن ناکرێت، له‌ خوله‌کانی په‌رله‌ماندا زۆر پرۆژه‌ یاسامان ده‌ستنیشان ده‌کرد له‌ماوه‌ی په‌رله‌مانتارێتیمدا، به‌ڵام له‌ ھه‌موو پرۆژه‌کاندا پیاوان به‌ربه‌ست بوون له‌وه‌ی که‌ ئامانجه‌کانێان بپێکن و دانیشتنه‌کانیان جێده‌ھێشت و له‌ناو په‌رله‌ماندا ده‌یانکرد به‌ ده‌نگه‌ده‌نگ، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ زۆربه‌ی پرۆژه‌ یاساکان به‌رده‌وام بووین تاوه‌کو په‌سه‌ند بکرێت.


ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ھه‌ر کاتێک له‌ په‌رله‌مان پرۆژه‌یه‌کمان باس کردبێت ئه‌وا یه‌کسه‌ر له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و که‌ناڵه‌ فه‌زائییه‌کان ڕووبه‌ڕووی تۆمه‌ت بومه‌ته‌وه‌، له‌م ھه‌رێمه‌دا زۆر ڕووبه‌ڕووی کێبڕکێ و ململانێ و ناخۆشی ده‌بیته‌وه‌، ده‌بێت ژنان زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تر بن که‌ له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ چۆکیان پێدابنرێت.


کوێستان باسی له‌وه‌شکرد، پێویسته‌ له‌ په‌رله‌ماندا ئه‌م خاڵانه‌ جێبه‌جێ بکرێت تاوه‌کو ئه‌م دۆخه‌ تێپه‌ڕێنرێت ئه‌وانیش: ژنان بخرێنه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی، ژنان خۆیان پێداگر بن، وه‌ ژنان ده‌بێت داوای ئه‌وه‌ بکه‌ن که‌ ٥٠٪ سه‌رۆکایه‌تیه‌کان بدرێت به‌ ژنان.


هه‌روه‌ها په‌روین بابه‌کر وه‌زیری پێشوی حوکمه‌تی ھه‌رێم له‌ فراکسیۆنی یه‌کێتی، له‌ پانێڵه‌که‌دا وتی: ئه‌و ته‌جروبه‌یه‌ی که‌ له‌ ماوه‌ی کارکردنمدا ئه‌نجاممدا ده‌توانم بڵێم سه‌رکه‌وتنێکی باشم به‌ده‌ستھێناوه‌ به‌ ھاوکاری کرێکاره‌کانی چوارده‌ورم، من له‌ پۆسته‌که‌مدا ھیچ به‌ربه‌ستێکم ڕووبه‌ڕوو نه‌بۆته‌وه‌.

 


نه‌دا مێرگه‌سۆری، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراکسیۆنی پارتی، له‌ پانێڵه‌که‌دا وتی: له‌ ٢٠٠٣ ه‌وه‌ که‌ عێراق ئازادبوو، یه‌کێک له‌ گۆڕانکاریه‌کان ئه‌وه‌بوو که‌ ده‌بێت یه‌کێک له‌ ماده‌ سه‌ره‌کیه‌کان ئه‌وه‌بوو که‌ ژنان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پۆستیان ھه‌بێت، ده‌توانم بڵێم سیسته‌می کۆتا شتێکی به‌شه‌ که‌ ھه‌موومان پێویستمانه‌، له‌ سێ خولی په‌رله‌مانی عێراقدا ده‌توانم بڵێم که‌ له‌ ھه‌ر سێکیدا ژنان ڕێژه‌ی ٢٥٪یان تێپه‌ڕاندووه‌، واته‌ ئه‌مه‌ش ڕێژه‌یه‌کی زۆر باشه‌.

 


هه‌ر له‌ پانیله‌که‌دا سه‌رگوڵ قه‌ره‌داغی ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مان له‌ فراکسیۆنی کۆمه‌ڵی ئیسلامی وتی: زۆربونی ڕێژه‌ی ژن له‌ په‌رله‌ماندا کاریگه‌ری ھه‌یه‌ له‌ گۆڕینی تێڕوانینی کۆمه‌ڵگا، له‌ناو کایه‌ی سیاسی باس له‌وه‌ ده‌کرێت که‌ ژنان ناتوانن کاری سیاسی بکه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ وه‌کو ژنێک کاریگه‌ریت وابێت که‌ تێڕوانینی کۆمه‌ڵگا بگۆڕیت.

 


وتیشى: ئاسته‌نگى ھه‌بووه‌ له‌ناو حزبه‌که‌مدا، ھه‌مان ئه‌و ئاسته‌نگیه‌ى که‌ ژنێک ھه‌یه‌تی له‌ناو حزبێکی عه‌لمانی، وه‌ پیاوان ھه‌میشه‌ پێیان ناخۆشبوو که‌ ژنان بچنه‌ ناو ناوه‌ندی بڕیاردان.


ناسک تۆفیق، ئه‌ندامی خولی پێشوی په‌رله‌مان له‌ فراکسیۆنی یه‌کگرتوو، له‌ پانێڵه‌که‌دا وتی: له‌ناو سه‌رکردایه‌تیه‌کاندا ده‌کرێت ژنانیش ببینین که‌ سه‌رکه‌وتوو بوون، ژن له‌ په‌رله‌ماندا زیاتر ده‌یتوانی ده‌ربکه‌وێت، چونکه‌ تێکه‌ڵی حوکمه‌ت ده‌بێت و ئاگاداری سه‌رجه‌م کاره‌کانی حوکمه‌ت و سیاسی ده‌بێت.

 


ئه‌وه‌شى وت: ئاسته‌نگیه‌کان بۆ من که‌ باڵاپۆش بووم زۆر بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی چوومه‌ په‌رله‌مان ئاسته‌نگیه‌کان باش بوو نه‌ما و ھه‌وڵی زیاترمدا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ کاری سیاسی زیاتر ھه‌وڵبده‌م ، وه‌ دوای په‌رله‌مان چوومه‌ ناو سه‌رکردایه‌تی یه‌کگرتوو.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin