ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
دەوڵەتی تورک لە ساڵی ١٩٨٣وە بەدوا لە باشوری کوردستان دژی پەکەکە ئۆپەراسیۆن ئەنجامدەدات، دەیان ئۆپەراسیۆن لە ئاستی بچوک و ٢٦ ئۆپەراسیۆنی گەورەی دەرەوەی سنووری دژی پەکەکە ئەنجامداوە، تورکیا بەنیازە ئەم جار هێرش بکاتە سەر شەنگال و هاوڵاتیانی ئێزدی، دەوڵەتی تورک ئەو ئۆپەراسیۆنەی بە "قەڵغانی دیجلە" ناوناوەو بۆ ئەنجامدانیشی هەم لە هێڵی باشوری کوردستانەوە، هەم لە هێڵە سنوورییەکانی خۆیەوە هێزی سەربازی ڕەوانەی ئەو ناوچانە کردووە.
ساڵی ١٩٩١ و لە سەردەمی سەرۆککۆماری تورگوت ئۆزالدا، سێ جار دژی پەکەکە ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوور ئەنجامدرا، یەکەم ئۆپەراسیۆن لە نیسانی ١٩٩١دا پێکهات و ناویان نا "ملکس"، دووەمین ئۆپەراسیۆن لە ڕۆژی ٥ی ئابدا دەستیپێکردو دژی گەریلاکانی ئەرتەشی ڕزگاری گەلی کورد (ئارگەکە) هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامدرا، گەریلاکان لەو ئۆپەراسیۆنەدا ماوەی ١٥ رۆژ شەڕیان کرد، دواتر کە چالاکییەکانی گەریلاکان لە ناو خاکی باکوری کوردستان زیادیان کرد، ئۆزال پەیامی "شەڕ بوەستێنن"ی نارد بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە.
ڕۆژی ٦ی ئایاری ساڵی ١٩٩٢ سوپای تورک بۆ هەشتەم جار چانسی خۆی تاقی کردەوەو ئۆپەراسیۆنی "ڤەدیزی" دەستپێکرد، ڕۆژی ١٢ی مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٩٢ بە ١٥ هەزار سەربازی پیادەو بە تانک و هێزە ئاسمانییەکانیانەوە بۆ نۆیەم جار لە باشوری کوردستانەوە هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی پەکەکە و ماوەی ٢٠ ڕۆژ ئەو ئۆپەراسیۆنە درێژەی هەبوو، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنەش ئەنجامێکی نەبوو، و هێزەکانی سوپای تورک پاشەکشەیان کرد.
لە بەهاری ساڵی ١٩٩٥دا سوپای تورک گەورەترین ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری دژی هێزەکانی پەکەکە ئەنجامدا، سوپای تورک بە ١٥هەزار سەربازەوەو بە فەرماندەیی ١٣ ژەنەراڵەوە ئۆپەراسیۆنی دەستپێکرد، ڕۆژی ٢٠ی ئازار ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد کە ناویان نابوو "چەلیک"، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنەش بێ ئەنجام بوو، تورکیا لە مانگی تەمموزی هەمان ساڵدا هێرشێکی دیکەی کردە سەر هەرێمەکانی تامپۆن، ئەو ئۆپەراسیۆنە بە هاوکاری پارتی ماوەی ٤٥ ڕۆژی خایەندو سوپای تورک دواتر ڕایگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنەنکە بودجەیەکی ٦٥ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە.
ساڵی ١٩٩٧ ئۆپەراسیۆنێکی دیەکەیان ئەنجامدا کە ناویان نا "باڵیۆز"، ئەو ئۆپەراسیۆنە ١٤ی ئایاری ساڵی ١٩٩٧ دەستیپێکردو ٥٠ هەزار سەرباز بەشداری بوون، پاش ئەوەی گەریلاکانی پەکەکە توانیان دوو هەلیکۆپتەری سوپای تورک بخەنە خوارەوە، ئەو ئۆپەراسیۆنەش کۆتایی هات بێ ئەوەی ئەنجامێکی لێبکەوێتەوە.
پاش ئۆپەراسیۆنی گەورەی "باڵیۆز" سوپای تورک ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی دژی پەکەکە لە خاکی باشوری کوردستانەوە دەستپێکرد، ئەو ئۆپەراسیۆنە لە ئەیلولی ساڵی ١٩٩٧دا بە بەشداربوونی ١٠ هەزار سەرباز و ١٠٠ تانک دەستیپێکردو ناوی نرا "چەکوش" و لە چوارچێوەیدا دەڤەری خواکورک بە ئامانج گیرا، ئۆپەراسیۆنی چاکوچ کە دیسانەوە بە پشتگیری پارتی ئەنجامدرا هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتەوە.
پاش ئەو ئۆپەراسیۆنەش وەکو ساڵی ١٩٩٢ بنکەی سەربازی و سیخوڕی تورک لە زاخۆ دامەزرا، ساڵی ١٩٩٧ بڕیارگەیەکی گەورەی سەربازی لەو هێڵەدا دامەزرا کە تانک و تۆپ و هەموو کەرەسە سەربازییەکانی شەڕی تێدابوو، هەروەها ژمارەیەکی زۆری سەرباز لە ناوچەکانی باتووفا، کانیماسی و بامەڕنێ و شیلادزێ جێگرکران.
سوپای تورک لە ساڵی ١٩٩٨دا بە ٤٠ هەزار سەربازەوە ئۆپەراسیۆنێکی دژی پەکەکە دەستپێکردو ناوی نا "موراد" ئەو هێرشەش لە باشوری کوردستانەوە ئەنجامدرا، ٢٤ەمین ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری سوپای تورک لە ساڵی ١٩٩٩دا پێکهات، ئەو ئۆپەراسیۆنە ناوی "ساندویچ" بوو، هەروەها لە ڕۆژی ٤ی ئایاری ساڵی ٢٠٠٠دا بە هاوکاری پارتی دژی ناوچەی هەفتانین ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامدرا، بەڵام ڕۆژی ٨ی ئایار ناچاربوون پاشەکشەبکەن، سوپای تورک هەوڵیدا لە رێگای ئاسمانییەوە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرفراوان بکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە مانگی کانوونی ٢٠٠٧دا هێرشێکی قورسی ئاسمانیکردە سەر پەکەکە، کە دیسانەوە بە ئەنجام نەگەیشت.
سوپای تورک لە ڕۆژی ٢١ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٨دا بۆ ئەوەی ئەو هەموو شکستانەی قەرەبوو بکاتەوە، بە هەموو هێزەوە هاتە ناو خاکی باشوری کوردستانەوەو ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی ئۆپەراسیۆنی "ڕۆژ" بەڕێوەبردو بەرەو ناوچەی زاپ بەڕێکەوت، بەڵام ڕووبەڕووی بەرخۆدانێکی گەورە بووەوەو لە ڕۆژی ٢٩ی شوباتدا ناچاربوو پاشەکشە بکات.
س.ح