Smiley face
Smiley face
Smiley face

قاسم ئەنگین: ئه‌نفال ته‌نها به‌ یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی کۆتایی دێت

2017-04-10 08:27:53



ڕۆژنیوز - ڕێناس ئاریان

 

قاسم ئەنگین، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە تێگەیشتنی ئەردۆغان بۆ کورد هەمان تێگەیشتنی سەدامە و  ‌ ئه‌وه‌ى له‌سه‌رده‌مى ئه‌نفالدا هەبوو له‌ ڕۆژى ئه‌مڕۆشدا به‌رده‌وامه‌، ڕاشیدەگەیەنێت:"تەنیا چارەسەر بۆ کۆتاییهێنان بە ئەنفال، تەنیا یه‌کگرتن‌ و پێکهێنانی یه‌کێتیی و بەستنی کۆنگرەی نەتەوەییە".

 

لە ساڵیادی ئەنفال-دا، قاسم ئه‌نگین، ئه‌ندامی کۆنسه‌ی به‌ڕێوبه‌ری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، سه‌باره‌ت به‌ شاڵاوه‌کانی ئه‌نفال و بێدەنگی هێزە نێودەڵەتییەکان لە ئاست ئەو تاوانە، درێژەپێدانی هەمان تێگەیشتنی دژە کورد لەلایەن ئەردۆغان، هاوکاری هەندێک لایەنی کوردی بۆ دوژمن و ڕێگا چارەکانی بۆ کۆتاییهێنانی ئەنفالی گەلی کورد دەکات. 

 

دەقی چاوپێکەوتنە:

 

-واتای ئه‌نفال چییه‌ و چۆن جێبه‌جێ کرا؟

 

"دووژمنان کوردیان له‌ ده‌روه‌ى ئیسلام ده‌بینى"

 

ئەنگین: ئه‌نفال‌ یه‌کێک له‌ سورەتەکانی قورئانی  پیرۆزه‌، به‌ واتایه‌کى تر کاتێک هێزى ئیسلام له‌ کۆندا هێرشیان دەکردە سه‌ر ناو‌چه‌یه‌ک و کۆنتڕۆڵیان دەکرد و هه‌رچییه‌کیان ده‌ستدەکەوت‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر داده‌گرت و  بۆ ئه‌وان حه‌ڵاڵ بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و شوێنەی، که‌ دەکرایە ئامانج و هێرشى بۆ دەکرا مسوڵمان نەبوون، به‌و مانایه‌ی که‌ کافر و بێدینن و بێباوه‌ڕن، له‌ مێژووى ئێمه‌شدا باسى ئه‌نفال ده‌کرێت، وه‌ک چۆن له‌ ساڵى ١٩٨٨ له‌ مانگى شوباتدا ڕژێمى فاشستى له‌ناوچووى سه‌دام حسێن ده‌ستى به‌ئۆپەراسێونێک بۆسه‌ر ته‌واوى باشورى کوردستان کرد و بە هەشت قۆناغ جێبەجێی کرد، ئه‌وه‌ى لێره‌دا جێگاى سه‌رنجه‌ سه‌دام حسێن-یش کوردی وه‌ک کافر و بێدین حساب ده‌کرد و هه‌رده‌م دووژمنان کوردیان له‌ ده‌روه‌ى ئیسلام ده‌بینى و ده‌یانکرده‌ به‌هانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى عه‌ره‌ب و کورد بکه‌نه‌ دووژمنى یه‌کتر.

 

-له‌ مانگى شوباتى ١٩٨٨دا سه‌دام حسێن شاڵاوەکانی ئەنفالی دەستپێکرد، له‌ هه‌مانکاتدا شه‌ڕ له‌ نێوان عێراق و ئێران دا به‌رده‌وام بوو  بۆچى له‌و کاته‌دا و ئامانج چیبوو؟.

 

"هێزه‌ ڕۆژئاواییه‌کان پاڵپشتى سه‌دام بوون"

 

ئەنگین: له‌ ساڵى ١٩٨٠ تا ١٩٨٨ شه‌ڕێکى دژوار له‌نێوان عێراق و ئێراندا ده‌ستیپێکردبوو، هۆکاری ئه‌و شه‌ڕه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى که‌ له‌ساڵى ١٩٥٧ دا عێراق  پارچه‌یه‌ک له‌ خاکى خۆى دابوو به‌ ئێران بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت له‌ دژى کورد شه‌ڕبکات، وه‌ هۆى شه‌ڕى ساڵى ١٩٨٨ئه‌وه‌ بوو، که‌ ده‌یویست ئه‌و پارچه‌ خاکه‌ى که‌ دابووى به‌ ئێران به‌ده‌ستی بهێنێته‌وه،‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نیا هۆکار نه‌بوو، چونکه‌ له‌و کاتەدا وڵاتانى ڕۆژئاواش به‌رژه‌وه‌ندیان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا بوو، هه‌روه‌ها وه‌ک ده‌زانرێت له‌ ساڵى ١٩٧٩دا له‌ ئێران شۆڕشێک به‌رپابوو بوو، وه‌ کۆمارێک به‌ناوى کۆمارى ئیسلامى ئێران دامه‌زرابوو له‌سه‌ر ئه‌و بنەمایەش ده‌یانویست که‌ ئێران به‌ره‌و پاشه‌وه‌ به‌رن و له‌ئه‌نجامدا شه‌ڕَێکى گران ده‌ستیپێکردبوو، هێزه‌کانى ڕۆژئاوا پاڵپشتى سه‌دام-یان کرد بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ته‌واوى ته‌ڤگه‌رى کوردان له‌ناو ئێش دابن و نه‌مێنن هێرشیان کرد و سه‌دامیش ئه‌و ئۆپەراسێونه‌ى ناو ناوبوو ئه‌نفال.

 

-بۆچی کورد نەیتوانی سود لەو ئاڵۆزییانە وەبگرێت؟.

 

"له‌نێوان هه‌ندێک ڕێکخستنى کورداندا شه‌ڕ و ناکۆکى هه‌بوو"

 

ئەنگین: کورد ده‌یتوانى سود و ده‌رفه‌ت له‌ ئه‌نجامى ئه‌و ئاڵۆزییه‌دا به‌ده‌ست بێنن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، نەک سودی وەرنەگرت له‌نێوان هه‌ندێک ڕێکخستنى کورداندا شه‌ڕ و ناکۆکى هه‌بوو هه‌تا له‌ هەندێک جێگادا له‌به‌رامبه‌ر یه‌کترى له‌ شه‌ڕێکى دژواردا بوون، هه‌ندێک ڕێکخستنى کوردیى باشورى کوردستان به‌شدارى ئه‌و شه‌ڕه‌ بوون و پشتیوانى ئێرانیان ده‌کرد وه‌ هه‌ندێک له‌ ڕێکخستنى ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش پشتگیرى عێراق-یان ده‌کرد، وه‌ ئه‌وه‌ى ئێستاش پێده‌ڵێن شه‌ڕى برا کوژى سه‌رده‌مى ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ساڵانه‌، چونکه‌ هه‌ندێک مرۆڤی کورد له‌و شه‌ڕانەدا خوێنیان ڕشت و کوژران. 

 

-بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ شاڵاوى ئه‌نفال به‌رده‌وام بوو بۆچى هێزه‌ نیوده‌وڵه‌تییه‌کان بێ ده‌نگ بوون له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و کۆمەڵکوژییە؟.

 

"له‌به‌رئه‌وه‌ى‌ هێزى ئیمپریالیست و داگیرکەرن"

 

ئەنگین: ئه‌وه‌ى که‌ ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌ی کرد سه‌دام بوو، سه‌دامیش دارده‌ستى وڵاتانى ڕۆژئاوا بوو بۆ ئه‌وان کارى ده‌کرد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، به‌ وتنێکى کۆن وه‌کو سه‌گێکى به‌رده‌رگاى ئه‌وان بوو، بێگومان ئه‌وانیش له‌ به‌رامبه‌ر  تاوانێکى وا گه‌وره‌ بێ ده‌نگ ده‌بن و بێ ده‌نگیش بوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ هێزى ئیمرایالیست و داگیرکەرن، بۆ نمونه‌ کاتێ له‌ ئالاسکا‌ ماسییه‌ک ژیانى ده‌که‌وێته‌وه‌ خه‌ته‌ره‌وه‌ هه‌موو دنیا ده‌که‌ونه‌وه‌ سه‌ر پێ، به‌ڵام کاتێ ١٨٢ هه‌زار مرۆڤی کورد کیمیا باران و ئه‌نفال ده‌کرێت، ده‌نگ ناکه‌ن ئه‌وه‌ش ئەوە نیشانددەن، که‌ به‌رژه‌وه‌ندى نێوده‌وڵه‌تى چه‌نده‌ پیسیه‌، هۆکارێکی تریش ئه‌وه‌ بوو که‌ دیبلۆماسى و یه‌کێتى کوردان نه‌بوو وه‌ یان هه‌ندێک لایه‌ن له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان نه‌یان هێشت ئه‌و ده‌نگه‌ به‌ دنیا بگات.

 

-له‌ دواى چه‌ندین ساڵ بۆ جارێکى تر گروپێکى تیرۆرست به‌ناوی داعش هێرشیکرده‌ سه‌ر شه‌نگال و کۆمه‌ڵکوژییەکى گه‌ورەی ئه‌نجامدا، به‌ڵام دیسان هێزه‌ نیوده‌وڵه‌تیه‌کان بێ ده‌نگ بوون، ئێوه‌ ئه‌وه‌ چۆن ده‌نرخێنن؟

 

"ئه‌وه‌ى که‌ ڕێگەی نه‌دا کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ گه‌وره‌تربێت پەکەکە و یەپەگە بوون" 

 

ئەنگین: به‌ڵى ئه‌وه‌یش هه‌مان شته‌ له‌ دواى جه‌نگى جیهانى یه‌که‌م له‌ پەیمانى سایکس–بیکۆ دا کوردستانیان پارچه ‌پارچه‌کرد، پاشان به‌فه‌رمى هه‌ندێک کۆنفرانس و کۆنگره‌یان ئه‌نجامدا تا گه‌یه‌شتنه‌ پەیمانى لۆزان، له‌ کۆتاییشدا پەیمانى ئه‌نکه‌رە له‌ نێوان ئینگلیز و تورکان عێراقدا به‌سترا له‌و پەیماندا به‌ فه‌رمى کورد وه‌ک نه‌بوو حسابکرا و دانیان پێدانه‌نرا، وه‌ دوابه‌دواى ئه‌و قۆناغه‌ش قڕکردن له‌سه‌ر گه‌لى کورد و کوردستان که‌وته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌ له‌هه‌ر چوارپارچه‌ى کوردستان، خۆ ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کى فه‌رمی هێزى داگیرکەر و ئیمپریالیستەکان به‌شدارنه‌بووبن، به‌ڵام  وەک ئه‌مڕۆ فه‌رمان و چاوگرتن و بێ ده‌نگ بوونى ئه‌وان هەبوو، ئێستا هه‌مان شت له‌ سه‌ر شه‌نگالیش به‌ڕێوەده‌چێت ستاتویه‌ک له‌سه‌ر کوردان هه‌یه‌ نه‌ناسینێک هه‌یه،‌ له‌به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵکوژى شه‌نگال هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان بێ ده‌نگن و چاوى خۆیان ده‌گرن نەک‌ ته‌نیا هێزى نێوده‌وڵه‌تى به‌ڵکو هه‌ندێک ڕێکخستنى وەک پارتی-ش، که‌ وه‌کو کورد خۆیان حساب ده‌که‌ن، کاتێ ئه‌و هێرش بۆ سه‌ر شه‌نگال ده‌ستىپێکرد  هێزى خۆیان کێشایه‌وه‌ و بێ ده‌نگ بوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ى که‌ ڕێگاى نه‌دا کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ گه‌وره‌ترببێـت یەپەگە و پەکەکە بوون.

 

-له‌ سه‌رده‌مى پێش-دا سه‌دام حسێن کوردى ئه‌نفال ده‌کرد، به‌ڵام له‌ ڕۆژى ئه‌مڕۆدا ئه‌ردۆغان گه‌لى کورد و کوردستان ئه‌نفال ده‌کات، ئەمە چۆن پێکەوە گرێ دەدەیت؟.

 

"تێگەیشتنی ئەردۆغان هەمان تێگەیشتنی سەدامە"

 

ئەنگین: ئه‌نفالى باشورى کوردستان سه‌دام کردى، به‌ڵام ئێستا هه‌مان شت ئه‌ردۆغان ده‌یکات ئه‌وه‌ش له‌ بیرنه‌که‌ین له‌ ساڵى ٢٠١٦ له‌ جزیرە له‌ باکورى کوردستان له‌ ژێرزه‌مینەکاندا هێرشکردنه‌ سه‌رگه‌ل به‌ شێوه‌ى ئه‌نفال به‌ڕێوه‌‌چوو، تێگەیشتنی ئەردۆغان هەمان تێگەیشتنی سەدامە، کورد موسوڵمان نییە، مرۆڤ نییە، حەقی کوشتنی هەیە و مافی ژیانی نییە، ئەوە کاراکتەری دەوڵەتی میتینگەرییە، ئەو کەسانەی لەژێر دەستی میتینگگەردا دەژین بەچاوێکی کەم سەیر دەکرێن، ئەوەی گرنگە پێویستە ئێمە ئەوە ببینین، کە ئەگەر کورد خۆی ڕێک نەخات و یەکێتی دروست نەکات، بەردەوام دەبێتە ئامانجی داگیرکەران.

 

-ئێستا ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌ناو جه‌نگى جیهانى سیێه‌مدا تێده‌په‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نفالێکى تر دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ پێویسته‌ گه‌لى کورد چی بکات‌؟.

 

"چاره‌ یه‌کگرتن و دروستکردنى یه‌کێتییه‌"

 

ئەنگین: ئه‌مڕۆ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست جه‌نگى جیهانى سێه‌م به‌رپابووە ئه‌وه‌ ڕاستییه‌که،‌ وه ‌له‌ هه‌مان کاتدا بۆ کوردان مه‌ترسییکى گه‌وره‌یه‌، ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه‌ سه‌ر ساڵى ٢٠١٥ و٢٠١٦، که‌ ده‌وڵه‌تى فاشستى تورک چۆن به‌ تانک و تۆپ و فڕۆکە هێرشی ده‌کرده‌ سه‌ر گه‌لى کورد له‌ باکورى کوردستان، وه‌ چه‌ندین شارى وێران کرد و چه‌ندین مرۆڤی ئێمه‌ى له‌ ژێر زمیندا کوشت و به‌به‌نزین جه‌سته‌ى شه‌هیده‌کانى سوتاند، وه‌ چه‌ندین دایکى له‌ناو کۆڵاندا کوشت و ڕێگاى نه‌دا جه‌نازى ڕۆڵه‌کانیان ببین، وه‌دیسان هێزى فاشستى تورک به‌ تانک و ته‌یاره‌ هێرشکرده‌ سه‌ر گۆڕه‌ستانى شه‌هیده‌کان و وێرانکرد و له‌گه‌ڵ خاکه‌کدا کرد به‌یه‌ک، که‌واته‌ ئه‌وه‌ى له‌سه‌رده‌مى ئه‌نفالدا بوو له‌ ڕۆژى ئه‌مڕۆشدا به‌رده‌وامه‌، ئێ چاره‌ چییه‌ بۆ کۆتاییهێنان بە ئەنفال، تەنیا یه‌کگرتن‌ و دروستکردنى یه‌کێتیی و کۆنگرەی نەتەوەییە.


-کەجەکە چه‌ندین جار بانگه‌وازیى به‌ستنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى و یه‌کێتى کوردان-ی کرد، ئایا ئیستا ده‌رفه‌ت له‌ باره‌ یان نا؟.

 

"ده‌رفه‌تێکى زۆر باش هه‌یه‌ بۆ گۆنگره‌ى نه‌ته‌وەیی"

 

ئەنگین: له‌ قۆناغێکداین، که‌ مەترسی زۆر گه‌وره‌ و جدى له‌ سه‌ر کوردان هه‌یه،‌ وه‌ ته‌نیا ئه‌و مەترسییەش نیه‌ به‌ڵکو ده‌رفه‌تیش ده‌ده‌نه‌ هێزى میتینگه‌ر، که‌ کۆمه‌ڵکوژى له‌سه‌ر گه‌لى کورد به‌ڕێوه‌ ببەن، ئه‌و مەترسییە‌ له‌سه‌ر باکور هه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕۆژئاوا و باشور-یش هه‌ر هه‌یه،‌ له‌ ئه‌نجامدا مەترسی کۆمه‌ڵکوژى له‌سه‌ر کوردان هه‌یه،‌ له‌ قۆناغێکى وادا پێویسته‌ چی بکرێت پێویسته‌ کوردان هێزى خۆیان به‌که‌ن به‌یه‌ک خۆیان به‌ ڕێکخستن بکه‌ن، ئێستا گەلەکەمان له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستاندا ئه‌وه‌ پیشانده‌ده‌ن که‌ له‌ ده‌ورى ڕێبه‌رمان عەبدوڵا ئۆجالان کۆده‌بنه‌وه‌، هونەرمەندان یەکێتی پێکدێنن، گەنجان و ژنان بە هەمان شێوە، ئەمە ماناى وایه‌ که‌ گه‌لى ئێمه‌ هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى زۆر له‌ پێشه،‌ ئه‌گه‌ر به‌باشى ته‌ماشى بکه‌ین ئه‌وانه‌ هه‌مووى بنکه‌ى گۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی یان کۆنفرانسى نه‌ته‌وه‌یین، ده‌رفه‌تێکى زۆر باش له‌ کوردستاندا هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى گۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى ببه‌سترێت، بەڵام بەداخەوە لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان وه‌ک پێویست ڕۆڵ نابینن و هه‌نگاونانێن ئه‌ویش ڕه‌وشێکى ترسناکه.

 

-ئەگەر ئەم دەرفەتە باشە هەیە بۆچی وەک خۆت دەڵێیت لایەنە سیاسییەکان هەنگاوی بۆ نانێن؟.

 

"ئەو پەیوەندییانەی پارتی لەگەڵ دەوڵەتی تورک هەیەتی، خزمه‌تی گه‌لی کورد ناکات"

 

ئەنگین:هه‌ندێک به‌رژه‌وه‌ندى ته‌نگ یان هه‌ندێک به‌رژه‌وه‌ندى بنه‌ماڵەیى واده‌کات، که‌ به‌شدار نەبن یان به‌ دڵ نزیک نەبنه‌وه‌، له‌کاتیدا که‌ ڕێبه‌ر ئاپۆ پێش چه‌ند ساڵێک پێشنیاری کردبوو که‌ مه‌سعود بارزانی به‌ سه‌رۆکی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی قبوڵبکرێت، ئەو پەیوەندییانەی لە ئیستادا پارتی لەگەڵ دەوڵەتی تورک هەیەتی، خزمه‌تی گه‌لی کورد ناکات پێویسته‌ پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق به‌ سیاسه‌ته‌کانی خۆیدا بچێته‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌ک دروست بکات، که‌ خزمه‌ت به‌یه‌کێتی گه‌له‌که‌مان بکات، ده‌توانن په‌یوه‌ندییان له‌ گه‌ڵ‌ ده‌وڵه‌تی تورکدا هه‌بێت به‌ مه‌رجێک له‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی گه‌له‌ماندا بێت و زیان له‌ رێکخستنێکی دیکه‌ی کوردان نه‌دات،  ئه‌گه‌ر پارتی دیموکراتی کوردستان فه‌لسه‌فه‌ و بیردۆزیان و پرۆژه‌ی سیاسیان له‌ گه‌ڵ ئێمه‌ جیاوازه‌ پێویسته‌ رێگه‌ نه‌ده‌ن هێزه‌ داگیرکه‌ر و ئیمپریالیسته‌کان دوو به‌ره‌کی بخه‌نه‌ نێوانمان، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت نه‌ده‌ینه‌ دوژمنان و خائینانی ناو خۆ پێویسته‌ له‌ پلاتفۆرمێکی وه‌ک کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی دا کێشه‌کانمان چاره‌سه‌ر بکه‌ین، ئەمە تەنیا رێگایە بۆ چارەسەرکردنی کیشە نەتەوەیی و سیاسییەکانمان و دەرفەتیش رەخساوە.

 


ش.ف
  



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin