Smiley face
Smiley face
Smiley face

عزه‌ت سابیر: حکومەت هەنگاوی ڕاستەقینە بۆ چاکسازی نانێت

2017-04-02 10:27:41



ڕۆژنیوز- دانا عومه‌ر

 

عزه‌ت سابیر، ئەندامی پەرلەمانی هەریمی کوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ قه‌یرانى ئابووریدایه‌ و ڕێگه‌ش هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى، به‌ڵام حکومه‌ت هه‌نگاوى ڕاسته‌قینه‌ نانێت، له‌باره‌ى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ سیاسیه‌کانیشه‌وه‌ ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر هیچ ڕێگایەک نەما، گرتنه‌وه‌ى نه‌وت و غازى سنورى یه‌کێتى ده‌توانێت فشار دروست بکات.

 

عزه‌ت سابیر، سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایی و ئابوورى له‌ په‌رله‌مانى هەرێمی کوردستان، ئاماژه‌ به‌ قوڵبونه‌وه‌ى قه‌یرانى دارایى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات بۆ قه‌یرانى ئابوورى و ده‌ڵێت: هه‌رێمى کوردستان له‌ قه‌یرانى ئابوریدایه‌ و ڕێگه‌چاره‌کانى حکومه‌تیش ده‌وڵه‌مه‌ندى ده‌وڵه‌مه‌نتر کردووه‌ و هه‌ژاریشى هه‌ژارتر کردووه‌، ده‌شڵێت هۆکارى مانه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامى له‌ پۆسته‌که‌یدا ئه‌وه‌یه،‌ که‌ کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ ئه‌ودا واژۆ کردووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم سیاده‌ى نیه‌.

 

عزه‌ت سابیر، کە ئه‌ندامى په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستانە‌ له‌فراکسیۆنى سه‌وز و سه‌رۆکى لیژنه‌ى ئابورى و دارایی له‌ په‌رله‌مان، هەروەها خاوه‌نى بڕوانامه‌ى دکتۆرایه‌ له‌ زانستى ئابووریدا، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ى ڕۆژنیوزدا وه‌ڵامى چه‌ند پرسێکى گرنگ ده‌داته‌وه‌ له‌باره‌ى قه‌یرانى دارایى هه‌رێمى کوردستان و که‌رتى نه‌وت و گرێبه‌ستیه‌ نه‌وتیه‌کان و کێشه‌کانى دانه‌غاز و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و کێشه‌کانى نێوان یه‌کێتى و پارتى له‌سه‌ر که‌رتى نه‌وت و چه‌ندین پرسى تر.

 

ده‌قى چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

 

- به‌بۆچونى تۆ وه‌ک ئابووریناسێک، دۆخى دارایی و ئابورى هەرێمی کوردستان له‌چ ئاستێکدایه‌؟

 

"به‌هه‌موو پێوانه‌یه‌ک پێى ده‌وترێت قه‌یرانى ئابوورى"

 

عزه‌ت سابیر: دارایى هه‌رێم له‌ دۆخێکى خراپدایه‌، به‌هه‌موو پێوانه‌یه‌ک پێى ده‌وترێت قه‌یرانى ئابوورى، چونکه‌ له‌ زانستى ئابووریدا هاتووه‌ هه‌ر وڵاتێک یان هه‌ر هه‌رێمێک شه‌ش مانگى به‌دواى یه‌کدا قه‌یرانى دارایى هه‌بوو چاره‌سه‌رى نه‌کرد، قه‌یرانه‌ داراییه‌که‌ قول ده‌بێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ قه‌یرانى ئابوورى، کارگه‌کان له‌کار ده‌که‌ون، بێکارى زۆر ده‌بێت، هه‌ژارى زۆر ده‌بێت، به‌هه‌موو پێوه‌رێک ده‌توانین بڵێین دۆخى ئابورى هه‌رێمى کوردستان له‌ قه‌یراندایه‌.

 

-رێگا چارەسەری هەیە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە؟

 

"بڕیاره‌کانى حکومه‌ت بۆ چاکسازى هه‌ژارى هه‌ژارتر کردووه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندى ده‌وڵه‌مه‌ندتر کردووه‌"

 

عزەت سابیر:من گه‌شبینم ڕێگه‌ هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى، به‌ڵام نابینم که‌ حکومه‌ت هه‌نگاوى ڕسته‌قینه‌ بنێت، حکومه‌ت کۆمه‌ڵێک پلانى ئاشکرا کردووه‌ که‌ خه‌رجى که‌م ده‌کاته‌وه‌ و داهات زیاد ده‌کات، به‌شێکى زۆرى ئه‌و بڕیارو پلانانه‌ى که‌ حکومه‌ت داویه‌تى، هه‌ژارى هه‌ژارتر کردووه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندى ده‌وڵه‌مه‌نتر کردووه‌، ئه‌مه‌ گرنگه‌ خه‌ڵک بیزانێت بۆ ئه‌وه‌ى حکومه‌ت به‌ چاکسازسه‌کانیدا بچێته‌وه‌، باجى له‌سه‌ر هه‌ژار زیاد کردووه‌ و کۆمپانا گه‌وره‌کان و کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان له‌باج ده‌به‌خشرێن، حکومه‌ت ده‌بوو پێش ئه‌وه‌ى بیر له‌ که‌مکردنه‌وه‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بکاته‌وه‌، ده‌بوو بیرى له‌وه‌ بکردایه‌ته‌وه‌ به‌ ڕێگه‌ ڕاسته‌قینه‌کان داهاتى زیادکردایه‌.

 

- ڕێگه‌ ڕاسته‌ قینه‌کان کامانه‌ن؟

 

"ده‌ستبردن بۆ مووچه‌ و قوتى خه‌ڵک خراپترین چاکسازیه‌ که‌ حکومه‌ت بیکات"

 

عزه‌ت سابیر: ڕێگه‌ ڕاسته‌قینه‌کان ئه‌وه‌یه‌ سیستمى باج و سیتمى گومرگى ده‌بێت پێداچونه‌وه‌ى پێدا بکرێت، له‌م قه‌یرانه‌دا ئێستا‌ش سه‌دان کۆمپانیا به‌ واژۆى سه‌رۆکى حکومه‌ت و وه‌زیرى دارایى ده‌به‌خشرێن له‌باج، کۆمپانیاى نه‌وتى و وه‌به‌رهێن باج ناده‌ن، بازرگان پێویسته‌ باج بدات ئه‌ویش به‌ واژۆیه‌کى سه‌رۆکى حکومه‌ت ده‌به‌خشرێت له‌باج، له‌ماوه‌ى پێشودا وه‌زیرى کشتوکاڵ پلانێکى دانا، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو که‌ هه‌ر کیلۆیه‌ک مریشک که‌ دێته‌ هه‌رێمى کوردستان ١٠٠٠ دینار باجى بخرێته‌ سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى که‌رتى کشتوکاڵ و په‌له‌وه‌ر-ى پێ ببوژێنرێته‌وه‌ نه‌یان هێشت جێبه‌جێى بکات، وتیان با کۆمپانیه‌کان ده‌وڵه‌مه‌نتر ببن، ده‌ستبردن بۆ مووچه‌ و قوتى خه‌ڵک خراپترین چاکسازیه‌ که‌ حکومه‌ت بیکات.

 

-به‌بۆچونى تۆ له‌ساڵى ٢٠١٧ ئابوورى هه‌رێمى کوردستان ده‌بوژێته‌وه‌، به‌و پلانانانه‌ى که‌ حکومه‌ت دایناوه‌ و به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت؟

 

"چاکسازى ڕاسته‌قینه‌ کارا کردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانه‌"

 

عزه‌ت سابیر: هه‌تا په‌رله‌مان کارا نه‌کرێته‌وه‌ قه‌یرانى دارایى و ئابوورى هه‌رێمى کوردستان چاره‌سه‌ر نابێت، بۆنمونه‌، یاساى وه‌به‌رهێنان مادده‌یه‌کى تێدایه‌ ده‌ڵێت هه‌موو وه‌به‌رهێنێک ده‌توانێت کارى ده‌ستى بیانى بهێنێت و هى ناوخۆیى به‌کار نه‌هێنێت، یاساى نه‌وت و گاز ده‌ڵێت هه‌تا ئه‌و کاته‌ى سیستمى باج ده‌سه‌پێنرێت به‌سه‌ر کۆمپانیا نه‌وتییه‌کاندا باجیان لێوه‌ر ناگیرێت، یاساى خانه‌نشینى جیاوازى زۆرى تێدایه‌، بۆ چاکسازى ڕاسته‌قینه‌ ده‌بێت ئه‌م یاسایانه‌ چاک بکرێن، ئه‌مه‌ش به‌ پەرله‌مان ده‌کرێت، بۆیه‌ یه‌کێک له‌ کۆڵه‌که‌کانى چاکسازى ڕاسته‌قینه‌ کارا کردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانه‌.

 

-کەی حکومەت دەتوانێت دەستکاری سیستمی پاشەکەوتی مووچە بکات؟

 

"به‌هه‌موو پێوه‌رێک ئێستا کاتییه‌تى"

 

کاتێک حکومه‌ت بڕیارى دا که‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران پاشه‌که‌وت بکات به‌رمیلێک نه‌وت به‌ ٢٥ دۆلار بوو، ئێستا به‌ ٥٠ دۆلاره‌، به‌هه‌موو پێوه‌رێک ئێستا کاتیه‌تى، که‌ چاو به‌ پاشه‌که‌وتى مووچه‌دا بخشێنرێته‌وه‌، حکومه‌تى هه‌رێم خۆى ئاشکاراى کرد له‌مانگى ١١ى ساڵى ٢٠١٦ دا داهاته‌که‌ى ٧٠٠ملیۆن دۆلار بووه‌، کۆى هه‌موو ئه‌و پاره‌یه‌ى به‌م  سیستمى پاشه‌که‌وته‌ ده‌درێت به‌ مووچه‌خۆران ٤٥٠ ملیۆن دۆلاره‌، که‌واته‌ ٢٥٠ ملیۆن دۆلار زیاد ده‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ ده‌ستکارى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ بکات بۆ ئه‌وه‌ى دۆخى ئابوورى جوڵه‌ى تێبکه‌وێته‌وه‌، سه‌دان چاره‌سه‌ر هه‌یه‌ که‌ وڵاته‌کان توشى قه‌یران ده‌بن په‌ناى بۆ ده‌به‌ن.

 

- ئه‌وکاته‌ى که‌ په‌رله‌مان کارا بوو وه‌ک لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان چه‌ندان ڕێگه‌چاره‌تان بۆ حکومه‌ت پێشنیار کرد، گوێتان لێگیرا یان هیچیان خرایه‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌؟

 

"ئه‌گه‌ر حکومه‌ت گوێى له‌ که‌سى شاره‌زا بگرتایه‌ نه‌ده‌چوو په‌رله‌مان دابخات"

 

عزه‌ت سابیر: تا ئێستا حکومه‌تى هه‌رێم باوه‌ڕى به‌وه‌ نییه‌، که‌ که‌سى شیاو له‌ شوێنى شیاودا ده‌توانێت چاره‌سه‌رى ئه‌م قه‌یرانه‌ بکات، ئێمه‌ ئێستا نزیک ده‌بینه‌وه‌ له‌وه‌ى ٢٠ زانکۆمان له‌ هه‌رێمى کوردستاندا  هه‌بێت، حکومه‌تى هه‌رێم تا ئێستا کارى به‌هیچ ڕاپۆرتێکى زانستى ئه‌م زانکۆیانه‌ نه‌کردووه‌، که‌ خۆى سه‌دان ملیۆن دۆلاى تێدا خه‌رج کردووه‌، بۆیه‌ پلان هه‌یه‌ به‌س حکومه‌تى هه‌رێم گوێ له‌که‌سى شاره‌زا ناگرێت، حکومەت ئه‌گه‌ر گوێى له‌ که‌سى شاره‌زا بگرتایه‌ نه‌ده‌چوو په‌رله‌مان دابخات، ئێمه‌ پڕۆژه‌مان ده‌دانێ به‌ڵام ئه‌وان ئه‌وه‌یان ده‌کرد که‌ له‌مێشکى خۆیاندابوو.

 

- ئایا بۆ گه‌شه‌کردنى ئابوورى کوردستان ده‌توانین به‌ته‌نها پشت به‌ که‌رتى نه‌وت ببه‌ستین، پێشتر ڕات گه‌یاندبوو، که‌ وه‌زیرى سامانه‌ سروشتیه‌کان درۆزنترین که‌سه‌ که‌ تۆ بینیوته‌، هۆکارى ئه‌م قسه‌یه‌ت چى بوو؟

 

 

"ئەگەر داهاتووى میلله‌تێک ببه‌ستیته‌وه‌ به‌وه‌ى که‌ نرخى نه‌وت دانابه‌زێت دواتریش دابه‌زێت که‌واته‌ درۆیه‌کى گه‌وره‌ت کرد"

 

عزه‌ت سابیر: به‌خۆڕایى ئه‌م قسه‌یه‌م نه‌کردووه‌، ده‌ریشکه‌وت که‌وایه‌، هه‌ر له‌ چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا ڕاپۆرتى میدیا جیهانیه‌کان ده‌ڵێت ئه‌و یه‌ده‌کى نه‌وته‌ى هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستاندا که‌ گوایه‌ ٤٥ ملیارد به‌رمیل نه‌وتى یه‌ده‌ک هه‌یه‌ له‌ باشووری کوردستاندا هه‌مووى درۆیه‌، بۆیه‌ نرخى پشکى ئه‌و کۆمپانیا نه‌وتیانەی، که ‌کار ده‌که‌ن له‌هه‌رێمى کوردستاندا دابه‌زى، له‌لایه‌کى تریشه‌وه‌ پلانیان دانا وتیان خۆمان نه‌وتى خۆمان بفرۆشین باشترە له‌وه‌ى بیده‌ین به‌ به‌غدا، بۆئه‌وه‌ى باوه‌ڕ به‌ هه‌موو لایه‌ک بێنن کۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کاندا کرد، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌وه‌ى که‌ به‌رمیلێک نه‌وت ١٠٠ دۆلار ده‌کات، هه‌ر له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا وتم به‌ڕێز حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌ى ئه‌گه‌ر نرخى نه‌وت دابه‌زى، وتیان دانابه‌زێت، به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌، باشه‌ تۆ بێیت داهاتووى میلله‌تێک ببه‌ستیته‌وه‌ به‌وه‌ى، که‌ نرخى نه‌وت دانابه‌زێت دواتریش دابه‌زێت که‌واته‌ درۆیه‌کى گه‌وره‌ت کرد.

 

-کەواتە پشت بەستن بە داهاتی نەوت هەڵەیە؟

 

"ئەگەر ئابورى خۆت به‌نه‌وت-ه‌وه‌ گرێ بده‌یت سه‌رکه‌وتوو نابیت"

 

عزەت سابیر: له‌ماوه‌کانى پێشودا وه‌زیرى سامانه‌ سروشتیه‌کان وتى به‌ ١٠٠ دۆلاریش نه‌وت بفرۆشین دۆخى ئابوورى چاک نابێت، چونکه‌ خۆیان ده‌زانن چیان کردووه‌، کوردستانیان خستۆته‌ ژێر قه‌رزێکى زۆرى وه‌همیه‌وه‌، خۆیان وتیان ٢٠ ملیار  دۆلارمان سوتاندا، ئه‌گه‌ر نا نه‌وت کاڵایه‌کى گرنگى ئابووریه‌ له‌شه‌ڕ و له‌ ئاشتیدا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێتو هه‌موو ئابورى خۆت به‌نه‌وت-ه‌وه‌ گرێ بده‌یت سه‌رکه‌وتوو نابیت، له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو که‌رته‌کانى تر بکه‌یته‌ قوربانى ئه‌و که‌رته‌، هه‌زاران جوتیاریان هێنایه‌ ناو شاره‌کان و کردیانه‌ مووچه‌ خۆر، که‌رتى کشتوکاڵیان وێران کرد، ئه‌گه‌ر پلان هه‌بێت نه‌وت ده‌بێت به‌خێر و به‌ره‌که‌ت بۆ هه‌موومان، گه‌لێک پێنج ملیۆن که‌س بێت و ڕۆژى یه‌ک ملیۆن به‌رمیل نه‌وت بفرۆشێت هه‌رگیز نابێت ئه‌و گه‌له‌ بێ پاره‌ بێت.

 

- که‌رتى نه‌وت له‌ده‌ستى حزبدایه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان یان له‌ده‌ستى حکومه‌تدایه‌، ئایا یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان ئاگادارى دۆسیه‌ى نه‌وته‌؟

 

"هه‌موو کات یه‌کێتى و پارتى ئه‌ندامیان له‌ناو ئه‌نجومه‌نى باڵاى نه‌ت و غاز-دا بووه"

 

عزه‌ت سابیر: با من به‌ڕاشکاوانه‌ وه‌ڵامت بده‌مه‌وه‌، ئه‌نجومه‌نێک هه‌یه‌ له‌ حکومه‌ت پێى ده‌وترێت ئه‌نجومه‌نى باڵاى نه‌وت و گاز، ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ پێک دێت له‌ سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌که‌ى، وه‌زیرى دارایى و سامانه‌ سروشتیه‌کان و پلاندانان، ئه‌م پێنج که‌سه‌ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ى نه‌وت داده‌نێن، هه‌موو کاتێک ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ یه‌کێـى و پارتیشى تێدا بووه‌، نزیکه‌ى دوو ساڵ گۆرانیشى تێدابوو، گه‌نده‌ڵى و کێشه‌ لاى ئه‌م پێنج که‌سه‌ نییه‌، کێشه‌که‌ و گه‌نده‌ڵییه‌که‌ له‌لاى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتیه‌کانه‌، چونکه‌ ئه‌و به‌رپرسیارى هه‌موو شتێکه‌.

 

- بۆچى ته‌نها وه‌زیر به‌رپرسه‌، هۆکارى به‌ شه‌خسى کردنى که‌رتى نه‌وت چییه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان؟

 

"هه‌موو گرێبه‌سته‌کان له‌گه‌ڵ شه‌خسدا واژۆ کراون"

 

عزه‌ت سابیر: شتێک هه‌یه‌ من تا ئێستا بۆ که‌سم باس نه‌کردووه‌، بۆ تۆى باس ده‌که‌م، له‌ کۆى سێ چوار ساڵى ڕابردوودا سێ جار وه‌زیرى نه‌وتى عێراق گۆڕا، کۆمپانیا نه‌ وتییه‌کان هیچ کێشه‌یان نه‌بوو، چونکه‌ ئه‌وان گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى عێراقدا واژۆ کردووه‌، مادام عێراق ده‌وڵه‌ته‌ و سیاده‌ى هه‌یه‌، هیچ کێشه‌یان نییه‌، به‌ڵام هه‌رێمى کوردستان ده‌وڵه‌ت نییه‌، هه‌موو گرێبه‌سته‌کان له‌گه‌ڵ شه‌خسدا واژۆ کراون، به‌ڕۆشتنى ئه‌و که‌سه‌ هه‌موو گرێبه‌سته‌کان ده‌که‌ونه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، بۆیه‌ کۆمپانیاکان مه‌به‌ستیانه‌ ئه‌و که‌سه‌ وه‌زیر بێت، ئه‌گه‌ر نا په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌کانى نێو په‌رله‌مانى عێراق داوایان کرد له‌ بارزانى، وه‌زیرى سامانه‌سروشتیه‌کان لابدات به‌ قسەیان نه‌کرا، په‌رله‌مانتارانى هه‌رێمى کوردستان ده‌یان سکاڵایان لێکردووه‌ که‌س گوێى ناداتێ.

 

-چه‌ندین کێشه‌ له‌نێوان یه‌کێتى و پارتیدا ڕوویدا له‌سه‌ر نه‌وت و بیرى نه‌وت، بۆنمونه‌ داگیرکردنى بیره‌نه‌وته‌کانى باى حه‌سه‌ن و هاڤانا له‌لایه‌ن هێزه‌کانى پارتییه‌وه‌، وه‌ داگیرکردنى بەشێک بیره‌نه‌وته‌کانى که‌رکوک له‌لایه‌ن یه‌کێتیه‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌تاى هه‌ڵگیرساندنى جه‌نگێک نیه‌ له‌نێوان یه‌کێتى و پارتیدا له‌سه‌ر نه‌وت؟

 

"هێزى مه‌ڵبه‌ندى که‌رکوکى یه‌کێتى چووه‌ سه‌ر بیره‌نه‌وته‌کان، بۆ ئه‌وه‌ى په‌یامێک به‌ حکومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا بدات"

 

عزه‌ت سابیر: بیره‌ نه‌وته‌کانى هاڤانا و باى حه‌سه‌ن پێشتر له‌ژێر ده‌ستى کۆمپانیاى نه‌وتى باکوردا بوون، ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌گه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ داگیرى نه‌کردایه‌ ئه‌و بیره‌ نه‌وتانه‌ ده‌که‌وته‌ ژێرده‌ستى داعشه‌وه‌، من ده‌ستخۆشى له‌و هێزانه‌ ده‌که‌م که‌ نه‌یان هێشت داعش ئه‌و بیره‌ نه‌وتانه‌ داگیر بکات، له‌باره‌ى نه‌وتى که‌رکوکه‌وه‌، له‌ چه‌ند مانگى ڕابردوودا حکومه‌تى هه‌رێم رێککه‌وتنێکى کرد له‌گه‌ڵ عه‌بادی-دا له‌سه‌ر بیره‌ نه‌وته‌کانى بابه‌ گوڕگوڕ، که‌ تێیدا هاتووه‌ بڕى ئه‌و نه‌وته‌ى که‌ به‌رهه‌م دێت که‌ ١٦٠هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى ڕۆژانه‌یه‌، نیوه‌ى بۆ حکومه‌تى هه‌رێم بێت نیوه‌ى بۆ به‌غدا بێت، له‌به‌رامبه‌ردا پاره‌ى پترۆدۆلار بدرێت، شه‌ش هه‌زار خه‌ڵکى که‌رکوک که‌ له‌ کۆمپانیاى نه‌وتى باکور ده‌رکرابوون بگه‌ڕندرێنه‌وه‌، پاره‌ى نه‌وت بۆ پڕۆژه‌ى ئاوه‌دانى له‌ که‌رکوک-دا خه‌رج بکرێت، ئه‌مه‌ نه‌کرا، بۆیه‌ هێزى مه‌ڵبه‌ندى که‌رکوکى یه‌کێتى چووه‌ سه‌ر بیره‌نه‌وته‌کان، بۆ ئه‌وه‌ى په‌یامێک به‌ حکومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا بدات که‌ ئه‌مه‌ مایه‌ى قبوڵ نیه‌.

 

-ئه‌و هێزه‌ که‌ى ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و بیره‌ نه‌وته‌کان ڕاده‌ستى حکومه‌ت ده‌که‌نه‌وه‌؟

 

"به‌ڵێن دراوه‌ داواکاریه‌کان جێبه‌جێ بکه‌ن"

 

عزه‌ت سابیر: ئه‌و هێزه‌ هێشتا له‌وێن، به‌ڵام ته‌نها ئیداره‌ى شوێنه‌که‌یان گرتۆته‌ ده‌ست، ئه‌گینا کارمه‌نده‌کان ده‌وام ده‌که‌ن و نه‌وتیش ده‌ڕوات، وه‌ گفتوگۆ کراوه‌ له‌سه‌ر کێشه‌کان له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق و هه‌رێمدا، به‌ڵێن دراوه‌ داواکاریه‌کان جێبه‌جێ بکه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا هیچیان جێبه‌جێ نه‌کردووه‌، بۆیه‌ هێزه‌که‌ نه‌کشاوه‌ته‌وه‌.

 

-کەیسی دانه‌غاز  یه‌کێتى تره‌ له‌و گرفتانه‌ى ڕووبه‌ڕووى که‌رتى نه‌وت و غازى هه‌رێمى کوردستان و ئابوورى هه‌رێمى کوردستان بووەته‌وه‌، هۆکارى ئه‌م کێشه‌یه‌ چیه‌؟

 

"که‌سى شاره‌زا قه‌ت گرێبه‌ستى به‌و شێوه‌یه‌ واژۆ ناکات"

 

عزه‌ت سابیر: هۆکارى ئه‌م کێشه‌یه‌ بێسه‌لیقه‌ى و نه‌زانى ئه‌و گرێبه‌سته‌یه‌ که‌له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆمپانیایه‌دا کراوه‌، که‌سى شاره‌زا قه‌ت گرێبه‌ستى به‌و شێوه‌یه‌ واژۆ ناکات، یه‌کیک له‌ به‌نده‌کانى ده‌ڵێت ئه‌و به‌رهه‌مه‌ غازه‌ى که‌ به‌رهه‌م دێت ئه‌گه‌ر دانه‌غاز، بۆى نه‌فرۆشرا ئه‌وا حکومه‌تى هه‌رێم خۆى بۆى ده‌فرۆشرێت، به‌نرخى جیهانى، ته‌نێک غازى شلیان له‌ ماوه‌ى دووساڵى ڕابردوودا داوه‌ به‌ ٢٠٠ دۆلار به‌ کۆمپانیا ناوخۆییه‌کان، که‌ دانه‌یه‌کیان له‌ هه‌ولێره‌ و دانه‌یه‌کیان له‌ سلێمانییه‌، ئه‌م گازه‌ نرخه‌که‌ى ٦٠٠ دۆلاره‌ له‌ بازاڕه‌ جیهانییه‌کان، دانه‌غاز ده‌ڵێت، من له‌و جیاوازیه‌دا دوو ملیار دۆلارم زه‌ره‌ر کردووه‌ له‌و دووساڵه‌دا، بۆیه‌ ده‌بێت حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌و پاره‌یه‌ى بداتێ، له‌ولاشه‌وه‌ حکومه‌تى هه‌رێم قازانجه‌که‌ى داوه‌ته‌ ئه‌و دوو کۆمپانیایه‌، واتا ئه‌و پاره‌یه‌یه‌ى که‌ خه‌ڵک ئێستا ده‌یداته‌ دانه‌غاز و حکومه‌ت ناتوانێت مووچه‌ چاک بکات دراوه‌ته‌ ئه‌و دوو کۆمپانیایه‌، ئه‌گه‌ر حکومه‌تى ڕاسته‌قینه‌ هه‌بێت له‌ هه‌رێمى کوردستاندا پێویسته‌ دوو کار بکات، یه‌که‌م ده‌بێت ئه‌و پاره‌یه‌ى ده‌یداته‌ دانه‌غاز له‌و دوو کۆمپانیایه‌ وه‌رى بگرێته‌وه‌، دووه‌میش ده‌بێت دانه‌غاز له‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌ربکات چى ده‌بێت با ببێت.

 

-له‌ماوه‌ى ڕابردوودا ئه‌بوبه‌کر هه‌ڵه‌دنى ڕایگه‌یاند ئه‌گه‌ر یه‌کێتى نه‌وت و غازى سنورى خۆى بگرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ فشارێک ده‌بێت له‌سه‌ر پارتى بۆ ئه‌وه‌ى چاکسازى بکات، ئه‌مه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ى زۆرى به‌دواى خۆیدا هێنا، ڕاى تۆ چییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بۆچونه‌؟

 

"هیوادارم نه‌گاته‌ ئه‌وه‌، ئه‌گینا من وه‌ک خۆم له‌دوو ئیداره‌ى ناترسم"

 

عزه‌ت سابیر: شتێک هه‌یه‌ له‌نه‌وت-دا پێى ده‌وترێت (API) ئه‌م پێکهاته‌یه‌ چه‌ند به‌رزبێت ئه‌وه‌ کوالێتى نه‌وته‌که‌ باشتر ده‌بێت، نه‌وتى شیواشۆک یه‌کێکه‌ له‌ باشترین جۆرى نه‌وته‌کانى جیهان، نه‌وتى شیواشۆک ده‌به‌ن تێکه‌ڵاوى نه‌وتى تاوکێ-ی ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵک بیکڕێت لێیان، گه‌وره‌ترین کێڵگه‌ى غازى سروشتى کێڵگه‌که‌ى له‌ چه‌مچه‌ماڵه‌، ئه‌و گازى سروشتییه‌ به‌بۆرى ده‌چێت بۆ هه‌ولێر و شوێنه‌کانى تر کاره‌باى لێبه‌رهه‌م دێت، بیگره‌وه‌ هه‌ولێر کاره‌باى نابێت، کاک ئه‌بوبه‌کر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌ى وتووه‌، ئه‌گه‌ر هیچ ڕێگه‌یه‌ک نه‌ما ئه‌مه‌ وه‌ک فشار به‌کار بهێنین، هیوادارم نه‌گاته‌ ئه‌وه‌، ئه‌گینا من وه‌ک خۆم له‌دوو ئیداره‌ى ناترسم.

 


ش.ف


 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin