Smiley face
Smiley face
Smiley face

پژاک: پێویسته‌ هەموو شوێنێک بکه‌ینه‌ جێگای چالاکی و خۆئامادەکردن بۆ شۆڕش

2017-03-29 08:38:25



ڕۆژنیوز - محەمەد و شەماڵ

 

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، بانگەوازی لە گەلی کورد و بەتایبەت گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و دەڵێت:" پێویستەهەموو شوێنێک بکه‌ینه‌ جێگای چالاکی و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن و شوێنی خۆ به ‌ڕێکخستن و خۆ ئاماده‌کردن بۆ شۆڕش".

 

شەروین مەزڵوم، ئەندامی ئەنجومەنی پژاک، دەشڵێت:"ئیدی پێویسته‌ کاته‌کانی ٤ی نیسان بکه‌ینه‌ ڕۆژی وه‌ڵام بۆ هه‌موو ئه‌و گوشار و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌سه‌ر گه‌له‌که‌مان به‌ڕێوه‌ده‌چێت له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان،‌ هه‌ر ئه‌رکێکیش بکه‌وێته‌ سه‌ر ئێمه‌ وه‌ک (پژاک ) ئاماده‌ین بۆ له ‌ئه‌ستۆ گرتنی".


لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز-دا، شەروین مەزڵوم، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، وەڵامی چەند پرسیارێکی ئاژانسەکەی دایەوە.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

-ئامانج لە هەوڵەکانی ئێوە چییە بۆ دروستکردنی ئۆپۆزسیۆنێکی هاوبەشی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟. 

 

"پێویستمان به ‌یه‌کگرتن و لێک تێگه‌یشتن هه‌یه‌"

 

شه‌روین مه‌زڵوم: بێگومان سه‌ردانی ئێمه‌ بۆ لای لایه‌نه‌کان‌ جاری یه‌که‌م نییه‌، ئێمه‌ له‌ قۆناغێکداین له‌ هه‌رکات زیاتر پێویستمان به ‌یه‌کگرتن و لێک تێگه‌یشتن هه‌یه‌، چونکه‌ کۆماری ئیسلامی ئێران سیاسه‌تێکی نکوڵیکردن لەسه‌ر گه‌لی کورد به‌ڕێوه‌ده‌بات، سیاسه‌تی هه‌میشه‌یی پژاک ئه‌وه‌یه،‌ که‌ پژاک بۆ هه‌موو گۆڕانکارییه‌ک له ناو ئێران ئاماده‌یی هه‌یه‌ و ئاماده‌یشی ده‌ربڕیوه‌ لەو ‌پێناوه‌دا له‌و چوارچێوه‌یه‌ش له ‌کۆنگره‌ی پێنەجەمدا ئێمە به‌رنامه‌ ڕێژییه‌کمان دانا و سه‌ردانی چه‌ند لایه‌نێکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانمان کرد بێجگه‌ له‌ (حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران)، که‌ ئه‌ویش ئاماده‌ییان نه‌بوو له ‌سه‌ر ئاستی سکرتێر یاخود جێگری سکرتێر پێشوازیمان لێ بکەن، شاندەکەی ئێمه‌ش پێکهاتبوو له ‌هاوسه‌رۆکی پژاک و ئه‌ندامانی ئەنجومەن بێگومان بۆ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌وه ‌ده‌کرد له‌ئاستی سکرتێر یاخود جێگری سکرتێر دانیشتن هه‌بوایه‌.

 

-دەرئەنجامی سەردان و گفتوگۆکانتان چی بوو؟.

 

"بووە هۆی پاڵپشتییەکی به‌هێز بۆ گه‌لی ڕۆژهه‌ڵات"

 

شەروین مەزڵوم: بێگومان ئه‌و دانیشتن و وتوێژانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی باشی هه‌م له‌ئاستی ئێران هه‌میش له‌ ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌بوو، بووە هۆی پاڵپشتییەکی به‌هێز بۆ گه‌لی ڕۆژهه‌ڵات، چونکه‌ ئیتر گه‌لی کورد بیزاربووه‌ له‌ شه‌ڕی یه‌کتر و براکوژی و شه‌ڕی ڕاگه‌یاندن و ئه‌وه‌ی گه‌لی کورد پێویستیه‌تی له‌و قۆناغه‌ یه‌کگرتنی هێزه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌ له ‌چوارچێوه‌‌ی به‌ره‌یه‌ک، ئۆپۆزسیۆنێکی هاوبه‌ش له ‌ڕۆژهه‌ڵات، بۆ ئه‌مه‌ش پژاک چه‌ندین جار و له ‌ساڵانی ڕابردوو هه‌وڵیداوه‌ و دیداری ئەنجام داوە‌، بۆ ئه‌وه‌ی پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ چوارچێوه‌یه‌ی به‌ره‌یه‌کی هاوبه‌ش خۆیان یه‌ک بخه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌، ئه‌و ئاماده‌یی و دانیشتن و وتوێژانه‌ پێویست دەکات ته‌نیا له ‌بواری قسه‌ نه‌مێنێته‌وه،‌ به‌ڵکو هه‌نگاوی کرداریشی پێویسته‌ تا ئه‌م هه‌وڵدان و دانیشتنانه‌ ئه‌نجامێکی لێ بکه‌وێته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش ئێمه‌ وه‌ک پژاک ئاماده‌یمان تێیدا‌یه‌ بۆ هه‌نگاوی پراکتیکی.

 

 - کەواتە بۆچی هەنگاوی پراکتیکی هەڵناهێنن، کێشه‌ له‌کوێدایه‌ کام لایه‌نانە‌ ئاماده‌ نین‌؟.

 

 

"پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵات ئیراده‌ و ناسنامه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیان نییە"

 

شه‌روین مه‌زڵوم: ئه‌م‌ کێشه‌یه‌ زیاتر ده‌که‌وێته‌ سه‌ر لایه‌نه‌کانی تری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، کێشه‌ بنه‌ڕتیه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ تاکو ئێستا پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵات ئیراده‌ و ناسنامه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیان بۆ خۆیان دروست نه‌کردووه‌، ته‌نانه‌ت ئێمه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌ پێشنیاز و ئاماده‌یی ئه‌وه‌مان ده‌ربڕیوه‌ چه‌ند لێدوانێکی هاوبه‌ش بدرێت له‌ باره‌ی کێشه و گرفته‌کانی جه‌ماوه‌ریی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان نموونه‌ دۆخی (کۆڵبه‌ران و زیندانیانی سیاسی و له‌سێداره‌دانه‌کان) و زۆر بابه‌تی تر، بۆ ئه‌مه‌ش ئێمه‌ به‌ پێویستی نازانین هه‌ر پارت لێدوانێکی جیا بدات به‌ڵکو پێویسته‌ لێدوانی هاوبه‌ش بدرێت، چونکه‌ دواجار ئه‌م کێشانه‌ کێشه‌ی هه‌موو لایه‌که‌ نه‌ک ته‌نیا پارتێکی دیاریکراو، بۆ ئه‌مه‌ش له‌ نێوان لایه‌نه‌کان دوو دڵی و ناڕه‌حه‌تی هه‌یه‌، هه‌ر لایه‌نێک ئاماژه‌ به ‌سیاسه‌تێک و ئایدیۆلۆژیایه‌کی سه‌ربه‌خۆ ده‌کات، به‌ڵام له ‌بواری کرداری ناتوانێت هه‌نگاو بنێت، بۆ نموونه‌ له ‌مژاری ته‌قه‌کردن و کوشتنی کۆڵبه‌ران ئێمه‌ ئاماده‌یی لێدوانی هاوبه‌ش بووین، به‌ڵام لایه‌نه‌کانی تر ئاماده‌ نه‌بوون و ده‌ڵێین ئێمه‌ ناتوانین لێدوانی هاوبه‌ش بده‌ین له‌ گه‌ڵ پژاک، چونکه‌ کێشه‌مان بۆ دروست ده‌بێت، سه‌باره‌ت به پژاک ئێمه‌ هیچ کێشه‌یه‌کمان نییه‌ چونکه‌ ئێمه‌ له ‌ژێر فشاری هیچ لایه‌نێک دانین و پارتێکی سیاسی و ئێدۆلۆژی سه‌ربه‌خۆیین و ده‌توانین به‌ ئاسوده‌یی هه‌نگاو بهاوین.


-بۆچی چالاکییە سەربازییەکانتان ڕاگرتووە؟.

 

"(یه‌ره‌که‌)ئەرکی پاراستنی پژاک و ڕۆژهەڵاتی کورستان پێکدەهێنێت"

 

شه‌روین مه‌زڵوم: پژاک تا ساڵی ٢٠١٤ وه‌ک پارتێکی سیاسی ئایدلۆژی بوونی هه‌بوو، به‌ڵام دوای ٢٠١٤ وه‌ک سیسته‌می (کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی) له ‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دامه‌زرا، سیستمی (کۆدار)ئه‌زمونی ١٢ ساڵی پژاکە، ئیدی بووه بە‌ سیستمی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان (کۆمه‌ڵگای ئازاد و دیموکراتیکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان)، ئێستا پژاک پارتێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی سیسته‌می (کۆدار)ه‌، هێزی پاڕاستنی کۆدار دامه‌زرا وه‌ک (یه‌کینه‌کانی پاراستنی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان )، پێشتریش (هه‌ره‌که‌)هه‌بوو باڵی سه‌ربازی پژاک، له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو هێرشه‌کانی ده‌کرێته‌ سه‌ر گەلی کورد و پژاک (یه‌ره‌که‌) هێزی پاراستنی پژاکه‌ و ئه‌رکی پاراستنی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێک ده‌هێنێت، دوای شه‌ڕی قه‌ندیل ٢٠١١ ئێران له ‌ڕێگای پارته‌کان و که‌سایه‌تییه‌کانی باشور داوای ئاگر به‌ستی له‌ پژاک کرد، پژاکیش قبوڵی کرد به‌ مه‌رجی ڕاگرتنی له‌ سیداره‌دان و ده‌ستگیرکراونی سیاسی، به‌ڵام ئێران پابه‌ند نه‌بوو به‌م ئاگربه‌سته‌.

 

-پژک ئامادەی گفتوگۆ دەبێت لەگەڵ ڕژێمی ئێران؟.

 

" ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ"

 

شەروین مەزڵوم:ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ، ئه‌گه‌ریش ڕێبازی دیالۆگ به ‌ئه‌نجام نه‌گات ئه‌وه‌ هێزه‌کانی (یه‌ره‌که‌) وه‌کو هێزی پاراستنی کۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و هێرشانه‌ ده‌کرێته‌ سه‌ر گه‌لی کورد ده‌بێته‌ هێزی پاراستنی گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، له‌ هه‌مانکاتیشدا (پژاک )یش له ‌نێو ئه‌و سیسته‌مه‌ جێگا ده‌گرێت و یه‌ره‌که‌ش هێزی پاراستنی پژاکیشه‌.


- به‌رده‌وام ئێوه‌ باس له‌ گۆڕانکاریی ده‌که‌ن له ‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕست و دووباره‌ دیزاینکردنه‌وه‌ی ناوچه‌که‌، ئێوه‌ پێتان وایه‌ ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ ئیرانیش بگرێته‌وه‌؟

 

"کاریگه‌ری خۆی ده‌بێت له ‌سه‌ر ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان"

 

شه‌روین مه‌زڵوم: بێگومان ئێرانیش وه‌ک به‌شێک له ‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جێی خۆی گرتووه‌، هه‌م وه‌ک سیسته‌م و هه‌میش وه‌ک جوگرافیا و ده‌وڵه‌تیش، بۆیە هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک له ‌ناوچه‌که‌ ڕووبدات بێشک کاریگه‌ری خۆی ده‌بێت له ‌سه‌ر ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، چاره‌نووسی گه‌لی کورد-یش به ‌یه‌که‌وه‌ به‌ستراوه‌ و هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک له ‌پارچه‌یه‌کی جودای کوردستان ڕوو بدات کاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر پارچه‌یەکی تری کوردستان، هه‌نگاوه‌کانی شۆڕشی (ڕۆژئاوا) کاریگه‌ری زۆری له ‌سه‌ر ئێران دروستکرد و پێشکه‌وتنه‌کانی باکور و باشور کاریگه‌ری زۆری هه‌بووه‌ له ‌سه‌ر ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، بۆ ئه‌مه‌ش ئێران ئاماده‌کاریی خۆی ده‌کات بۆ نمونه‌ پێشتر لەسه‌ر سنوره‌کانی هێزێکی پاڕاستنی سه‌ر سنور-ی هه‌بوو، به‌ڵام لەئێستادا ئه‌و هێزانه‌ی گۆڕیوه‌ به‌ سوپای پاسداران، هەروەها ئێران هه‌ستاوه‌ به‌ دامه‌زراندنی (حه‌شدی شه‌عبی) له‌ عێراق تا بتوانێت هه‌موو ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له ‌سه‌ریه‌تی له ‌ده‌ره‌وه‌ بنبڕی بکات و ببێته‌ به‌شێک له‌ پاراستنی کۆماری ئیسلامی ئێران، هه‌روه‌ها ده‌نگۆی دروستکردنی (حه‌شدی کورد) له‌ ئارادایه‌ له ‌ناوچه‌کانی که‌لار و که‌رکوک و خانه‌قین، تا به‌م ڕه‌نگانه‌ ئه‌و هێزانه‌ له ‌ژێر فه‌رمانی ئێراندا بن و هه‌روه‌ها شه‌ڕه‌ ناوخۆییه‌کانی خۆی بخاته‌ دره‌وه‌ی سنوره‌کان، هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک دروستببێت له ‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئێمه‌ وه‌ک پارتێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی و هێزی پاراستنی سه‌ربازییمان (یه‌ره‌که‌) ئاماده‌ین، ئیدی کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ هه‌ر کوردێک له ‌هه‌ر ‌پارچه‌یەکی کوردستان به‌ڕه‌نگ و ده‌نگی خۆی بژی.


- باست له‌ پێویستی یه‌ک هه‌ڵوێستی کرد، به‌ڵام له‌ماوه‌ی ڕابردوو له‌ زه‌رگوێز پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کۆبوونه‌وه‌ و دژایه‌تی خۆیان ڕاگەیاند بۆ ئه‌و ده‌نگۆیەی گوایه‌ فراکسیۆنه‌ شیعه‌کان له ‌په‌رله‌مانی عیراق به ‌نیازی ده‌رکردنی پڕۆژه‌ یاسایه‌کن بۆ قەدەغەکردنی چالاکییه‌ سیاسیه‌کانی پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ خاکی باشوری کوردستان، ئێوە بۆ لەوێ نەبوون؟.

 

 

"بانگهێشت نه‌کراوین"

 

شه‌روین مه‌زڵوم: سه‌ره‌تا ئێمه‌ نازانین ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یە لەلایه‌ن کام ڕێکخستنەوە ڕێکخراوه‌ و بانگهێشتیش نه‌کراوین، سه‌باره‌ت به‌ ده‌رکردنی پرۆژه‌ یاساییه‌کی به‌م ڕه‌نگه‌ ده‌رباره‌ی پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵات هیچ کاریگه‌رییه‌کی نابێت له ‌سه‌ر ئێمه‌، چونکه‌ ئێمه‌ هێزێکی جه‌ماوه‌ریین و هه‌ڵقوڵاوی ناو جه‌ماوه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانین و‌ ئێمه‌ هیچ زیانێکمان نه‌بووه‌ بۆ گه‌لی خۆمان‌ له ‌باشور و ڕۆژهه‌ڵات، ئێمه‌ ده‌سکه‌وته‌کانی گه‌لەکەمان ده‌پارێزین له ‌باشور و ڕۆژهه‌ڵات، نمونه‌ش له‌به‌ر چاوه‌ شه‌ڕی ٢٠١١ی قه‌ندیل، شه‌ڕی ئێران بوو به ‌ده‌سکه‌وته‌کانی گه‌لی باشور و پژاک وه‌ک هێزێکی چالاک به‌رپه‌رچی هێرشه‌کانی ئێرانی دایه‌وه‌ بۆ سه‌ر ده‌سکه‌وته‌کانی باشوری کوردستان و مانه‌وه‌ی به‌شێک له ‌هێزه‌کانمان له‌ باشوری کوردستان و هه‌رێمه‌کانی پاراستنی مەدیا، له ‌ئه‌گه‌ری جێبه‌جێکردنی ئه‌و یاسایه‌ش ئێمه‌ وه‌ک (پژاک) ڕه‌تی ده‌که‌ینه‌وه‌ و پابه‌ندی نابین.


"سه‌باره‌ت به‌ دۆخی کۆڵبه‌ران و زیادبوونی له ‌سێداره‌دانه‌کان له‌ ئێران، هەڵوێست پژاک چییە؟.

 

 "بێده‌نگ نابین"

 

شه‌روین مەزڵوم: ئێمه‌ هه‌موو کات له ‌هه‌مبه‌ر فشاره‌کانی ئێران بۆ سه‌ر کۆڵبه‌ران و زیندانی سیاسی هه‌ڵوێستی خۆمان نیشانداوه‌ و له ‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و فشارانه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران بێده‌نگ نابین، ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ناچاری کاری کۆڵبه‌ری کردووه‌ ده‌وڵه‌تی ئیران خۆیه‌تی، چونکه‌ خه‌ڵک برسییه‌ ناچارە ئه‌م کاره‌ بکات بۆ مانه‌وه‌ له ‌ژیان، گرنگه‌ هه‌ڵوێستی خه‌ڵک زیاتر توندتر بێت له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و گوشارانه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌یخاته‌ سه‌ر گه‌ل، چونکه‌ سیسته‌م به‌ هێزی گه‌ل ده‌گۆڕدرێت، ئه‌وه‌ی ده‌توانێت ئه‌و دۆخه‌ بگۆرێت به‌ دۆخێکی باشتر، هێز و ناڕه‌زایه‌تی نیشاندانی گه‌له‌ له ‌هه‌مبه‌ر ئه‌و سیسته‌مه‌.


- ئایا پێتان وا نییه‌ ئێوه‌ش که‌مته‌ر خه‌م بوون، که ‌نه‌تانتوانیوە جه‌ماوه‌ر ئاڕاسته‌ که‌ن؟.

 

"ده‌رگامان کراوه‌یه‌ بۆ ڕه‌خنه‌کانی جه‌ماوه‌ر"

 

شه‌روین مەزڵوم: ئێمه‌ وه‌ک پارتێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی هه‌میشه‌  ده‌رگامان کراوه‌یه‌ بۆ ڕه‌خنه‌کانی جه‌ماوه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئه‌وه‌ ڕاسته‌ ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بمانتوانییایە خه‌ڵک زیاتر له ‌ڕووی سیاسی و ئایدیۆلۆژی به‌ ڕێکخستن بکه‌ین، هه‌ڵبه‌ت ئێستا گه‌له‌که‌مان هه‌ڵوێستێکی ڕادیکاڵتری نیشانده‌دا، و ئێمه‌ وه‌ک پژاکیش ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ و که‌موکورتییەکمان هه‌بووبێت له ‌ڕابردوو هه‌وڵده‌ده‌ین له ‌داهاتوودا ببینه‌ وه‌ڵامێک بۆ خواست و چاوه‌ڕانییه‌کانی گه‌له‌که‌مان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کورستان. 

 

-سه‌باره‌ت به ئاڵۆزی و ‌پێکدادانه‌کانی شه‌نگال هه‌ڵوێستی  ئێوه‌ چییه‌؟.

 

"ئەو هێزەی هێرشی کرد هێزێکی کوردی نین، به‌ڵکو چه‌ته‌ن"

 

شه‌روین مەزڵوم: ئه‌و هێزه‌ی هێرشی کرده‌ سه‌ر خانه‌سور له ‌شه‌نگال هێزێکی کوردی نین، به‌ڵکو چه‌ته‌ن، ئێمه‌ وه‌ک پژاک هیچ وه‌ختێک ناتوانین ڕه‌خنه‌ له ‌هێزه‌کانی ( یه‌بەشه‌ و هه‌په‌گه‌ و یه‌ژاستار )بگرین دیمه‌نه‌که‌ لەبه‌ر چاوه،‌ ساڵی ٢٠١٤ که‌ چۆن هێزه‌کانی هه‌په‌گه‌ و یه‌ژاستار ژن و پیاوانی شه‌نگالیان ڕزگار کرد و توانیان ده‌رچه‌یه‌ک بکه‌نه‌وه‌ بۆ ڕۆژئاوا هێزه‌کانی (یه‌په‌گه‌ و هه‌په‌گه‌ )ده‌یان شه‌هیدیان دا له‌و پێناوه‌ تا زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئێزیدی ڕزگار بکه‌ن له‌ قڕکردنێکی به ‌کۆمه‌ڵ، ئیدی هێزه‌کانی بەرخۆدانی شه‌نگال به ‌ئیراده‌ی گه‌لی ئێزیدی دروست بووە، ئیدی خه‌ڵکی شه‌نگال باوه‌ڕی به‌ هێزی ده‌ره‌کی نه‌ما، له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش هێزه‌کانی (یه‌به‌شه‌ )ئافرێنرا و ئه‌وانه‌ی شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی یه‌به‌شه‌ و هه‌په‌گه‌ له ‌خانه‌سور هەڵگیرساند، هیچ په‌یوه‌ندیەکیان به‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ نییه‌، ئه‌و هێرشانه‌ی له‌ منبیج و هه‌رێمه‌کانی پاڕاستنی مەدیا و شه‌نگال به‌رێوه ‌ده‌چێت له‌ چوارچێوه‌ی پلانێکی ده‌وڵه‌تی تورکه، کە‌ ده‌خوازێت ئه‌و پیلانه‌ به ‌ده‌ستی هێزه‌ به ‌ناو کوردییه‌کان جێبه‌جێ بکات، بۆیە گرنگه‌ گه‌لی کورد له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و پیلانانه‌ هۆشیار و خاوه‌ن هه‌ڵوێستێکی توند بێت ڕێگه‌ نه‌دات ئه‌م  پیلانانه‌ به ‌ئه‌نجام بگات. 


-دواین پرسیار، په‌یام و بانگه‌وازیتان بۆ جه‌ماوه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان چیە؟.

 

"پێویسته‌ هەموو شوێنێک بکه‌ینه‌ جێگای چالاکی و خۆئامادەکردن بۆ شۆڕش"

 

شه‌روین مەزڵوم: پەیامم به ‌تایبه‌ت بۆ گەلی کورد و بەتایبەت گه‌لی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئەوەیە، ئێمه‌ به‌ ‌قۆناغێکی زۆر هه‌ستیاردا ده‌رباز ده‌بین، هه‌م هێرش بۆ سه‌ر گه‌لەکەمان له‌ شه‌نگال و هه‌میش شه‌ڕی کوردکوژی، له ‌هه‌مانکاتدا چڕبوونه‌وه‌ی هێرشه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورک بۆ سه‌ر گه‌لەکەمان له‌ باکوری کوردستان و هه‌ر چوارپارچه‌ی کورستان،  ئێمه‌ وه‌ک گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێویسته‌ هەموو شوێنێک بکه‌ینه‌ جێگای چالاکی و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن و شوێنی خۆ به ‌ڕێکخستن و خۆ ئاماده‌کردن بۆ شۆڕش، ئیدی پێویسته‌ کاته‌کانی ٤ی نیسان بکه‌ینه‌ ڕۆژی وه‌ڵام بۆ هه‌موو ئه‌و گوشار و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌سه‌ر گه‌له‌که‌مان به‌ڕێوه‌ده‌چێت له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان،‌ هه‌ر ئه‌رکێکیش بکه‌وێته‌ سه‌ر ئێمه‌ وه‌ک (پژاک ) ئاماده‌ین بۆ له ‌ئه‌ستۆ گرتنی.

 


ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin