ڕۆژنیوز- ئاشتی ئەحمەد
ژنێكی ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز بەپێ لە شاری سلێمانییەوە بەڕێكەوتووە، بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی نەورۆز بەهەموو ئەو هێزانەی پارێزگاری لەشاری كەركوك دەكەن، دژی چەتەكانی داعش.
ڤێنا كەمال، ژنە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی، ئێواری ئەمڕۆ گەیشتە مۆنۆمێنتی ئەنفالی چەمچەماڵ و تاجە گوڵینەی لەسەر مەزاری شەهیدان دانا.
دواتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا باسی لەوە كرد، ئەمڕۆ لەشاری سلێمانییەوە بەڕێكەوتووە و تا ئێواری ئەمڕۆ گەیشتووتە مۆنۆمێنتی ئەنفالی چەمچەماڵ، سبەینێ دەست بەرۆشتنی دەكاتەوە تا دەگاتە شاری كەركوك و لای هێزەكانی پێشمەرگە و سەرجەم هێزەكانی دیكە كە پارێزگاری لەشاری كەركوك دەکەن لە دژی چەتەكانی داعش، بۆ ئەوەی دەستخۆشیان لێبكات و شرینی جەژنیان پێبدات.
لای خۆیشییەوە لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا هابیل ئەحمەد بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفالی چەمچەماڵ هەڵوێستەكەی ئەو ژنە ڕۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنییەی بەرز نرخاند و بەكارێكی پیرۆزی لەقەڵەم دا، چونكە ئەوەی خستەڕوو، كە خزمەتكردن بەهێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان ئەركی هەموانە و لەسەر هەموان پێویستە.
ڤێنا كەمال وەك ژنێكی ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی، ئەمە یەكەم چالاكی نییەو لەڕابردوودا چەندین كاروچالاكی ئەنجامداوە، یەكێك لەچالاكییانەی تاشی سەری بوو، وەك هاوسۆزییەك بۆ ئەو كەسانەی توشی نەخۆشی شێرپەنجەبوون لەنەخۆشخانەی هیوای سلێمانی.
د.خ