ڕۆژنیوز – بەرهەم لەتیف
بەئامادەبوونی سەدان کەس، ئەمڕۆ لە شارۆچکەی کەلار، بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ئاهەنگێک لەسەر قەڵای شێروانە ڕێکخرا.
کاتژمێر پێنج-ی ئێوارەی ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لەلایەن هەرسێ بەڕێوەبەرایەتی گەشت وگوزار و ڕۆشنبیری و هونەر و شارەوانییەکانی گەرمیان-شارەوانی کەلار، بەئامادەبوونی هەزاران کەس و بەرپرسانی حکومی و حزبی، ئاهەنگێکیان بۆ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی ٢٠١٧ ی کوردی ڕێکخست.
ئاهەنگەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لەخوێنی شەهیدان دەستپێکرد، دواتر لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و نوێنەرانی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان، ئاگری نەورۆز داگیرسێنرا.
پاشان، سەلاح کوێخا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وتەیەکی پێشکرد و وتی:"هیوادارم ساڵی نوێی کوردی، ببێتە وەرچەرخانێک لە هەرێمی کوردستان، کە لەوەتەی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلەکەمان هەیە، خەباتی کردووە و قوربانی داوە".
هەروەها، وتیشی:"ناوچەکە بەرەو لەدایک بوونێکی نوێ هەنگاو دەنێت، بێگومان لەدوای شەڕی چەتەکانی داعش، گۆڕانکاری نوێ هەم لە ناوچەکە هەم لە عێراق دێتە ئاراوە، ئەگەر حزبە کوردستانییەکان و پێکهاتەکان یەکگرتوونەبن، ناتوانین ئەو ئامانجەی کە خەباتمان بۆ کردووە وەک پێویست بەدی بهێنین".
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، باسی لەوەش کرد:"وەک چۆن لە گەرمیان نوێنەرانی زۆربەی حزبەکان دەست لەناودەست ئاگری نەورۆزمان کردەوە، دەبێت بەوشێوەیەش حزبەکان و گەلەکەمان یەکگرتووبن دژ بە دوژمنان".
ئاهەنگەکە بە هەڵپەڕکێ و شادی و خۆشی دەربڕین، تا درەنگانێکی ئێوارە درێژەی هەبوو، چەند هونەرمەندێکی نەوچەکەش گۆرانی و بەرهەمی هونەرییان پێشکەش کرد.
د.خ