Smiley face
Smiley face
Smiley face

لە خانەقین سێ مەشخەڵی ئاگری نەورۆز داگیرسێنران

2017-03-20 19:56:10



 خانەقین: ئەمیر خانەقینی

 

بە بەشداری سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكانی شارۆچكەی خانەقین، مەشخەڵی ئاگری نەورۆز داگیرسێنرا.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، هاوشێوەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان، لە شاری خانەقینشی ئاگر نەورۆز داگێرسێنرا و جەژنی نەورۆز پیرۆز کرا.

 

 

سەرۆكی شارەوانی خانەقین سۆران حەسەن، بە رۆژنیوزی ڕاگەیاند:"چەند ڕۆژێكە لە خۆئامادە بوونداین بۆ بەرز ڕاگرتنی جەژنی نەورۆز، بۆ ئەو مەبەستەش چەند هەڵمەتێكی پاكردنەوەمان ئەنجامدا لە شوێنە گەشتیارییەكان و  ئێوارەی ئەمڕۆش لە سێ شوێنی جیاواز لە شارۆچكەی خانەقین مەشخەڵی ئاگری نەورۆزمان داگیرساند، مەشخەڵی  ناوەندی  نەورۆز لە پاركی تۆژەڵە لەسەنتەری شارۆچكەی خانەقین داگێرساند بە ئامادە بوونی سەرجەم پێكهاتەكانی خانەقین".

 

 

سەرۆكی شارەوانی خانەقین دەشڵێت:"ئاهەنگی  جەژنی نەورۆز لە خانەقین تاموچێژێكی جیاوازی هەیە، چونكە بە پەرۆشەوە جەژنی نەورۆز دەگێڕین بە بەشداری پێكهاتەكانی خانەقەین كە بریتین لە كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحییەكان".

 

ماجد شالیار هونەرمەند شێوەكاری شارۆچكەی خانەقین بە ڕۆژی نیوزی وت:"جیاواز لە ناوچەكانی تر, جەژنی نەورۆز لە خانەقین تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونكە سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكانی شارۆچكەی خانەقین بەبێ هیچ جیاوازییەك بەشداری  لە جەژنی نەورۆز دەكەن, تەنانەت عەرەب و توركمانەكانیش وەكو كوردەكانی دانیشتوی خانەقین جلی كوردی لەبەردەكەن و بەشداری لە داگیرساندنی مەشخەڵی ئاگری نەوروز دەكەن ڕۆژی  نەورۆزیش بۆ سەیران روودەکەنە دەشتودەر".

 

 

ماجد شالیار دەشڵێت:"جیاوازی نەورۆزی ئێستا لەگەڵ پێش ڕووخاندنی رژێمی بەعس لە وەدایە لە ڕابردوودا وەكو بەرەنگاربوونەوەی بەعس تایەی ئۆتۆمبێلمان داگیرساند، هەرچەندە زیانی هەبووە بۆ ژینگە، بەڵام ئەوكارەمان دەكرد، چونكە بەعس ئاگری نەورۆزی قەدەغە دەكرد و بە ئاگر كوژێنەوە دەگەڕان بۆ كوژاندنەوە ئاگری نەورز لە گەڕەكەكان، بەڵام لە ئێستادا بە ئازادانە ئاگری نەوزۆز دەکەینەوە".

 

رێزان عەبدولعەزیز، مێژووناسێکی شارۆچكەی خانەقینە، لە بارەی نەورۆزی خانەقین بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتی:"یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی جەژنی نەورۆز لە خانەقین كە لە هیچ ناوچەیەكی تر بەدی ناكرێن ئەوەیە کە  پێش هاتنی جەژنی نەورۆز بە هەفتەیەك, هەموو منداڵانی گەڕەكەكان خۆیان ئامادە دەكەن بۆ رۆژی پێش نەورۆز و  ئێوارەی  پێش نەورۆز پاش داگیرساندنی ئاگری نەورۆز، منداڵانی گەڕەكەكان كۆ دەبنەوە، یەكێك لە منداڵەكان دەبێتە سەرپەرشتیاری گروپی منداڵەكان و دواتر دەرۆن بۆ بەر دەرگای یەك بە یەكی هەموو ماڵەكانی گەڕەكەكە، دواتر سەرپەرشتیاری گرووپی منداڵەكان بە ئاوازێكی خۆش نزا بۆ سەرجەم ئەندامانی ئەو ماڵە دەڵێن، منداڵەكانیش هەموویان بەدەنگی بەرز دەڵێن ئامین".

 

 

نزای منداڵەكان بریتییە لە:

 

ئەم شەو ئوەڵ نەورۆزە

خێر وەی ماڵە پیرۆزە

خودا باوگی نەكوشد

خودا داڵكی نەكوشد

خودا كوڕی نەكوشد

خودا دوێتی نەكوشد

 

پاش وتنەوەی دوعاكە خاوەنی ماڵەكە خەڵاتی پارە و شیرینی دابەش دەكات بەسەر منداڵەكان و دواتر لەلایەن ئەو منداڵەی كە بووە بەسەرپەرشتیاری گروپەكە  خەڵاتە كۆكراوەكان دابەش دەكرێت بەسەر منداڵەكان .

 

د.خ

 

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin