Smiley face
Smiley face
Smiley face

نەورۆز لە هەڵەبجە پیرۆز كرا ... بەوێنە

2017-03-20 19:30:43



ڕۆژنیوز - جیهاد هەورامی

 

لەهەڵەبجە بەبۆنەی هاتنەوەی وەرزی بەهار بە كردنەوەی ئاگر و ئاهەنگی گۆرانی و میوزیك و هەڵپەڕكی جەژنی نەورۆز پیرۆز كرا، قایمیقامی شارەكەش دەڵێت: هیودارین نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە هەوێنی ئاشتی و سەقامگیری هەر چوار پارچەی كوردستان.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە نزیك سەیرانگای عەبابەیلێ‌ بەچاودێری قایمقامی قەزای ناوەندی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر و بەهاوكاری سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە، بەئامادەبونی ژمارەیەكی زۆر لەهاوڵاتیانی شارەكە ئاهەنگێك بەبۆنەی جەژنی نەورۆز لەنزیك سەیرانگای عەبابەیلێ‌-ی هەڵەبجە بەڕێوەچوو.

 

سەرەتای مەڕاسیمەكەش بە خولەكێك ڕاوەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێ‌ كرد، پاشان ئاهەنگی گۆرانی و هەڵپەڕكێ‌ دەستی پێ‌ كرد و پاشان ئاگری نەورۆز كرایەوە و دواتر بەردەوامی درا بە ئاهەنگەكان و هاوڵاتیانیش بەجلی ڕەنگاوڕەنگی كوردیەوە بەشداری ئاهەنگەكەیان كرد.

 

 

نوخشە ناسیح، قایمقامی قەزای ناوەندی هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:"لەم ڕۆژە نەتەوەییەدا ڕێز و سڵاو دەنێرین بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان كە ئەركی پاراستنی نیشتیمانیان لەئەستۆ گرتوە و نەورۆز ببێتە هەوێنی ئاشتی و ئاشتەوایی لەهەر چوار پارچەی كوردستان، هەر بۆیە بەباشمان زانی بەبۆنەی نەورۆز و یادەكانی ڕاپەڕینەوە ئاهەنگێكی گۆرانی و هەڵپەڕكێ‌ ساز بكەین و خۆشی و شادی بخەینە سەر لێوی هاوڵاتیانی شارەكەمان".

 

 

نوخشە ناسیح، وتیشی:"ئەمە لەكاتێكدایە ئێمەی هەڵەبجەیی ماوەیەك پێش ئێستا یادی تاوانێكی جینۆسایدی شارەكەمان كردەوە، ئێستاش بەبۆنەی نەورۆزەوە ئاهەنگ دەگێڕین ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ژیان بەردەوامە و هاوڵاتیانی ئەم شارە پێویستیان بەخۆشی و شادی هەیە و بەو هیوایەن لەداهاتویەكی نزیكدا ئەم قەیرانی دارایی و سیاسی و سەربازیە نەمێنێت و شادی و خۆشی ڕو بەكاتە تەواوی خەڵكی كوردستان".

 

هاوڵاتیەكی بەشداربوی ئاهەنگەكە بەناوی كاوە حەمەكەریم، ئەوە بە ڕۆژنیوز وت:"بەبۆنەی هاتنەوەی نەورۆزی كوردان، پیرۆزبایی خۆمان لەتەواوی كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان دەكەین و هیواخوازین ئەم نەورۆزە ببێتە هۆی ڕزگار بونی تەواوی كوردستان لەژێر دەستی داگیركەران و لەخۆشی و شادی بژین".

 

 

كاوە، وتیشی:"هەر چەندە هاوڵاتیان بەهاتنی نەورۆز دڵخۆشن، بەڵام لایەنە سیاسی و دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێم دەتوانن بەنزیك بونەوە لەیەكتر و چارەسەركردنی قەیرانەكان ئەم خۆشیە زیاتر بكەن و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی بۆ تەواوی شار و شارۆچكەكانی باشوری كوردستان بگەڕێننەوە و ئەو شەڕ و ئاڵۆزیەش كە ئێستا لەناوچەكەمان هەیە بەئاشتی و ئاشتەوایی كۆتایی پێ‌ بێت و جارێكی تر نەهامەتی بەرۆكی گەلەكەمان نەگرێتەوە".

 

 

 

 

 

 

د.خ

 

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin