دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئاگری جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی لە شارۆچکەی سەیدسادق، لەسەر شاخی سەیدسادق کرایەوە کە ژمارەیەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیان و چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵکی سەیدسادق ئامادەبوون.
دیاری ڕەفیق، قایمقامی شارۆچکەی سەیدسادق بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، بەبۆنەی هاتنی بەهار و جەژنی نەورۆزو سەری ساڵی کوردییەوە، بەگرنگمان زانی کە ئێمەش هاوشێوەی شاروشارۆچکەکانی تری هەرێمی کوردستان لەسەر شاخی سەیدسادق کە یەکێکە لە شوێنە مێژوییەکانی ناوچەکە ئاگری نەورۆز بکەینەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەخوازین ئەم بۆنە نشتیمانییە ببێتە هۆکارێک بۆ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی گەلی کوردو کۆتای هێنان بە ناکۆکی و کێشەکان و باشتر کردنی دۆخ و گوزەرانی هاوڵاتیان.
ڕۆشنا عەلی، یەکێک لە هاوڵاتیانی سەیدسدق و بەشداربووی ئاهەنگەکە بەڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:"هەست بە خۆشییەکی زۆر ئەکەم کە ئەمڕۆ بەشدای ئاهەنگی سەری ساڵی کوردی و جەژنی نەورۆز دەکەم، بۆیە هیوادارم لە جەژنەدا بەرپرسانی ئەم هەرێمە ئاوڕێکی جدی لە خەڵکی بدەنەوەو گرفتەکانمان چارەسەر بکەن.
ئەو هاوڵاتییەی شارۆچکەی سەیدسادق وتیشی:"جێگەی خۆیەتی کە گەلی ئێمەش لە هەرچوارپارچەکەی کوردستان یەکدەنگ و یەک ڕیزبن بەرامبەر بەو پلانانەی کە داگیر کەران بۆدژایەتی گەلەکەمان دایان ڕشتووە.
د.خ