Smiley face
Smiley face
Smiley face

دوو یاداشتنامە سەبارەت بە ڕەوشی کرێکاران ئاڕاستەی سەردار قادر کرا

2017-03-20 15:09:58



ڕۆژنیوز - ڕێزان محەمەد

 

سەندیکای کرێکاران کوردستان و سەندیکای بیناسازی لەسەر ڕەوشی هەندێک لە کرێکارانی سنوری پارێزگای سلێمانی هاتنە دەنگ و دوو یاداشتیان ئاڕاستەی سەردار قادر، لەبری پارێزگاری سلێمانی کرد.

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە بینای پارێزگای سلێمانی هەریەکە لە سەندیکای کرێکاران کوردستان و سەندیکای بیناسازی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەشیان ئەنجامدا، تیایدا دوو یاداشتنامەیان سەبارەت بە رەوشی کرێکاران ئاڕاستەی سەردار قادر، لەبری پارێزگاری سلێمانی کرد.

 

 لوقمان عومەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند:"لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە کارگەی سوپر ستیل بۆ تواندنەوەی ئاسن دوو تەقینەوە ڕوویانداوە کە بەهۆیەوە دوو کرێکار گیانیان لەدەستداوە و حەوت ی تریش برینداربوون".

 

 

وتیشی: ئێمە وەک سەندیکا بەهۆی ئەو ڕووداوانە و بایەخ نەدان بە سەلامەتی تەندروستی کرێکاران داوای داخستنی کارگەی ناوبراو دەکەین، هەروەک داواش لە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لە سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دەکەین، کە هاوکارمان بن بۆ بەدواداچوون  و هۆکارەکانی ئەم ڕووداوە.

 

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، عوسمان حمە سەعید،  لێپرسراوی سەندیکای بیناسازی لە پارێزگای سلێمانی یاداشتی سەندیکاکەیانی خوێندەوە، کە  تایبەت بوو بە کێشەی کرێکارانی کۆمپانیای لاڤارج، لە یاداشتەکەدا داوای لە پارێزگاری سلێمانی کرد کە هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ٥٧ کرێکارەی کە کە کارگەی چیمەنتۆی یەکگرتوو(تاسڵوجە) ئیزنی داون، کرێکارەکانیش مانیان گرتووە.

 

 

لێپرسراوی سەندیکای بیناسازی، ڕایگەیاند: ژیانی کرێکارانی هەرێمی کوردستان لە مەترسییدایە، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا  زیاتر لە ٢٣٠ کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.

 

لە بەشێکی تری کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا، تروسکە ئاسۆ، نوێنەری کرێکارانی کۆمپانیای لاڤارج  جەختی لە بەردەوامی مانگرتن و ناڕەزایەتیەکان کردەوە تا مافە دارایی و مافە یاساییەکانی تریشیان پێدەدرێت، وتیشی:خۆپیشاندانەکان ڕادەگرین تاوەکو وەڵامی ئەو داواکاریەمان دێتەوە.

 

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin